هێزەکانی عیراق 25 شوێنی حەوانەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)یان سوتاند لە پارێزگای دیالە وەك بەشێك لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی فراوان بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانی گروپەکە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە چوارشەممە (17 تشرینی یەکەم) رایگەیاند.
بڵاوکراوە ناوخۆییەکان رایانگەیاند دوو ئەندامی داعشیشیان کوشت کە یەکێکیان فەرماندەی سەربازیی گروپەکە بوو لە دیالە، ئەو پیاوەی ناسرابوو بە ئەبو دوحا.
فەرماندەی ئۆپەرسیۆنەکانی دیالە، فەریق مەزهەر عەزاوی بە دیارونای وت: "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان سێشەممە دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی بنکەفراوان لە جەلەولا، خانەقین، قەرەتەپە، حەمرین، جەبارە و سلێمان بەگ."
وتی ئەو ناوچانە لە باکور و خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالەن.
وتیشی ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجامدەدرێت لەلایەن هێزەکانی سوپا و پۆلیسی ناوخۆییهوه بە پاڵپشتی فڕۆکەوانیی هێزی ئاسمانیی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
عەزاوی وتی نوسینگەی سەرۆکی ئەرکانی سوپا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان "رێنمایی و سەرپەرشتی راستەوخۆی دەکەن".
وتی ئۆپەراسیۆنەکە ئامانجێتی "هەر ئەندامێکی تیرۆریستی یان حەشارگەیەك تێکبشکێنێت و ناوچەکە پاکبکاتەوە لە [پاشماوەکانی داعش]".
ئاسایشی باشتر
وتی لەکاتی یەکەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزەکانی عێراق "ئاکامی سەرنجڕاکێش"یان بەدەستهێنا و ئاماژەیکرد بەوەی 25 شوێنی حەوانەوە تێکشکێنران کە چەك و بۆمبی هەستیاری سیفۆڕ (C-4) و خۆراکیان تێدابوو.
عەزاوی وتی هێزەکانمان 20 بۆمبی دەستکردیشیان دۆزیوەتەوە کاتێك ناوچەکەیان کنەکردووە، بەتایبەتی لە ناوچەی دەوروبەری دەریاچەی حەمرین.
وتیشی: "فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش چەندین ئامانجی تیرۆریستانیان لە حەمرین تێکشکاند."
ههروهها وتی: "هێشتا ئەرکەکە تەواونەبووە و پێویستی بە کاتێکی زۆرە. بەردەوامین لە شوێنپێهەڵگرتن و هەڵکوتانەسەر پێگەکانی تیرۆریستان و لەناوبردنی پاشماوەکانیان."
عەزاوی وتی: "ئەمڕۆ پارێزگای دیالە سەلامەت و پارێزراوە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانمانەوە." ئاماژەشیکرد بەوەی دۆخی باشتربوو بەمدواییانە بۆتە هۆی لابردنی قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە کە پێشتر چەند ساڵێك بوو لە پارێزگاکە هەبوو.
وتیشی: "خەڵك هەست بە ئارامی دەکەن چونکە ژیانی ئاسایی خۆیان دەژین و کاروباری رۆژانەی خۆیان جێبەجێدەکەن."