ئاساییش

شکسته‌ یەك لەدوای یەكه‌كانی داعش کەوتنی لە عێراق خێرادەکەن

خالید تائی

image

هێزەکانی عێراق دەبینرێن كاتێك ئەو ئەندامانەی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) دەستگیردەکەن کە هەڵاتوون لە شەڕی تەلەعفەر لە وێنەیەکدا کە 29 ئاب لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی تۆڕی میدیایی خۆرئاوای دیجلەوە وەرگیراوە]

ئایا رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کۆتایی هات لە عێراق؟

به‌گوێره‌ی شیکاروانان، هەرچەندە گروپەکە هێشتا لە هەندێك ناوچەی بچوکی وڵاتەکە بوونی هەیە، له‌ڕوانگه‌ی رێكخراوه‌ییه‌وه‌، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ به‌ڵێیه‌.

بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم سەرنجە، ئاماژە بە خاڵی سەرەکی دەدەن: دیارنەمانی ئاڵۆزی ئەبوبەکر بەغدادی، کە چارەنوسی تەنانەت بۆ سەرکردەکانی گروپەکە نادیارە.

بەڵام روونترین ئاماژەی لەناوچوونی گروپەکە شەڕی توندی ناوخۆییە کە روودەدات بەهۆی بێمتمانەییه‌وه‌ بەیەکتر و تۆمەتی خیانەت و سستی.

بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ئێستا، 7,000 ئەندامی گروپەکە لە چەند ناوچەیەك ماون کە هێشتا لەژێردەستی گروپەکەدان لە باکور و خۆرئاوای وڵات.

فەرماندەی هێزە خێڵەکییەکان لە حەدیسە، شێخ عه‌واد سه‌عید جوغه‌یفی، کە چەکدارانی داعشی بە "گێژ و سەرلێشێواو" لەقەڵەمدا وتی چیتر ئەو چەکدارە شێلگیرانە نین کە ماوەیەك هه‌بوون.

وتی بەخەمڵاندن 1,500 چەکداری داعش لە ناوچەی فوراتی باڵا هەن، هەندێکیان لە موسڵ و ته‌لەعفەرەوە هەڵاتوون بۆ قائیم تا خۆیان پەنابدەن یان هەڵبێن بۆ سوریا.

جوغه‌یفی بە دیارونای وت: "زانیاریەکانمان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرلێشێواوی و پشێوی بەربڵاون لەنێو ریزەکانی تیرۆریستاندا و لە دۆخی ترسی زۆر و تۆقیندان."

وتی شکستەکانی ئەمدواییەی گروپەکە و زیانی ماددی و مرۆیی بوونە هۆی ئەم داڕووخانە و ئاماژەی بەوەشکرد کە "دیارنەمانی بەغدادی"ش فاکتەرێکی بەرچاو بووە.

جوغەیفی وتی ئەندامانی ئاسایی داعش و فەرماندەکانیان نازانن ئایا سەرکردەکەیان مردووە یان ماوە و گەر زیندووە، دەڵێن ئاخۆ بۆ هێندە بێدەنگە بەرامبەر ئەو کشێانەی تووشی گروپەکە بووە.

وتیشی هاوکات، زۆرێك لە سەرکردەکانی گروپەکە لە خۆرئاوای ئەنبار دیارنەماون، لەگەڵ خێزانەکانیاندا.

وتی: "سەختە دڵنیابیت لەوەی ئایا هێشتا داعش بوونی ماوە، لەڕووی پەیکەربەندییەوە بێت یان رێکخراوەیی، بەهۆی ئەو قەیرانانەی تێکیشکاندووە و بچوکبوونەوەی ئەو ناوچەیەی پێشتر کۆنترۆڵیکردبوو بەڕێژەی له‌سه‌دا 90."

جوغەیفی وتی سەرکەوتنی تیشكئاسای هێزەکانی عێراق بۆ رزگارکردنی تەلەعفەر و کوشتن و خۆڕادەستکردنی چەندین چەکداریان ئەگەری واقیعیانەی لەناوچوونی گروپەکە نیشاندەدات.

'پەردەکە بەسەر داعشدا دادرایەوە'

پەرلەمانتاری عێراقی ماجد غەڕاوی کە ئەندامی لیژنەی پەرلەمانی ئاسایشە وتی هاوکات، شەڕی تەلەعفەر "پەردەکەی لەسەر گروپەکە داداوەتەوە".

غەڕاوی بە دیارونای وت: "سەرکردە و ئەندامانی ئەم گروپە لەئێستادا یان مردوون یان خۆیان رادەستکردووە و ئەوانەی لەو ناوچانەدا ماون کە هێشتا دەبێت رزگاربکرێن تووشی رووخانی ورە بوون و لە مردوو خراپترن."

وتی پەیکەربەندی گروپەکە هه‌ژاوه‌ بەهۆی له‌ده‌ستدانی ئەوانەی بە ئەندامی دەستەبژێر و پروپاگەندەکاری خۆی لەقەڵەمیدەدانو ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێستا لە هەرکات زیاتر، بە دووبەرەکی ناوخۆ و ململانێ تێكشکاوە.

غەڕاوی وتیشی: "ئەمە پشتڕاستکراوەتەوە بە راپۆرتی سەرچاوە هەواڵگرییەکان کە گروپەکە ئەندامانی دەکوژێت لەسەر چەندین تۆمەت، بەتایبەتی خیانەت، پەیوەندیکردن بە دەزگا هەواڵگریه‌كان و پێشکەشکردنی زانیاری نهێنی، جێبەجێنەکردنی ئەرك و شکستهێنان لە نیشاندانی بەرەنگاری لە شەڕدا."

بەڵام هۆشداریشی دا لە هەڕەشەی تۆڕە نهێنیەکانی داعش، "چونکە رەنگە تاکە چەکێك بێت کە ماوێتی".

وتی: "ئەمە ئەرکی دەزگا هەواڵگرییەکانمانە و متمانەمان هەیە بە توانای ئەوان بۆ پاراستنمان لە هەڕەشە."

غەڕاوی داوای بەهێزکردنی هەوڵەکانیشی کرد بۆ بنبڕکردنی ئایدۆلۆژیای توندڕەو و بەرگرتن بە چەکدارەکان لە دامەزراندنی بنکە لە ناوچە رزگارکراوەکاندا.

هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی دەزگای کارگێڕی

پسپۆڕی ئەمنی فازڵ ئەبو رەغیف بە دیارونای وت ئاماژەیەکی تری لەناوچوونی حەتمیی داعش نەمان و نەهێشتنی دەزگا کارگێڕییەكه‌یه‌تی لەو ناوچانەی کە پێشتر لەژێردەستیدا بوون لە عێراق.

گروپەکە بەم ناوچە کارگێڕییانە دەڵێت 'ویلایەت' (پارێزگاکان).

ئەبو رەغیف وتی چەندین ویلایەتی لەمجۆرە، وەك نەینەوا و سەلاحەدین و فەلوجە، چیتر نەماون لەوەتەی ئەندامانی داعش لەو شوێنانە بنبڕکراون.

ئەبو رەغیف وتی: "ئێستا، ویلایەتی فورات (پارێزگای فورات)، کە ناوچە سنورییەکانی نێوان عێراق و سوریا له‌خۆده‌گرێت، گرنگترینه‌ بۆ گروپه‌كه‌، كه‌ ئێستا ناویده‌بات به‌ ئه‌رز ئه‌لته‌مكین (خاكی به‌هێزی)."

"تەنانەت ئەو ویلایەتەش لەسەر لێواری رووخانە و لەناوچوونی حەتمییە."

قەیرانەکان گروپەکەیان ناچارکردووە زۆر کیان بسڕێتەوە لە پەیکەربەندی رێکخراوەیی خۆی کە بە دەواوین ناسراون (کۆی دیوان یان نوسینگە).

ئەبو رەغیف وتی لەنێویاندا دیوانی رەکاز، کە سامانە سروشتیەکانی وەك نەوت و گازی سروشتی بەڕێوەدەبات، دیوانی غەنائیم (نوسینگەی غەنیمەی جەنگ) و دیوانی ئیعلام (میدیا یان نوسینگەی زانیاری)، کە لە واقیعدا لەناوچووە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500