هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

چەکدارە هەڵاتووەکانی داعش بەرەو فوراتی باڵا هەڵدەکشێن

خالید تائیی

خێڵەکانی عێراق مەشقی سەربازیی دەکەن بۆ بەشدارییکردن لە رزگارکردنی ناوچەکانی فوراتی باڵا لەدەستی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی'. [خاوەندارێتی وێنە: پەیجی فەیسبوکی پەرلەمانتاری عێراقی محەمەد کەربولی]

خێڵەکانی عێراق مەشقی سەربازیی دەکەن بۆ بەشدارییکردن لە رزگارکردنی ناوچەکانی فوراتی باڵا لەدەستی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی'. [خاوەندارێتی وێنە: پەیجی فەیسبوکی پەرلەمانتاری عێراقی محەمەد کەربولی]

بەهۆی شکستی یەکدوای یەکیان لە عێراق و سوریا، رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە ئێستادا گوایە پلان دادەنێت بۆ یەکگرتنەوە لە ناوچەی سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە، شیکاروانان بە دیارونایان وت.

وتیان گروپەکە "والی"یەکی نوێی دەستنیشانکردووە بۆ ئەو ناوچەیەی بە ویلایەتی فورات ناوی دەبات، کە دەیەوێت بیکاتە پایتەختێکی نوێی "خەلافەت"ەکەی کاتێك بنکەکانی موسڵ و رەققە لەدەستدەدات.

هیچ زانیارییەکی متمانەپێکراو دەربارەی ناسنامەی "والی"یە نوێیەکە نیە.

راوێژکاری ئەمنیی فازل ئەبو رەغیف وتی کەسی پێش خۆی، ئەبو محەمەد حەیالی، لە هێرشێکی ئاسمانیی عێراقدا و لە 11ی شوباتدا کوژرا لە شارۆچکەی سنوریی قائیم.

بە دیارونای وت چەندین سەرکردەی باڵای دیکەی داعش لەو هێرشەدا کوژران، لەنێویاندا ئەبو جەنات راوی، کە بەرپرسی ئاسایش و هەواڵگریی ناوچەکە بوو.

ئەبو رەغیف وتی ئەوە چاوەڕوانکراوە داعش هەوڵبدات شوێنگرەوە بۆ حەیالی دابنێت.

وتی بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی نوێی گروپەکە لە ناوچەی قائیم لە عێراق و ئەلبو کەمال لە سوریا.

ئەو شارۆچکە دراوسێیانە ناسراون بەوەی پەیوەندییەکی خێڵەکی بەهێز لەنێوان دانیشتوانیاندا هەیە لەهەردوو بەری سنور، جگە لە نزیکیان لە بیابان.

ئەبو رەغیف وتی ستراتیژی داعش "چەند چاکسازییەك" لەخۆدەگرێت بۆ قایلکردنی خەڵکی ناوچەکە لەڕێگەی کەمکردنەوەی باج و مەرجی نەرمتر لەسەر بازرگانی و نرخی شمەك.

وتیشی: "هەنگاوەکانی دیکە ئازادکردنی ئەو زیندانیانە لەخۆدەگرێت کە هەڕەشە لە بوونی گروپەکە ناکەن."

ئەبو رەغیف وتی پێشتر داعش ئەم فێڵەی لە فەلوجە و کەرمە بەکارهێنا بۆ جوانکردنی وێنەی خۆی، "بەڵام ئامانجەکانی نەپێکا".

وتی بەڵام ئێستا گروپەکە بەکاری دەهێنێتەوە، تا زیاتر دەست لە ناوچەی فوراتی باڵا گیربکات و کاریگەریی زیاتر بێت، بە ئاماژەکردن بەوەی ئەندامانی داعش کە ئێستا لە قائیم هەن بە 3,000 دەخەمڵێنرێن.

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ناوچەکە بۆتە پەناگەی ئارام بۆ ژمارەیەکی زۆر لەو چەکدارانەی لە موسڵ و رەققە هەڵدێن، هەرچەندە داعش خاڵی پشکنینی لە ناوچەکەدا هەیە کە بەردەوام لەلایەن سوپای عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بە ئامانج دەکرێن.

سەرلێشێوان

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار نەعیم کەعود بە دیارونای وت بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی هێزی ئاسمانی عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەو زانیارییە هەواڵگرییانە دەبەستێت کە لەلایەن خەڵکی فوراتی باڵاوە پێیاندەدرێت.

وتی ئەم هێرشانە وادەکەن چەکداران "بکەونە دۆخی سەرلێشێوانەوە و چیتر سەقامگیر نەبن لە ناوچەکە".

کەعود وتی: "داعش ناوچەی فوراتی باڵا بەدوایین پەناگەی خۆی دەبینێت لە ناوچەکە و هەوڵدەدات جێپێی خۆی توند بکات لەوێ، بەڵام رەتکردنەوەی گروپەکە لەلایەن خەڵکەکەوە ناهێڵێت ئەمە رووبدات."

وتی سوپا و خێڵە عێراقییەکان نزیکدەبنەوە لە راوە، عەننە و قائیم -- دوایین شارۆچکەکانی ژێردەستی داعش لە پارێزگای ئەنبار.

کەعود وتی لە 20ی نیساندا، هێزێکی خێڵەکی 120 چەکدار هێرشێکی کردە سەر بنکەیەکی داعش نزیك راوە، 20 چەکداری گروپەکەی کوشت و گەڕانەوە بنکەکانی خۆیان لە بەروانە، نزیك حەدیسە، بەبێ بوونی زیانی بەرچاو لە ریزەکانیدا.

گەمارۆی سەربازیی توندوتۆڵ

قایمقامی قائیم فەرحان فیتەیخان بە دیارونای وت: "سوپا و خێڵەکان گەمارۆیەکی سەربازیی توندیان بەسەر داعشدا سەپاندووە لە خۆرئاوای ئەنبار."

وتی: "یەکە سەربازییەکان لە پێگەکانی پێشەوە جێگیرکراون و بەردەوام ناوچەکە دەپشکنن و پاسەوانی دەکەن کە درێژدەبێتەوە تا قائیم."

فیتەیخان وتی هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان بەردەوامن.

وتی: "هیچ پەشیمانییەك بۆ داعش نیە، بەوەی هێرشی ئاسمانیی رۆژانە دەکرێتە شوێنگەی [بەرهەمهێنانی] وزە، بنکەی چەکدارەکان و گردبوونەوەکانیان لە قائیم و ئەلبو کەمال."

وتی لە 21ی نیساندا، هێرشێکی ئاسمانی هاوپەیمانان پێگەکانی داعشیان لە قائیم تێکشکاند، لەکاتێکدا پێنج هێرشی دیکە بیرە نەوتییەکان، تانکی عەمبارکردن و ئامرازەکانی پاڵاوتنی نەوتیان لە ئەلبو کەمال تێكشکاند.

فیتەیخان وتی: "هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ تیرۆرستان نەماوە. ئەمە کۆتاییانە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500