نۆژهنكردنهوهكان ژیانی گهڕاندۆتهوه بۆ بەشێکی بچوکی بازاڕه بەناوبانگهكهی شاری کۆنی حەڵەبی له سوریا.
شاری کۆنی حەلەب، کە لەلایەن یونێسکۆوە بە میراتێكی كهلهپوری جیهانی ناسراوه و بازاڕەکەی وێرانبوون لە شەڕی شەش ساڵەی سوریادا. بەڵام لە 16 تشرینی دووەم لە بازاڕی جومروك بەرپرسانی نێوخۆیی بەشێکی بازاڕەکەیان کردەوە کە نۆژهنكراوهتهوه.
دانیشتوان بە دیارونایان وت بازاڕی جومروك نۆژهنكراوهتهوه و گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆری بازرگانانی بەخۆیەوە بینیوە بۆ دوکانەکانیان.
کارمەندێکی خانەنشینی حکومی لە حەلەب، غالب تەحان، وتی: "هەرگیز خەونیشم بەوەوە نەدەبینی بازاڕەکانی حەلەب بکەونەوە کار وەك جاران دوای چەند ساڵێك لە شەڕ و وێرانکاری."
![شاییەکی میللی سوری ئەنجامدرا لەكاتی کردنەوەی بازاڕی خان جومروكدا لە 16 تشرینی دووەم. [خاوەندارێتی وێنە: فەیسەڵ ئەحمەد].](/cnmi_di/images/2017/11/30/10514-Syria-Aleppo-dance-600_384.jpg)
شاییەکی میللی سوری ئەنجامدرا لەكاتی کردنەوەی بازاڕی خان جومروكدا لە 16 تشرینی دووەم. [خاوەندارێتی وێنە: فەیسەڵ ئەحمەد].
تەحان بە دیارونای وت: "خۆشی لەنێو دانیشتواندا زۆر ئاشکرایە."
بازاڕەکە جمەی دێت لە خەڵك
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند بهبۆنەی کردنەوەی ناوچەکەوه، بازاڕێکی چوار رۆژەی سەر شەقام کرایەوە لەلایەن یەکێتی بازرگانان و خاوەنکارانهوه کە تێیدا فرۆشیاران کاری دەستی و فەرشی نهریتی و تەنانەت سابونی بەناوبانگی حەلەبیشیان دەفرۆشت لەسەر عەرەبانەکان لەسەرانسەری شەقامەکە.
چالاکوانی بواری میدیا له حەلەب، فەیسەڵ ئەحمەد، وتی بازاڕەکە قەرەباڵغیەکی گەورەی سەردانکەرانی دروستکرد کە وایکرد بازرگانان پێشانگاکە بۆ چەند رۆژێکی کەم درێژبکەنەوە، بهتایبهتی کە وەرزی پشوو بەخێرایی دێت.
ئەحمەد بە دیارونای وت: "ژیان ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ شارەکە و ههم دانیشتوان و ههم سەردانکەرانیش دووبارە دەڕژێنە دوکانەکانهوه، بەتایبەتی دوای کردنەوەی بازاڕی خان جومروك کە یەکێكە لە بازاڕە ههره بەناوبانگەکان لە شارەکەدا."
زۆربەی خاوەنکاران دەرگاکانیان کردۆتەوە کە هەندێکیان ئاڵتون و هەندێکیشیان جلوبەرگ و پێڵاو و قوماش دەفرۆشن.
سابون دروستکەر و بەرگدرو و فرۆشیارانی خواردنی نهریتی سوری رێگای گەڕانەوەیان گرتۆتەبەر بۆ بازاڕی شاره کۆنهكه.
ئەحمەد وتی کردنەوەی خێرای دوکانەکان شارەکەی بوژاندەوە "بەرێژەیەکی خێرا" دوای چەند ساڵ لەو شەڕهی بووە هۆی كۆچی بهكۆمهڵی دانیشتوان و خاوەن کاران.
داوا لە بازرگانانی حەلەب دەکرێت بگەڕێنەوە ماڵ
حەسەن حەممامی لە لیژنەی بنیاتنانەوەی ناوچە و بازاڕی خان جومروك وتی هەوڵە سەرەتاییەکانی بنیاتنانەوە بەزۆری تەرکیزی کردەسەر نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکانی شاری دێرینی حەلەب.
وتی ئەو بازاڕانە "هێڵی سەرەکیی ژیانن له شارەكهدا". وتیشی: "کاتێك بازاڕە کۆنەکان جمەیان دێت لە چالاکی، ئەو چالاکیە بازرگانیە پهلدهكێشێت بۆ تەواوی شارەکە."
حەممامی بە دیارونای وت کارکردن بەردەوامە بۆ پاککردنەوەی پاشماوەکانی شەڕ و بنیاتنانەوە و چاککردنەوەی بیناکان، بەتایبەتی شوێنەواره پارێزراوە دێرینەکان.
وتیشی ئەوان کاریانکرد بۆ چاککردنەوەی بازاڕی خان جومروك بە پاڵپشتی ژووری بازرگانی حەلەب و هەماهەنگی لەگەڵ ئەو خاوەنکارانەی دوکان و بازاڕیان هەیە.
هەروەها وتی: "لە ئەنجامدا 77 دوکان لە قاتی خوارەوە و قاتەکانی سەرەوە تاکو ئێستا بنیات نراونەوە و چاککردنەوەی دوکانەكانی تریش بەردەوامە."
وتی هەروەها لیژنەکە پەیوەندیدەکات بە بازرگانان و خاوەن دوکانهكان و کارگەکان و پیشەوەرانهوه بۆ داوالێکردنیان تا بگەڕێنەوە شارەکە و دەستبكهنهوه بە کار، کە ئێستا کارەبا و ئاو و سوتەمەنی دووبارە لهبهردهستدان.
وتیشی خاوەنکاران کە بەزۆری بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵهاتوون، ویستێکی بەهێزیان دەربریوە بۆ گەڕانەوە بەڵام وتی ئەوان کاتی زیاتریان پێویستە بۆ ریکخستنی کاروبارهكانیان کە زۆربهیان كاسبیی نوێیان دامەزراندووە لەو وڵاتانەی لێی دەژن.
حەممامی وتی چاوەڕواندهكات بەشێکی زۆری ئەو خاوەنکارانە "دهستبكهن به گهڕانهوه لەماوەی چەند مانگێکی کەمدا".
گەڕانەوە 'حهتمییه'
تەحان وتی بەشەکانی تری شاره کۆنهكهش نۆژەنکراونەتەوە، لەنێویاندا بازاڕی عەزیزیە، نەودەت شاحبە، چوارڕیانی مزگەوت و چوارڕیانی زانکۆ.
وتیشی ژیان بەهێواشی دەگەڕێتەوە بۆ شارەکە دوایئەوەی خوێندنگاکان کراونەتەوە و خزمەتگوزاریەکانی وەك ئاو و کارەبا دەستیانپێکردۆتەوە.
دوکاندارێك لە بازاڕی خان جومروك، عەبد عەتار، وتی: "ئێمە خێزانێکی خاوەنکارین کە جلوبەرگی چنراوی نهریتی دیمەشقی دەفرۆشین کە شێوازێکی پیشەیی هونەریی بەناوبانگی جیهانییە."
عەتار بە دیارونای وت گەڕانەوە بۆ حەلەب دوای شەش ساڵ ئاوارەیی له دیمەشق "حهتمی" بوو.
وتیشی لەوکاتەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بنیاتنانەوە راگەیەنراون و بازاڕهكه کراوەتەوە، باوکی عەتار دەستیكردووه بە ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەیان و ئاماژەشی دا بەوەی بەمدواییانە کاردەکەن بۆ گواستنەوەی کارگەکەیان لە دیمەشقهوه بۆ دەستپێکردنی بەرهەمهێنان لە حەلەب.
ههروهها وتی: "حەلەب ژیاوهتهوه و شەقامەکانی ئامادەن پێشوازی لە دانیشتوان و سەردانکەران بکەن."
وتی هەموو بازرگانان كۆكن لهسهر ئهوهی تا دهتوانن نرخەکان دابەزێنن بۆئەوەی سەرنجی کڕیاران رابکێشن، چونكه شاره دێرینهكه بە تەوەری بازرگانی نیشتیمانی دادەنرێت.
هەروەها وتی گەشتیاریی ناوخۆ دەستیكردووه بە زیادبوون، هەرچەندە بەهێواشی، لەگەڵ ئەو سوریانەی لە پارێزگاکانی ترهوه دەگەڕێنەوە بۆ حەلەب دوای چەندین ساڵ لە دیارنهمانیان.