هێزەکانی سوریای دیموکرات پێدهنێنه قۆناغی کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەیان بۆ وەدەرنانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە دوایین پێگەی ژێردەستی گروپەکە لە پارێزگای دێرە زوور، بەرپرسانی سەربازی رایانگەیاند.
ئەندامە ماوەکانی داعش لە ناوچەیەکی بچوكدا گیریانخواردووە لە قەراغ شارۆچکەی باهۆز فەوقانی (باهۆزی سەروو) و ئەو مەدەنیانهی بۆ ئهم ناوچهیه ههڵهاتبوون وەكو قەڵغانی مرۆیی لەدژی پێشڕەوی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەکاردەهێنن.
بەرپرسێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات، فەرهاد خۆجە، پێنجشەممە (14 کانونی دووەم) بە دیارونای وت شەڕی وەدەرنانی داعش لە دەوروبەری دێرە زووری نزیك سنووری عێراق لە قۆناغی کۆتاییدایە.
وتیشی: "ئەندامانی داعش بەرەو ناوچەیەکی بچوك پاشەکشەیان کردووە کە لە رووبەری یەك کیلۆمەتر چوارگۆشە زیاتر نیە لە قەراغ شارۆچکەی باهۆز فەوقانی."
هەروەها وتی ناوچەکە، کە دەکەوێتە نێوان گەڕەکی شێخ حەمەد و نازل سەریریین لە باکورەوە، کەمپێکە یان چەند كۆمهڵه کەمپێکن بۆ ئەو خەڵکەی لە شەڕەکە هەڵهاتوون، لەنێویاندا مەدەنی و خێزانی ئەندامانی داعش.
خۆجە وتی نیگەرانی ژیانی ئەو ژمارە زۆرەی مەدەنیان پێشڕەوی هێزەکانی سوریای دیموکراتی خاوکردۆتەوە، ئەوە سەرەڕای ژمارەی زۆری نیشانگرانی داعش و مین و ئەگەری هێرشی خۆکوژی زیاتر.
وتیشی ژمارەی هێرشه ئاسمانییهكان کەمیکردووە بەهۆی ژمارەی مەدەنیانهوه و ئێستا هێرشی ئاسمانی سنووردارکراوە بۆ هێرشی دەقاودەقی بەئامانجگرتنی سەرکردە و ئەندامانی داعش لەو ناوچانەی کە دهزانرێت داعش بوونی ههیه تێیاندا.
شەڕی کۆڵان بەکۆڵان
خۆجە وتی لەم رۆژانەی دواییدا شەڕهکە بۆتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان کە زۆربەی پێکدادانەکان لە مەودای لێکنزیکدا روویانداوە.
وتیشی: "هێزەکانی سوریای دیموکرات شەو و رۆژ بەردەوامن لە پێشوازیکردن لەو خەڵکەی لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکان هەڵدێن." ئاماژەشی دا بەوەی "پەیامیشیان ناردووە بۆ ئەوانەی ماونەتهوە تا ناوچەکە بەجێبهێڵن و لەمەترسی بێنە دەرەوە."
هەروەها وتی دەیان ئەندامی داعش خۆیان رادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە و بۆ کەمپی تایبەتی بردراون کە بۆ ئەو مەبەستە دروستکراون.
خۆجە وتی ئەو تیمانەی پرۆسەی گواستنەوە بەڕێوەدەبەن پەنجە مۆر و سکانی گلێنەی چاو وەردەگرن.
رونیشیکردەوە كه ئامانج لەوە دڵنیابوونەوەیە لە ناسنامەی ئەوانەی لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکان هەڵدێن و دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئەندامانی داعش لەناو مەدەنیە هەڵهاتووەکاندا نین و جیاکردنەوەی شەڕکەرانە لە دانیشتوانی نێوخۆیی.