منداڵانی پچووك تەقە لە پیاوانی گەورە دەکەن و سەریان دەبڕن لە ڤیدیۆیەکی نوێدا کە پڕە لە گوتاری ئاینیی فیتنهگهرا و لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە بەرهەمهێنراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە.
پسپۆڕان بە دیارونایان وت ڤیدیۆكە دهستدرێژییهكی زەقه بۆسهر منداڵان و ئیسلامیش. وتیشیان کە زیانه کۆمەڵایەتیهكانی ههر بهتهنها بۆ منداڵە مێشك شۆراوەکان نیه، بهڵكو وا دروستکراوە سهرنجی منداڵانی تریش رابكێشێت.
ئەو ڤیدیۆیە کە لەلایەن باڵی رۆژنامەوانیی بەناو ویلایەتی خێرهوه (کە پێکدێت لە شاری دێرەزوور و دەوروبەری) بڵاوکرایەوە لە 8 کانونی دووەم، سێ کوڕی منداڵ پیشاندەدات، یەکێکیان 4 ساڵ زیاتر نابێت، سێ پیاو لە دەوروبەری دێرەزوور گولهباران دەکەن.
قوربانیەکان بە هەڵگەڕاوە و سیخوڕی بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) تۆمەتباردەکرێن، کە هێزێکە شەڕ دژی داعش دەکەن لە باکوری سوریا.
![وێنەیەك لە ڤیدیۆیەکی داعش کە چەکدارێك پیشاندەدات چەقۆیەك دەدات بە منداڵێك. چەند ساتێك دواتر لە ڤیدیۆکەدا، کوڕەکە 'هەڵگەڕاوە'یەك سەردەبڕێت.](/cnmi_di/images/2017/02/13/7246-isilknifechild-600_384.jpg)
وێنەیەك لە ڤیدیۆیەکی داعش کە چەکدارێك پیشاندەدات چەقۆیەك دەدات بە منداڵێك. چەند ساتێك دواتر لە ڤیدیۆکەدا، کوڕەکە 'هەڵگەڕاوە'یەك سەردەبڕێت.
![ئەندامانی هێزەکانی سوریای دیموکرات منداڵانی نێو ریزەکانی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' دەستگیردەکەن لەکاتی شەڕدا لە پارێزگای رەققەی سەروو. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]](/cnmi_di/images/2017/02/13/7247-isil-_children-600_384.jpg)
ئەندامانی هێزەکانی سوریای دیموکرات منداڵانی نێو ریزەکانی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' دەستگیردەکەن لەکاتی شەڕدا لە پارێزگای رەققەی سەروو. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]
بەڕێوەبەری بەشی نوێی رۆژنامەوانی لە سەنتەری توێژینەوە و لێكۆڵینهوهی مەیدانی ئیبن وەلید، مازن زهكی، وتی ڤیدیۆکە لەسەر شێوازی یاریی ڤیدیۆیی بەرهەمهێنراوە و بەتایبەت بۆ سەرنجڕاکێشانی منداڵان دروستکراوە.
وتی مەبەست لێی راکێشانی منداڵانی تره بۆ ئەوەی پەیوەندی بکەن بە ریزەکانیەوە بە "پیشاندانی بابەتی میدیایی سەرنجڕاکێش کە بە دیمەنی چەند هێرشێك دەستپێدەکات لەلایەن ئەندامانی گروپەکەوە ئەنجامدەدرێن".
وتیشی منداڵێك سەیری ڤیدیۆكە بکات بەبێگومان خۆی وادەبینێت وەك ئەوەی یەکێك لە ئەندامانی ئەوان بێت.
گوتاری فیتنهگهرا
زەکی وتی ڤیدیۆکە بە گوتارێکی فیتنهگهرایانهی ئایینی دەستپێدەکات بە "روونکردنەوەی ’دڵسۆزیی و ئینکاریی‘ (وەلاء و بەراء)".
وتی ئەمە روونیدەکاتەوە "چۆن پەیوەندیی ئایینی لە پەیوەندیی خزمایەتی بەهێزترە، کە بەشێوەیەکی بنەڕەتی وروژاندنە دژی خێزان و خزمان لە پێناوی گروپەکەدا".
وتیشی: "ڤیدیۆکە ئەندامانی داعش بەتەمەنی جیاوازەوە پیشاندەدات، تا نیشانی بدات گروپەکە جیاوازی ناکات لەنێوان ئەندامانیدا لەسەر بنەمای تەمەن و هەموویان هاوبەهان."
بۆ ئەوەی ئەم خاڵە روونبکاتەوە، ڤیدیۆکە چیرۆکی خیتاب قامیشلی دەگێڕێتەوە کە "بێچووە شێرێکی خەلافەت"ە و بڕیاریداوە لەگەڵ گروپەکە بژی دوای ئەوەی خێزانەکەی بڕیاریاندا "لە خاکی کوفر"دا بژین -- خاکی کوردان کە لەژێر دەسەڵاتی گروپەکەدا نیە.
لەبەردەم کامێراکەدا، منداڵەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە بە هاندانی براکەی، ئەبو بەراء قامیشلی کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژرا، هاتووە بۆ نێو خاکی داعش.
زەکی وتی: "لە چیرۆکی ئەو منداڵەدا تەرکیز لەسەر یاخیبوونە لەدژی بڕیارەکانی دایك و باوك و بەگوێنەکردنیانە، تا منداڵان هانبدەن پەیوەندی بە گروپەکەوە بکەن. ئەو مێشك شۆردنەوەیەی لەگەڵ منداڵەکەدا کراوە بەتەواوی ئاشکرایە."
وتیشی بەدوای قسەکانیدا دیمەنێك پیشاندەدرێت کە منداڵان چەکی راهێنان وەردەگرن، لەگەڵ دیمەنی سەرنجڕاکێش کە پێکەنین و چەك و چالاکیی وەرزشی زۆر پیشاندەدات، لەنێویاندا ئەسپسواری.
سێ قوربانیەکەش بە کۆتاییهكی تراژیدی دەگەن.
ئهو سێ پیاوه گەنجه پیشاندەدرێن، داندەنێن بەوەدا كه کار بۆ هێزە کوردیەکانی دژی داعش دەکەن، دوای ئەوەی دەبەسترێنەوە و لەلایەن منداڵانەوە گولهباران دەکرێن.
'خراپ بەکارهێنانی زەقی منداڵ'
مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی قاهیرە، باسیمە حوسنی، بە دیارونای وت: "ڤیدیۆکە کە ئاراستەی منداڵان کراوە، کارێکە هەردوو منداڵان و ئیسلامیش دەشێوێنێت."
وتی بە دوایین ڤیدیۆی، داعش تاوانێکی دووفاقی ئەنجامدا: "یەکەمیان وروژاندن بۆ کوشتار و دووەمیان بەتایبەتی وروژاندنی منداڵان بۆ کۆشتار، کە خراپ بەکارهێنانێکی زەقی منداڵانە".
وتیشی: "ئەو جۆرە فیلمانە یارمەتیی گروپەکە دهدات وا لە منداڵان بکات تەواو بێئاگابن لە تاوانکاریی [ئەم کردەوانە]، چونکە ئەوانە بارگاویین بە پشتڕاستکردنەوەی ئایینی کە لەلایەن گروپەکەوە شێوێندراوە."
فەرماندەی فەسیلی هێزەکانی سوریای دیموکرات غەسان ئیبراهیم بە دیارونای وت لەکاتی شەڕەکانی دژی داعشدا لە دەوروبەری رەققە وەك بەشێك لە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات، هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیویانە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی داعش دەستگیربکەن، "لەنێویاندا منداڵ و کوڕی لاو کە تەمەنیان لە 15 ساڵ زیاتر نیە".
هەر کە دەوری پێگەکانیان گیرا، منداڵەکان خۆیان رادەستکرد.
وتیشی هیچ فەرماندەیەکی گەورەی لێنەبوو ئاراستەیان بکات یان پێشڕەوییان بکات، "کە ئاماژەیە بەوەی تەنیا بۆخۆیان نێردراون بۆ شەڕ".
ئیبراهیم وتی ئەوە روونە کە داعش زیاتر پشت بە منداڵان دەبەستێت بەهۆی ئەو زیانە مرۆییە گەورەیەی بەریکەوتووە لە شەڕیدا لە سوریا و عێراق و لەبەرئەوەی چیتر ناتوانێت چەکدار لە دەرەوە رابکێشێت وەك پێشتر.
وتی: "تەنیا منداڵی ماوە کە ئەو کورتهێنانە پڕبکاتەوە لە ریزی چەکدارانیدا."
وتیشی ئەو منداڵانەی لەنێو ریزەکانی داعشدا شەڕدەکەن "بەوریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت". ههروهها وتی: "ئەوان دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی تایبەت کە کەسانی تایبەتمەند لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکهن، دوای ئەوەی گەڕانێك ئەنجامدەدرێت بۆ دایك و باوك و خزمانیان."