ئاساییش

هێزەکانی عێراق لە حەویجە جێگیردەکرێن بۆ بنەبڕکردنی خانە نوستوەکانی داعش

خالید تائی

image

جەستەی قوربانیانی بۆسەکەی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لە حەویجە و رۆژی یەکشەممە (18 شوبات) گەڕێنرایەوە بۆ خێزانەکانیان. [خاوەنی وێنە: پەرلەمانتاری عێراقی فەوزی ئەکرەم تەرەزی]

هێزەکانی عێراق ئامادەیی خۆیان لە شاری حەویجە بەهێزکرد بەهۆی بۆسەیەکی ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌ کە 27 چەکداری گروپەکانی سەر بە سوپای عێراقیان کوشت، یەكشەممە (18 شوبات).

هێزەکان لەئێستادا ئۆپەراسیۆنی فراوانی کنەکردن ئەنجامدەدەن لە گەڕانیاندا بەدوای ئەنجامدەران و شوێنپێی خانە نوستو و نهێنیەکان لە دەوروبەری شارەکە هەڵدەگرن.

بۆسەکە روویدا لەکاتێکدا چەکداران هەوڵیاندەدا گوندی سەعدونیەی ناحیەی ریازی حەویجە پاکبکەنەوە لە چەکدارانی داعش.

داعش، کە زنجیرەیەك شکستی خوارد لە سوریا و عێراق، لە بەیاننامەیەکی سەر ئینتەرنێتدا بەرپرسیارێتی خۆی راگەیاند لە هێرشەکە.

بەرپرسێکی عێراقی کە داوایکرد ناوی نەهێنرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت توندڕەوان، کە بەرگی سەربازییان پۆشیبوو، بازگەیەکیان نزیك بە حەویجە دانابوو.

داوایان لە چەکدارە عێراقیەکان کرد کە بوەستن، بێنە دەرەوە لە ئۆتۆمبیلەکانیان و لە دەوری رێگەکە بوەستن، بە بیانوی ئەوەی دەیانپشکنن.

بەرپرسەکە وتویەتی دواتر تەقەیان لە چەکدارەکان کردووە و هەڵاتوون.

هێزی پشتگیری درەنگ کەوت بۆ رێگرتن لە هێرشەکە.

ئەفسەرێکی باڵای پۆلیسی پارێزگاکە، کە ئەویش نەیویست ناوی بهێنرێت، وتی زۆربەی لاشەکان سەربڕدراون.

پێویستی به‌ 'هەڵمەتی سەربازیی فراوان'

قایمقامی حەویجە سەبهان جبوری وتی دوای ئەوەی هەڵمەتی رزگارکردنی حەویجە لە تشرینی یەکەمی 2017 کۆتایی پێهات، خانە نوستوەکانی داعش لە شارەکەدا مانەوە.

بە دیارونای وت زۆربەی ئەندامانی داعش "لە پێگەکانیان کشاونەتەوە بۆ ناوچەی دوورەدەست بەبێ شەڕکردن".

وتی خۆیان شاردەوە لە "چاڵدا کە دواتر کردیانە پێگە بۆ هێرشەکانیان دژی هێزە عێراقیەکان و مەدەنیەکان".

جبوری وتی: "ناوچەکانمان هێشتا بەتەواوەتی پاکنەکراونەتەوە [لە داعش]." ئاماژەشیکرد بەوەی خانە نوستوەکانی داعش ئەو ناوچانە دەقۆزنەوە کە ئەمنیەتیان لاوازە لە گوندە دوورەدەستەکاندا تا تاوانی ترسنۆکانە ئەنجامبدەن.

وتیشی پشکنین و پشتگیریی ئەمنی بەپێی پێویست نین بۆ راگرتنی هەڕەشەکە.

وتی: "پێویستمان بە هەڵمەتێکی سەربازیی فراوان هەیە کە تیایدا هێزە ئەمنیەکان بە وردی هەموو ناوچەیەکی دەوروبەری حەویجە پاکبکەنەوە، بەتایبەت زنجیرە گردەکانی باشوری شارەکە."

جبوری داوای ئۆپەراسیۆنی بەردەوامی کنەکردنی کرد لە ریاز، رەشاد و عەباسی و ناوچەی گردەکانی حەمرین کە "بەردەوام هەڕەشەی گەورەن بۆ زۆر شار".

وتیشی پێویستی هاریکاریی هەیە لەنێوان هەموو یەکەکاندا بۆ جێگیرکردنی ژمارەیەکی فراوانی سوپای عێراق پێش ئەنجامدانی هەر هێرشێك یان ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی دژی پاشماوەکانی داعش.

بۆسەکەی یەکشەممە کاردانەوەی توڕەی لێکەوتەوە لەلایەن خەڵكی عێراق و بەرپرسانی عێراقیەوە.

سەرەكوەزیران حەیدەر عەبادی دووشەممە فەرمانی شوێنپێهڵەگرتنی ئەنجامدەرانی دا و جەختیکردەوە لە سوربوونی حکومەت بۆ راگرتنی "خانەی نوستو و پاشماوەکانی تیرۆر".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
4
1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)

دووبارە، مەنوسە دەوڵەتی ئیسلامی مه‌گه‌ر دانی پێدا بنێیت کە دەوڵەتێکی ئیسلامییە. لەجیاتی ئەوە بنوسە داعش و رێکخراوێکی تیرۆرستی.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌