ڤیدیۆیەکی نوێ کە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە بڵاوکراوەتەوە زیاتر پشت بە ڤیدیۆیەکی پێشتر دەبەستێت، كه دەریدەخات گروپەکە پهلهقاژێیهتی بۆ هێشتنەوەی وێنای خۆی دوای شکستەکانی ئەمدواییەی لە عێراق، پسپۆڕان بە دیارونایان وت.
ڤیدیۆکە کە لەژێر ناونیشانی "بڵێسەی جەنگ (بەشی دوو)" لە 30 تشرینی دووەم بڵاوکرایەوە، هاوشێوەی بەشی یەك بوو -- کە سێ ساڵ لەمەوبەر بڵاوکرایەوە -- بە کەمێك گۆڕانکارییەوە لە ناوەرۆکە پروپاگەندەییهکەیدا.
ئەو ڤیدۆ 58 خولەکییە زیاتر پشت بە ڤیدیۆ و وێنەی ئۆپەراسیۆنە تێرۆریستییه کۆنەکان دەبەستێت کە گروپەکە ئەنجامیدابوون لەو ناوچانەی پێشتر لهژێردهستیدابوون لە عێراق و سوریا لە 2014، لە هەوڵێکدا بۆ راکێشانی سەرنج بۆ دڕەندەیی و مانهوهی.
پسپۆڕی ئەمنی، سەعید جەیاشی، بە دیارونای وت بەکارهێنانەوەی ئەو وێنانە لە بەرهەمێکی نوێدا ئاماژەی ئەوەیە گروپەکە ئەزمونی قەیران دەکات.
وتی گروپەکە زەبرێکی کوشندەی بەرکەوتووە لە عێراق و لە ئەنجامدا هەوڵدەدات ئەم واقیعە پەراوێزبخات بە ڤیدیۆ کۆنەکانی کە بۆ ههڵخەڵەتاندنی بینەران دروستکراون، وتیشی کە "گروپەکە دەیەوێت شکستەکانی کەمبکاتەوە و بنکەی خۆی دابڕێژێتەوە".
وتیشی داعش شکستێکی سەربازی سەخت و زەبرێکی کوشندە بەر ئامێری پروپاگەندەكهی کەوتووە، کە بهسهختی پشتی پێ بەستبوو بۆ راکێشانی چەکداران و بڵاوکردنەوەی تیرۆریزم.
ههروهها وتی هەموو بنکە میدیاییهكانی گروپەکە لێیاندراوه و لهسهدا 80 ماڵپەڕ و پهیجهكانی ههواداری توندڕەوان داخراون.
شکست لە عێراق و سوریا
دوایین ڤیدیۆی داعش راستەوخۆ داوا لە پشتیوانان و ههوادارانی دەکات دەستبکەن بە قۆناغێکی نوێی شەڕ لە ناوچەکانیاندا، یاخود ئەوەی پێیدەڵێت "خاکی کۆچ".
چاودێران ئەم هەنگاوەیان بە هۆکاری شکستەکانی لە عێراق و سوریا لهقهڵهمداوه، کە تا ئەمدواییانە بە "خاکی توانا و دەسەڵات"ی لەقەڵەمدابوو، کە بەناو خەلافەتەکەی لێبوو.
شیکاروانی ئەمنی، فازل ئەبو رەغیف، بە دیارونای وت داعش 13 ویلایەتی خود-راگەیەنراوی لە عێراق و سوریا لەدەستداوە، لەکۆی 33 ویلایەتی راگەیەندراو لە جیهاندا.
"ئەم شكستە وای لە گروپەکە کرد هەوڵبدات چالاکیە تیرۆریستیەکانی بۆ ناوچەی بەدیل بگوازێتەوە، یان وەك ئەوەی پێیدەڵێن خاکی کۆچ".
لە دوایین ڤیدیۆیدا، گروپەکە پێشنیازی "ویلایەتی سینا" دەکات لە میسر وەك شوێنێکی نوێ بۆ چەکدارانی.
ئەو نامانەی لەلایەن سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادیهوه لە بنکەکانی گروپەکە لە لیبیا دۆزرانەوە داوا لە لایەنگرانی دەکات بەرەو لیبیا بڕۆن و وەك شوێنگەیەك بەکاریبهێنن بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان لە میسر و تونس و جەزائیر.
ئەبو رەغیف وتی: "داعش دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی دووپاتبکاتەوە بەسەر سینا و بیابانی لیبیادا لەگەڵ عاجی ئەفریقا و شاری مەراوی لە فلیپین."
وتیشی: "ئەم شوێنانە زۆرترین ئەگەریان هەیە ببنە شوێنی تیرۆریستان."
ههروهها وتی رەشەکوژی 24 تشرینی دووەم لە مزگەوتی رەوزە لە ناوچەی بیر عابد له سینا زیاد لە 300 کەسی کوشت و رەنگدانەوەی سوربوونی گروپەکەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە.
دەستڕاگەیشتنی لاوازی میدیاكهی
لەئێستادا داعش دەناڵێنێت بەدەست لاوازبوونی بەردەوامی میدیاییەوەئەبو رەغیف وتی و ئاماژەیکرد بەوەی چەندین لە بڵاوکراوە و كهناڵهكانی ههموو پێکەوە لەکارکردن وەستاون.
لهوانه ئاژانسی ئەعماق و نەبەء، پێگەی دیجیتاڵی گروپەکە، ههروهها فورقان بۆ بەرهەمی میدیایی و گۆڤاری دابیق.
ئەبو رەغیف وتی بەڵگەی لاوازبوونی بەرهەمهێنانی میدیایی و لاوازیی ئامادەیی میدیایی گروپهكه دوایین ڤیدیۆیه کە زیاتر پشت بە ڤیدیۆیەکی کۆن دەبەستێت.
وتیشی: "گروپەکە شکستی هێناوە و نەیتوانیوە لە هیچ شوێنێك خۆی بژێنێتەوە یان ئایدۆلۆژیا شێواوەکەی بفرۆشێت."
پەرلەمانتاری عێراقی، ئەسکەندەر ویتویت، کە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە، وتی هێزەکانی عێراق "زەبرێکی کوشندەیان لە تیرۆریستان داوە".
ویتویت داوای لە وڵاتان کرد کە پێکەوە رێگربن لە سەردەرهێنانەوەی گروپەکە لە شوێنی دیکە و بەردەوامبن لە کارکردنیان پێکەوە بۆ شەڕکردن دژی پروپاگەندەی ئەلیکترۆنی و سنوردارکردنی دەستڕاگەیشتنی بە سەرچاوەی سەربازی و میدیایی.