هێزەکانی عێراق پێنجشەممە (10 ئەیلول) ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە ناوچەکانی دهوروبهری پارێزگای دیالە.
یەکەکانی سوپا بە پشتیوانی ئاسمانی عێراق دەستیانکرد بە پاککردنەوەی ناوچهی روباری زور لە دیالە، دوای ئەوەی هێرشەکان بۆسەر ئامانجە مەدەنی و سەربازییەکانی پارێزگاکە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووهوە.
دوو رۆژ پێشتر، هێزەکانی سوپا هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینی فراوانیان ئەنجامدا بۆ حەشارگەکانی داعش لە نزیک شارۆچکەکانی جەلەولا و سەعدیە، ناوچەی باشوری خانەقین و حەوزی روباری وەند.
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق بۆ دیالە، عەبدولخالق عەزاوی بە دیارونای وت هێزە ئەمنییەکان هەوڵەکانیان لە دژی داعش چڕترکردۆتەوە، بە ئەنجامدانی سێ ئۆپەراسیۆن کە لە ماوەی 10 رۆژدا بهرپاكراون.
وتی: "ئۆپەراسیۆنەکان سەرنجیان خستۆتە سەر شار و شارۆچکەکانی دەوروبەر کە هێرشی تیرۆریستی زۆرتریان بەخۆوەبینیوە. "
وتی زۆربەی ئەو ناوچانە، بەتایبەتی باکوری موقدادیە، قەرە تەپە، عەزیم و حەوزی حەمرین، چەند ساڵێک پێش ئێستا لە دەستی داعش ئازادکران، "بەڵام بەتەواوی لە تیرۆریستان پاکنەکراونەتەوە".
عەزاوی وتی ئەو ناوچانە سەرنجی پاشماوەکانی داعش رادەکێشن چونکە بەجێهێڵراون و ئەشکەوت و دۆڵ و ناوچەی چڕی گژوگیایان لێیە کە چەکداران دەتوانن خۆیانی تێدا حەشاربدەن.
وتی چەکداران سوود لە نهبوونی دانیشتوان دەبین لە دەیان گوندی کشتوکاڵی کە دەکەونە نێوان پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین.
وتیشی بەردەوامیی ئاوارەبوونی دانیشتوانی ناوچەکە رێدەدات بە پاشماوەکانی داعش "بەبێ چاودێری بجووڵێن و کەلێن[ی نوێ] بکەنەوە بۆ دزەکردنە ناو شارەکان و هەڕەشەکردن لە ئەمنیەتیان".
عەزاوی وتی زۆربەی یەکە ئیدارییهكانی دیالە کامێرای گەرمۆکیان لێدانراوه، کە "ئامێرێكی پێویستە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەمنیەت و رووبەڕووبوونەوەی دزەکردنی تیرۆریستییەکان".
وتی بەڵام پێویستە هێزی زیاتر لەو ناوچانە جێگیربکرێن، هەروەها پێویستە ئەو فەوج و لیوایانەی ناوچەکەیان بەدەستەوەیە چەکی پێشکەوتوو لهگهڵ پشتیوانی تەکنیکی و لێکۆڵینەوەیان بۆ دابینبکرێت.
عەزاوی جەختیکردەوە کە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە بەردەوامەکان "ویستی حکومەت دەردەخەن بۆ لەناوبردنی هەڕەشە تیرۆریستییەکان، کە روو لە زیادبوونن".