چالاکوانێکی ناوچەکە بە دیارونای وت پارێزگای دەرعای باشوری سوریا چاوەڕوانی جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتنی ئاگربەست دهكات کە لەلایەن روسیاوە سەرپەرشتی کراوە لەنێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەکە و رژێمی سوریا.
رێککەوتنەکە داوای راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی دەکات لەگەڵ رۆیشتنی ئەو چەکدار و مەدەنیانەی دەیانەوێت بڕۆن بەرەو پارێزگای ئیدلیب.
بەڵام چالاکوانی دانیشتوی دەرعا، جومعە مەسالمە، بە دیارونای وت لە کۆتایی هەفتەدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هێرشی فڕۆکەوانی و تۆپباران لە چەندین ناوچە بەردەوامبوون و رێککەوتنێکی گواستنەوە کە بۆ یەکشەممە (8 تەمموز) دانرابوو، بەشێوەیەکی کاتی دواخرا.
پێکدادان یەکشەممە بەردەوامبوو لە ناوچەكانی نێوان شاری دەرعا و ئوم مەیازین.
بەڕێوبەری روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، رامی عەبدولڕەحمان، وتی تەقەکردنی یەکشەممەی ئۆپۆزسیۆن لە کاروانێکی رژێم نزیك ئوم مەیازین لەسەر شاڕێگەی سەر دەروازەی سنووری ئەردەن چەندین سەربازی کوشت.
وتی دواتر و لەو رۆژەدا سێ مەدەنی لە هێرشێكی فڕۆکەوانیدا بۆ سەر ئوم مەیازین کوژران و دواتریش هێزەکانی رژێم دەستیانگرت بەسەر گوندەکەدا.
عەبدولڕەحمان وتی: "داگیرکاری سەربازیی ئوم مەیازین دوای ئەوە هات كه چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لەوێ رێكکەوتنەکەیان رەتکردەوە."
روانگەکە رایگەیاند كه هێرشێکی فڕۆکەوانی رژێم بۆ سەر نیوەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنی پایتەختی پارێزگای دەرعا مەدەنیەکیشی کوشت.
روانگەکە رایگەیاند كه لە درەنگانێکی یەکشەممەدا هیزەکانی رژێم کۆنترۆڵی بنکەی فڕۆکەوانی باشوری خۆرئاوای شاری دەرعایان کرد دوای ئەوەی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لەوێ کشانەوە.
ئاوارە مەدەنیەکانی سهر سنوور دهگهڕێنهوه
بەگوێرەی رێککەوتنامەی ئاگربەستەکە، هێزەکانی رژێم لەسەر سنووری ئەردەن جێگیردەکرێن، لەکاتێکدا چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن چەکە قورسەکانیان رادەستدەکەن.
روانگەکە رایگەیاند كه زیاد لە 60,000 ئاوارەی مەدەنی -- كه زۆربەیان بەهۆی شەڕی دەرعاوە ئاوارەبوون -- لە ناوچە سنورییەکەوە دەگەڕێنەوە.
رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئەردەن، ئەندێرس پیدەرسۆن، وتی تەنیا "نزیکەی 150 بۆ 200 کەس لەسەر سنوورهكهن لەئێستادا".
مەسالمە وتی: "ژمارهیهكی کەمیان لە قونەیترە ماونەتەوە و دەیانەوێت کەمێك چاوەڕوانبن پێش گەڕانەوە."
وتی بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە، رژێم گهرەنتی گەڕانەوەی مەدەنیەکان و رۆیشتنی ئەو مەدەنی و چەکدارانە دەکات کە نایانەوێت بمێننەوە، تا بڕۆن بۆ پارێزگای ئیدلیب لە باکور.
وتی نزیکەی 6,000 کەس دەیانەوێت ناوچەکە جێبهێڵن و ئاماژەیکرد بەوەش كه زۆربەی ئەو چەکدارانەی دەیانەوێت بڕۆن ئەندامی تەحریر شام و گروپە توندڕەوەکانی دیکەن.
گروپێكی سەر بە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ە كه هەندێك ناوچەی باشوری خۆرئاوای دەرعای لەژێردەستە، لە رێککەوتنی ئاگربەستهكه بێبەریکراوە.
مەسالمە وتی ژمارەیەك مەدەنی کە دەیانەوێت بڕۆن، به غیابی سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە و لهناو ئهوانهدا نین كه بهگوێرهی رێککەوتنەکه لێخۆشبوون دهیانگرێتهوه.
وتی هاوکات، "گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەکە خۆهەڵوەشاندنەوەیان راگەیاند لە ئامادەکارییاندا بۆ قۆناغی داهاتوو، كه هەندێکیان رۆڵیان دەبێت له هێزی پۆلیسی ناوخۆدا".
مەسالمە وتی سەرەڕای پشێویی بەردەوام، ئارامی باڵی بەسەر زۆرێك لەو ناوچانەدا کێشاوە کە گروپە چەکدارەکان چەکە قورسەکانیان رادەستکردووە وەك پێشەکیەك بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتنەکە.