شەپۆلێك هێرشی ئاسمانی کرایە سەر ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە باشوری سوریا پێنجشەممە (5 تەمموز) دوای ئەوەی رژێمی سوریا و هاوپەیمانەکانی توندترین هەڵمەتی بۆردومانیان ئەنجامدا لە ماوەی ئەو هێرشەدا كه 19 حوزەیران دەستیپێکرد.
هێرشەکە دوای ئەوە دەستیپێکردەوە کە چوارشەممە گفتوگۆکانی روسیا بۆ کۆتاییپێهێنانی شەڕەکە لە پارێزگای دەرعا شکستیانهێنا.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگهیاند كه نزیکەی 150 کەس مردوون لەوکاتەوهی هێرشەکە دەستیپێکرد و راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت 330,000 کەس ئاوارەبوون.
روانگەکە رایگهیاند كه دوێنێ شەو سەدان موشەك و بۆمبی بەرمیلی لەلایەن فڕۆکەکانی روسیا و سوریاوە تەقێنراون.
سەرۆکی روانگەکە رامی عەبدولرەحمان وتی بۆردومانەکە هەوڵێك بوو بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن دەستهەڵگرێت "دوای ئەوەی رەتیانکردەوە بە مەرجەکانی روسیا بۆ ئاگربەست رازیبن".
روانگەکە راشیگهیاند كه هێرشە ئاسمانیەکان بەردەوامن و شارۆچکەی تەفاسی باکوری رۆژئاوای پارێزگای دەرعایان کردۆتەوە ئامانج لەگەڵ شارۆچکە و گوندەکانی نزیك سنووری ئهردهن.
ههروهها رایگهیاند كه شەش مەدەنی کوژراون، لهنێویاندا ژنێك و چوار منداڵ، لە شارۆچکەی سەیدا کە هێزەکنای رژێم هەوڵیانداوە بیگرن.
روانگەکە راشیگهیاند كه هێزەکانی رژێم بۆ یەکەمجار لە سێ ساڵی رابردوودا بازگەیەکیان گرتووە لەسەر سنووری ئهردهن.
گفتوگۆکانی روسیا شکستیانهێنا
هێرشە توندەکە دوای ئەوە هات كه ئۆپۆزسیۆن چوارشەممە رایگهیاند گفتوگۆکانی روسیا بۆ خۆبەدەستوەدان لەڕێی دانوستانەوە بۆ کۆتایهاتنی شەڕەکە شکستیانهێنا.
زیاتر لە 30 شارۆچکە لە باشور پێشتر رازیبوون خۆبەدەستەوەبدەن و کۆنترۆڵی رژێمیان لە پارێزگای دەرعا بۆ لەسەدا 60 زیادکرد، دووجار زیاتر لهوەی لەدەستی رژێمدا بوو بەر لە هێرشەکە.
گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیە لەسەر ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن بوون لە دەشتەکانی رۆژئاوای پارێزگای دەرعا و نیوەی خوارووی پایتەختی پارێزگاکە.
دوای کۆبوونەوەکە لەگەڵ نوێنەری روسیا دوانیوەڕۆی چوارشەممە، فەرماندەیی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن له باشور رایگهیاند كه گفتوگۆکان شکستیانهێناوە لەسەر ئەو خاڵهی كه ئۆپۆزسیۆن دهبوو چەكە قورسەکانی رادەستبکات.
سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆن وتیان روسیا داوایکردووە یەکسەر چەکە قورسەکانیان رادەستبکەن بەیەکجار و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنیش دەیانەوێت بە چەند قۆناغێك رادەستیانبکەن.
هەروەها بهگوێرهی راپۆرتهكان روسیا داواکارییهكانی چەند چەکدارێکی ئۆپۆزسیۆنی رەتکردۆتەوە بۆ ئەوەی لە رێگای داڵانێکی پارێزراوەوە بیانگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە بەشەکانی دیکەی سوریا.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێنجشەممە لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی نائاساییدا لەسەر هێرشەکە کۆدەبێتەوە.