هێزەکانی عێراق لە 9 حوزەیراندا ئۆپەراسیۆنێکی بهرفراوانیان ئەنجامدا لە باشوری قەزای شەرگات لە پارێزگای سەلاحەدین، لە گەڕانیاندا بەدوای حەشارگەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا، قائیمقامی قەزاكه، عەلی دهودەح، دووشەممە بە دیارونای وت.
گەڕانەکە ناوچەکانی چیای مەکحول، چیای خانوکە، چیای نەمل، دورگەی ئیمام عەسکەر و چیای قەسر بینتی گرتەوە.
وتی یەکەی سەربازیی فراوان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدین، سوپا، پۆلیسی شەرگات و هێزە خێڵەکیەکان بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنە یەكرۆژییەیان کرد.
وتیشی هێزە ئەمنیەکان 15 بۆمبی دەستکردیان دۆزییەوە، زیاتر لە چیای خانوکە و نەمل، لەگەڵ شوێنێکی حەوانەوەی داعش لە ناوچەی قەسر بینت.
دهودەح وتی ئۆپەراسیۆنەکە بەشێکە لە "کردەیەکی ئەمنیی بەرپێگر" بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی تیرۆریستی، بەتایبەتی لە گوندەکانی نزیك بە چیا و گردەکان، کە ناوچەیەکی فراوان دەگرنەوە و تونێلی سروشتیشیان تێدایە.
لەنێو ئەم گوندانەدا گوندی سودەیرەی خواروو، بەرامبەر چیای نەمل هەیە، کەهێرشێکی تیرۆریستی بووە هۆی کوژرانی دەیان لە دانیشتوانی گوندەکە لە نیساندا.
دهودەح وتی هێزە ئەمنیەکان و خەڵکی ناوچەکە زۆرجار بەرپەچی هێرشهكان بۆ سەر گوندەکە دەدەنەوە لەلایەن ئەندامانی داعشەوە.
هێزێکی هاوبەشی پۆلیس و خێڵەکان یەکشەممە دوو بەلەمی تێکشکاند کە لەلایەن چەکدارەکانەوە بەکاردەهاتن بۆ پەڕینەوە لە روباری دیجلە و هێرشکردنە سەر گوندەکان
بەهێزکردنی ئەمنیەت لە رەمەزاندا
دهودەح وتی ئەم کردەی گەڕانانە بەشێکیشن لە "هەنگاوی بەهێزکردن" لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لە چەند هەفتەی رابردوودا.
وتیشی: "زانیاری هەواڵگرییمان بەدەستگەیشت دەربارەی نیازی تیرۆریستان بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆسەر قەزای [شەرگات] لە دوایین 10 رۆژی رەمەزاندا، کە هاوکاتە بە ساڵیادی داگیرکاریی داعش بۆ پارێزگاکە [لە 10 حوزەیرانی 2014]."
ههروهها وتی: "لەئێستادا هێزەکانمان لە ئامادەباشیی تەواودان و هەمووان ئامادەن."
وتی تا دوای جەژنی رەمەزان قەدەغەکراوە ماتۆڕ بەکاربهێنرێت و بازگە و بنکەکانی چاودێری بەهێزکراون.
داوا لە دانیشتوان کراوە کە هەر شتێکی گومانلێکراویان بینی دەستبەجێ پەیوەندیبکەن بەم ژمارانەوە: 07724085866، 07714128887، 07704199453 و 07706612012.
دهودەح وتی: "دۆخی ئەمنیی شەرگات زۆر ئارامە. ههرچی چیا و دۆڵەکانی دەوروبەری شاریشه، ئۆپەراسیۆنی پشكنین بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی هەر شانەیەکی تیرۆریستی."
نزیکەی 400 پۆلیسی ناوخۆ، لیوای ئامادە، هێز لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدینەوە، لیوای 91ی سوپا و لیوای 51، کە چەکدارانی ناوخۆییشی تێدایە، بەشداریدەکەن لە ئۆپەراسیۆنه ئهمنیهكاندا له قەزاکە.