زنجیرەیەك ناوچەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن کەوتنەوه دەست رژێم رۆژی یەکشەممە (1 تەمموز) كاتێك هێزهكانی رژێم دهستیانگرت بهسهر ناوچهی زیاتردا بهگوێرهی رێککەوتنێك كه لەلایەن روسیاوە سەرپەرشتیکرا، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند.
روانگەکە رایگەیاند كه گفتوگۆی نێوان گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن و بەرپرسەکانی ناوچەکە و روسیای هاوپەیمانی رژێم گهیشت به رێککەوتنێك بۆ رادەستکردنی چوار گوند و شارۆچکەیەك لەسەر سنووری ئەردەن، کە دەسەڵاتی رژێمی بەسەر پارێزگای دەرعادا بۆ لهسهدا 60 زیادکرد.
بەڕێوەبەری روانگەکە رامی عەبدولڕەحمان وتی ئێوارەی شەممە، رێککەوتنێکی ئاگربەست بووە هۆی ئارامییەکی كاتی لە زۆربەی بەرەکاندا، بەڵام پێکدادان لە ناوچەیەك روویدا و لانیکەم 17 چەکداری لە هەردوولا کوشت.
رژێم بەردەوامە لە سەندنەوەی خاك لە ئۆپۆزسیۆن لە دەرعا لەوکاتەوەی توندوتیژی دەستیپێکردەوە نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر، بەجۆرێك روسیا هاتەناوەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی زنجیرەیەك رێککەوتن بۆ گرتنەوەی شارۆچکەکان لەدەستی ئۆپۆزسیۆنی گەمارۆدراو.
روانگەکە رایگەیاند كه رێککەوتنەکەی یەکشەممە چوار گوند و شارۆچکەی بوسرا شامی لەخۆگرتبوو، هێزەکانی رژێمی چەند کیلۆمەترێك نزیکخستەوە لە سنووری ئەردەنەوە.
بەگوێرەی روانگەکە تائێستا 132 مەدەنی، لەنێویاندا 25 منداڵ، کوژراون لەدوایین شەڕەکانی دەرعادا.
لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن رێککەوتنەکانیان رەتکردۆتەوە.
لە بەیاننامەیەکی دووشەممەدا، نیوە مەدەنیەکەی شاندی ئۆپۆزسیۆن وتیان لە گفتوگۆکان کشاونەتەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەمڕۆ ئامادەی دانوستان نەبووین. بەشێك نەبووین لە رێککەوتن و هەرگیزیش نابین."
روانگەکە دووشەممە رایگەیاند کە دووبەرەکی هەبووە لەنێو گروپەکانی ئۆپۆزسیۆندا دەربارەی ئەوەی ئاخۆ بەو مەرجانە رازی بن روسیا دایناوە یاخود نا.
هەزاران ئاوارەبوون
نەتەوە یەکگرتوەکان دووشەممە رایگەیاند 70,000 کەس بەهۆی شەڕەوە لە باشور ئاوارەبوون.
وتەبێژی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کۆمسیاری باڵای ئاوارەکان لە عەممان محەمەد هاواری وتی: "واپێشبینیمان دەکرد ژمارەی ئاوارەکان لە باشوری سوریا بگاتە 200,000، بەڵام لەئێستاوە 270,000 ی تێپەڕاندووە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا."
عەبدولڕەحمان وتی رژێم و روسیا فشاردەکەن بۆ رێککەوتنێك کە وابکات هێزەکانی رژێم سنووری دەروازەی نەسیب لەگەڵ ئەردەن بەدەستبهێننەوە.
وتی روسیا هەوڵی رادەستکردنەوەی چەکی قورس و مامناوەند دەکات لەگەڵ جێگیرکردنی پۆلیسی سەربازیی روسیا و پۆلیسی سوریا بۆ نێو ئەو شارۆچکانهی لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە دەگیرێنەوە.
رژێم قەبارەی خاکی ژێردەستی لە دەرعا زیاد لە دووهێندە کردووە لەوکاتەوەی فشاری سەربازی زیادکردووە، شەممە هەشت شارۆچکەی گرتەوە بەهۆی رێککەوتنێكهوه كه لهلایهن روسیاوه سەرپەرشتیکرا.
جۆردەن تایمز رایگەیاند یەکشەممە ئەردەن هاتەناوەوە بۆ رێگرتن لە دروستبوونی توندوتیژی زیاتر و شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەیی لەسەر سنوورەکەی، میانگیری گفتوگۆكانی کرد لەنێوان روسیا و ئۆپۆزسیۆندا بۆ ئاگربەست لە باشوری خۆرئاوا.
گفتوگۆکان شەممە شکستیان هێنا بەهۆی گرتنی خاکی زیاترەوە لەلایەن رژێمەوە.
سەرچاوە دبلۆماسیەکان رایانگەیاند گفتوگۆکانی یەکشەممە سەخت بوون، بەجۆرێك دانوستانکارانی ئۆپۆزسیۆن وتیان تەنیا رێککەوتنێك قبوڵدەکەن کە ئەردەن گهرەنتی بکات بۆ پاراستنی 800,000 مەدەنیەکەی پارێزگای دەرعا.
هەڵمەتی کۆمەك لهلایهن ئەردەنهوه
هاوکات جۆردەن تایمز رایگەیاند كه دانیشتوانی شارۆچکەکانی رەمسە و مەفرەق کۆمەك کۆدەکەنەوە بۆ ناردنیان بۆ ئاوارە سوریەکان.
دانیشتوانی رەمسە رایانگەیاند كه 30 لۆری کۆمەك چاوەڕوانی مۆڵەت بوون بۆ رۆیشتن بەرەو هەزاران سوری لەنێو وڵاتەکەیاندا لهنزیك سنوور.
دوای سەردانێکی یەکشەممە بۆ سەر سنوور، سەرەکوەزیرانی ئهردهن عومەر رەزاز هەڵمەتێکی نیشتمانیی راگەیاند بۆ کەمکردنەوەی ئازارهكانی خەڵکی سوریا.
رەزاز وتی هەڵمەتەکە لەلایەن رێکخراوی خێرخوازیی هاشمی ئەردەنیەوە سەرپەرشتی دەکرێت بە ئامانجی یەکخستنی هەموو هەوڵە فریاگوزاریەکان و ناردنی بەپەلەی کۆمەك بۆ "برایانی سوری لە وڵاتی خۆیاندا".