هێزەکانی عێراق بوونی خۆیان لەناو و دەوروبەری شاری حەویجەی پارێزگای کەرکوك زیادکردووە بۆ دەرکردنی پاشماوەی چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، بەرپرسان بە دیارونایان وت.
لەم هەفتانەی دواییدا چەکدارانی داعش چەند هێرشێکی هەڕەمەکییان لەم شارەدا ئەنجامداوە.
قائیمقامی حەویجە سەبهان جبوری وتی: "هێزە ئەمنیەکان بە پاڵپشتی چەکدارە خێڵەکییەکان ئامادەیی سەربازی خۆیان فراوانکردووە لە حەویجە و شارۆچکەکانیدا."
جبوری بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنی گەڕانیان دەستپێکردۆتەوە بۆ شوێنپێهەڵگرتنی پاشماوەکانی داعش، بە تەرکیزکردنەسەر گوندە کشتوکاڵیە دووردەستەکان.
ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردن بەردەوامە
جەبوری وتی: "هەوڵەکانی کێوماڵکردن ئەنجامدەدرێن بەهۆی زانیاری هەواڵگری بەردەستەوە، لەو ناوچانەی چەکدارەکان تیایدا چالاکن و دزەکردنی ئەمنی روویداوە."
حەویجە چەند ناحیەیەك لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا ریاز و رەشاد و عەباسی و رووبەری ناوچەکە نزیکەی 18,000 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.
خاکی ناوچەکە بۆتە حەشارگەی چەکدارەکان، چونکە شوێنێکی فراوانە بۆ خۆشاردنەوە لە دۆڵ و رۆخهكانی رووبارە درێژەکانیدا، کە دارودرەختی زۆر و چڕیان لێیە.
بەگوێرەی جبوری، پاشماوەکانی داعش "هەوڵدەدەن ناوچەکە بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش" تا نیشانیبدەن هێشتا بوونیان لە ناوچەکە هەیە.
وتی هێزەکانی عێراق داعشیان لە حەویجە تێكشکاند، شارەکەیان لە 5 تشرینی یەکەم گرتەوەلە "ئۆپەراسیۆنێکی ئازادکردنی کواڵیتی باڵا و خێرادا".
وتیشی: "ژمارەیەکی کەم لەو تیرۆریستانە توانییان هەڵبێن و خۆیان ونبکەن." ئاماژەشیکرد بەوەی لەئێستادا هێرش و تیرۆرکردن ئەنجامدەدەن لەو ناوچانەی ئەمنیەتیان لاوازە.
جبوری وتی ئەم ناوچانەش گوندەکانی قەزای زابیان تێدایە لە خۆرئاوای حەویجە و درێژدەبنەوە تا گردەکانی حەمرین.
کەمتر لە 100 پاشماوەی چهكداران
فەرماندەی حەشدی خێڵەکی حەویجە، سەلاح رەزوقی، بە دیارونای وت: "هێشتا شانەی بچوکی داعش ماوە خۆیان لەو ناوچە ئاڵۆزەدا شاردۆتەوە."
وتی: "زانیاریەکانمان پشتڕاستیدەکەنەوە کە چەند تیرۆریستێك خۆیان لە ناوچەی چڕی نزیك روباری خاسە و زوخەیتون (باشوری حەویجە) و وادی ئەبو خەنجەر و ناوچەی دووردەستی خۆرئاوای حەویجە شاردۆتەوە."
وتیشی بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، کەمتر لە 100 چەکداری داعش لە ناوچەکەدا ماونەتەوە.
رەزوقی وتی: "توانای ئەوەیان نیە هێرشی گهوره ئەنجامبدەن یان تەنانەت یەك ئینج لە خاکی رزگارکراو بگرن، بەڵام جارجارێك ئۆپەراسیۆنی نائومێدانە ئەنجامدەدەن."
وتی ئەم هەفتەیە عەقید فازیل سەبعاوی سەرۆکی بنكهی پۆلیسی گوندی شەریعەی قەزای ریازیان تیرۆرکرد لەگەڵ سەرۆکی خێڵی جوحەیش لە کەرکوك، شێخ وەلید نوری جوحەیشی.
وتیشی هێزە ئەمنیەکان شکستیان بە هێرشێك هێنا لەلایەن چەکدارانی نزیك وادی ئەبو خەنجەر و ژمارەیەکی زۆر لە ئەنجامدەرانیان کوشت.
ههروهها وتی: "دوای هێرشەکانی ئەم دواییە، ئۆپەراسیۆنهكانی پاسەوانی و چاودێری زیادیانکردووە. دەتوانین دڵنیایی بدەینە هەمووان کە ناوچەکانمان بە دەستێکی پۆڵایین کۆنترۆڵکراوە و بەتەواوی پاشماوەکانی داعش بنەبڕدەکەین."
راپۆرتەکان 'زێدەڕۆییان کردووە'
لە دەمی ئەم هێرشانەدا، هەندێك میدیا راپۆرتیان بڵاوکردەوە کە گوایا داعش "پلانی هەیە دووبارە حەویجە بگرێتەوە" و دەستیکردووە بە دزەکردن بۆ دەوروبەری شارەکە.
رەزوقی وتی ئەم راپۆرتانە زێدەڕۆییان تێداکراوە و ئاماژەشیکرد بەوەی لە بەیاننامەیەکی 26 کانونی یەکەمدا، خانەی میدیای جەنگ رەتیکردنەوە و هۆشداریشیدا بە میدیاكان له "دروستکردنی ئهو سیناریۆیانهی زیان بە ئاسایشی نیشتیمانی دهگهیهنن".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، حکومەت "مافی تەواوی خۆی هەیە بۆ بەدادگاییكردنی هەرکەسێك کە هەوڵبدات رای گشتی بەلاڕێدا بەرێت".
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك، مەعەن حەمدانی، بە دیارونای وت: "دۆخەکە لە هەموو ناوچەکانی حەویجە جێگیرە."
وتی هێزە ئەمنیەکان "لەهەموو شوێنێك بەدوای تیرۆریستان دەکەون و رێیان پێنادەن زیان بە سەرکەوتنی سەربازی بگەیەنن".
حەمدانی داوایکرد خزمەتگوزاری گشتی دابینبکرێت بۆ حەویجە و ناحیە و گوندەکانی تا ببێتە هاندەر بۆ گەڕانەوەی خەڵکە ئاوارەکەی.
وتی: "پێشتر نزیکەی 450,000 لەم ناوچانە دەژیان و زۆربەیان لەم سێ ساڵەی دواییدا ئاوارە بوون."