هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق و خێڵەکیەکان بەدوای هێرشبەرانی شه‌رگاتدا دەگەڕێن

خالید تائی

لەم وێنەیەدا کە 11 تشرینی یەکەمی 2017 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە کارمەندانی ئەمنی بەدەوری دەرچەی حەشارگەیەکی ژێرزەمینیدا دەوەستن لە قەزای شه‌رگاتی پارێزگای سەلاحەدین کە پێشتر لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)ەوە بەکاردەهێنرا. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی شه‌رگات]

لەم وێنەیەدا کە 11 تشرینی یەکەمی 2017 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە کارمەندانی ئەمنی بەدەوری دەرچەی حەشارگەیەکی ژێرزەمینیدا دەوەستن لە قەزای شه‌رگاتی پارێزگای سەلاحەدین کە پێشتر لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)ەوە بەکاردەهێنرا. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی شه‌رگات]

هێزە ئەمنی و خێڵەکیەکانی شاری شه‌رگاتی پارێزگای سەلاحەدین لە باکور ئۆپەراسیۆنێك ئەنجامدەدەن لە چیاکانی مەکحول لە گەڕانیاندا بۆ ئەنجامدەرانی هێرشێكی خوێناوی له‌ 13 نیسان کە بە دەیان لە دانیشتوانی شارەکەی کوشت.

قائیمقامی شه‌رگات عەلی دودەح بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنەکە کە 16 نیسان دەستیپێکرد، ئامانجی راوەدونان و ده‌ستگیركردنی ئەو ئەندامانەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ە کە هێرشیانکردە سەر گوندی سوده‌یره‌ی خواروو لە 12 نیسان.

وتی هێرشبەران لە گوندەکە نزیکبوونەوە لە چیای نەملی خۆرهەڵاتی شه‌رگاتەوە، کە بەشێکە لە زنجیرە چیای مەکحول.

ئەوان بەهۆی روباری فوراتەوە دزەیانکردە نێو گوندەکە و تەقەیان لە ماڵەکان کرد، بەڵام دانیشتوانی گوندەکە و هێزە خێڵەکیەکان بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوە.

ده‌ودەح وتی لەکاتی بەدواکەوتنی هێرشبەراندا، چوار چەکداری خێڵەکی بە بۆمبێکی سەر رێگەکە کوژران.

گوندنشینەکان لە 13 نیسان پرسەیەکیان بۆ کوژراوان دانا. بەڵام لەکاتی ناشتنیاندا لە گۆڕستانی سوده‌یره‌ دوو بۆمبی دەستکرد لەنێو تازیەباراندا تەقیەوە، 21 مەدەنی کوشت و 23 كه‌سی دیکەی بریندارکرد.

ده‌ودەح وتی ئەنجامدەران بەووردی پلانی هێرشەکەیان دانابوو، دزەیانکردبووە ناو گۆڕستانەکە دوای هێرشیان بۆسەر گوندەکە و بۆمبەکانیان چاندبوو.

وتی هێرشەکە "هۆشداری چەندجارەمانی دەربارەی مەترسی پاشماوەکانی ئەندامانی داعش"ی گەورەتر کرد.

هەڕەشەی بەردەوام لەلایەن پاشماوەکانی داعشەوە

ده‌ودەح وتی: "هێشتا پاشماوەی [داعش] ماوە کە خۆیان لە گوند و دۆڵەکاندا شاردۆتەوە."

وتیشی: "ده‌شێت هێشتا شانەی نوستو و رێکخستن هه‌بن کە ئامرازی پێویست دەدەنە تیرۆریستان تا بتوانن بمێننه‌وه‌، لەگەڵ زانیاری و چەك."

فەرماندەی لیوای 51 هێزە خێڵەکیەکان لە سەلاحەدین، شێخ عەشەم جبوری، هەڵمەتێکی راگەیاند بۆ گەڕان بەدوای ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سوده‌یره‌دا و تێکشکاندنی حەشارگەکانی توندڕەوان لە چیاکانی مەکحول.

جبوری بە دیارونای وت هێزەکانی ئەو "هەر هەفتەیەك یەك بۆ دوو ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدەن بۆ گەڕان بەدوای پاشماوەکانی داعشدا لە چیاکانی خۆرهەڵاتی شه‌رگات، بەهاوکاریی هێزی ئاسمانی سوپا و بە پاڵپشتی راپۆرتە هەواڵگرییەکان".

وتی: "چەند باندێکی تیرۆریستان هەن کە بە ژمارەی کەم خۆیان لەو چیایانەدا دەشارنەوە کە تا گردەکانی حەمرین درێژدەبنەوە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا شوێنەکانیان دەدۆزینەوە، بەڵام خێرا هەڵدێن و لەبەرچاو نامێنن لە تونێلی ژێرزەوی و حەشارگەکاندا."

جبوری بەڵێنیدا "ئۆپەراسیۆنی گەڕان و بەدوکەوتن نەوەستێت تا پاشماوەكانی تیرۆریستان لەناودەبرێن".

وتی: "هێرشە تیرۆریستیەکەی سەر دنیشتوانی سوده‌یره‌ کارەساتێکی مرۆیی بوو." تکای لە دانیشتوان کرد وریابن و زانیاری دەربارەی هەر چالاکیەکی گومانلێکراو بدەن. "ئەم تاوانە قێزەونە بەبێ سزا تێپەڕنابێت."

'ئەم تاوانە ورەمان لاوازناکات'

شێخ عەبدوڵا جبوری، کە ناسراوە بە شێخ ئەبو رەشا، وتی حەوت ئەندامی خێزانەکەی لەدەستداوە -- سێ لە کوڕەکانی، سێ برای و برازایەکی -- بەهۆی بۆمبەکانی گۆڕستانی سوده‌یرەوە.

وتی شەش لە قوربانیەکان مەدەنی بوون و یەکێکیان -- برازاکەی -- سەرباز بووە و لەکاتی مۆڵەتی ئاسایی خۆیدا بووە لەگەڵ خێزانەکەی.

وتی: "لەکاتێکدا ئامادەی ناشتنی ئەو چوار شەهیدە بووین كه‌ بەهۆی تەقینەوەی بۆمبە دەستکردەکەی پێنجشەممەوە کوژران، دوو بۆمب کە لەژێر بەردەکانی گۆڕستانه‌كه‌دا شاردرابوونەوە لەنێو تازیەباراندا تەقینەوە، حەوت ئەندامی خێزانەکەمی کوشت لەگەڵ 14 تازیەبار، کە هەموویان دانیشتووی گوندەکە بوون."

وتیشی: "ئەم هێرشە تیرۆریستیە ترسنۆکانەیە تەنیا ورەمان بەرزتردەکاتەوە بۆ شەڕ دژی تیرۆریزم و شکستهێنان بە ئەندامان و پاشماوەکانیان."

هه‌روه‌ها وتی: "ئەم تاوانە ورەمان لاوازناکات و نابێتە هۆی کشانەوە لە شەڕی ئەم تیرۆریستە پیاوکوژانە. ئێمە لەسەر رێگەمانین بۆ سەرکەوتن، ئاشتی و بنیاتنان و قوربانیەکانمان شەرەفن بۆ ئێمە."

جبوری وتی ئەو تەنیا ئەوەی لە حکومەت دەوێت کە بەردەوامبێت لە هەوڵە ئەمنیەکانی، حەشارگەی تیرۆریستان ئاشکرابکات و ئەنجامدەرانی تاوانی لەوجۆرە بە دادپەروەری بگەیەنێت.

وتی "هێزە ئەمنیەکان دەبێت ئۆپەراسیۆنی ئەمنی زیاتر ئەنجامبدەن تا بەتەواوی ئەم ناوچانە پاکدەکەنەوە" لە پاشماوەکانی داعش.

وتی هه‌روه‌ها دەشبێت "سەربازی زیاتر بنێرن و پاڵپشتی تەواوی چەکدارە خێڵەکیەکان بکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی تاوانی لەمجۆرە دووبارەنابێتەوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

سیاسەت (پۆله‌سی)

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌