هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

چالاکی بازرگانی ژیان دەگێڕێتەوە بۆ بازاڕەکانی شاری کۆنی موسڵ

خالید تائی

دوکانەکانی بازاڕی باب سەرای لە شاری کۆنی موسڵ کە بەتەواوەتی تێکدرابوون لە کاتی شەڕدا دژی داعش، ئێستا کراونەتەوە وەك لەم وێنه‌یه‌دا دەردەکەوێت کە لە 30 کانونی یەکەم 2019 بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی بنیاتنانەوەی باب سەرای]

دوکانەکانی بازاڕی باب سەرای لە شاری کۆنی موسڵ کە بەتەواوەتی تێکدرابوون لە کاتی شەڕدا دژی داعش، ئێستا کراونەتەوە وەك لەم وێنه‌یه‌دا دەردەکەوێت کە لە 30 کانونی یەکەم 2019 بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی بنیاتنانەوەی باب سەرای]

بازاڕەکانی موسڵ رۆڵ و رەونەقیان بۆ گەڕاوەتەوە وەك بنکەی چالاکی بازرگانی لەکاتێکدا کارەکانی چاکردنەوە رێگایان بۆ دوکانداران خۆشکردووە دوکانەکانیان بکەنەوە و کڕیار راکێشن لەسەرانسەری شارەکەوه‌.

بازاڕی باب سەرای لە شاری کۆنی موسڵ بەتەواوەتی خاپوور ببوو لەکاتی شەڕی دەرپەڕاندنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا، ئێستاش بەهێزەوە هاتۆتەوە مەیدان لەکاتێکدا ئاوارەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

حکومەتی ناوخۆیی بەهاوکاری دانیشتووانەکە پار بازاڕەکەیان چاکردەوە و دەرگاکانیان بۆ کڕیاران واڵاکرد.

حاجی نزار محەمەد حازم کە خاوەن دوکانی فرۆشتنی نایلۆن و سەرچەفی دژە ئاوە لە باب سەرای، وتی بازاڕەکە "بوژاوەتەوە و دوکانەکان ئێستا کراوەن و دەرگاکانیان واڵایە بۆ دانیشتووانەکە".

پیاوان و ژنان بازاڕدەکەن بۆ شمەکی ماڵ لە بازاڕی باب سەرای وەك دیارە لەم وێنەیەدا له‌ 12 کانونی دووەمی 2020 . [خاوەنی وێنە: ماڵپەڕی رادیۆی غەد]

پیاوان و ژنان بازاڕدەکەن بۆ شمەکی ماڵ لە بازاڕی باب سەرای وەك دیارە لەم وێنەیەدا له‌ 12 کانونی دووەمی 2020 . [خاوەنی وێنە: ماڵپەڕی رادیۆی غەد]

وتی دوای کارە سەرەتاییەکانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌، "چوین دەستمانکرد بە چاکردنه‌وه‌ی تۆڕەکانی کارەبا و ئاو و شۆستەی شەقامەکان و دروستکردنەوەی دوکان و کۆگاکانی بازاڕەکە".

لە 18 کانونی دووەم بە دیارونای وت: "ئەوەی باشە رۆژ بە رۆژ چالاکی بازرگانی زیاتر دەبینین."

حازم کە چوار دەیەیە لە بازاڕەکە کاری کردووە، وتی: "بازاڕەکە ماڵی دووەمی منە و بۆ من و ئەوانی دیکەش ناخۆش بوو بەو شوێوەیە دەمانبینی چونکە یادەوەری خۆشمان تیایدا هەبوو."

وتی: "هەستدەکەم دووبارە لەدایك بوومەتەوە و نامەوێت بۆ دوو کاتژمێریش بازاڕەکە جێبێڵم."

کارەکانی بنیاتنانەوە بەردەوامن

سەرۆكی شارەوانی موسڵ زوهەیر ئەعرەجی وتی بازاڕی باب سەرای یەکەم بازاڕە کە لە شاری کۆنی موسڵ کرایەوە وەك بەشێك لە پلانی حکومەتی ناوخۆ بۆ بنیاتنانەوەی بازاڕەکانی ناوچەکە.

بە دیارونای وت: "جگە لەم بازاڕە گەورەیە، دوو بازاڕی سەرداخراو هەن کە ئێستا نۆژه‌نده‌كرێنه‌وه‌ بۆ وەڵامدانەوەی داواکاریی دانیشتووانە ناوخۆییەکە."

وتی شەقامی بازرگانی حەلەب قیرتاوكراوه‌ته‌وه‌ و دوکانەکانی سەر ئەو شەقامە دروستکراونەتەوە لەگەڵ بازاڕی دەواسە و باب جه‌دید و عەتارین و مەیدان.

وتیشی: "پلانەکەمان تەواوكردنی گەراجی ئۆتۆمۆبیل لەخۆدەگرێت لە بازاڕی باب تۆپ و بینای بازرگانی بازاڕی ئەربیعا، کە لە 600 دوکان و نوسینگه‌ پێکهاتووە. هەروەها کاردەکرێت بۆ چاکردنەوەی بینای شەواف کە لە بازاڕه‌ کۆنەكه‌ی ناوەندی شاردایه‌."

ئەعرەجی وتی: "پیشکەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە بەڵام بەشی خۆمان بەربەستمان تووشبووە وەك سنوورداربوونی بودجە لە حکومەتی ناوەندییەوە بۆ ئه‌و دانیشتووانەی زیانیان بەرکەوتووە و بە مەبەستی هاوکاریکردنیان بۆ چاکردنەوەی دوکانەکانیان."

وتی: "کردنەوەی بازاڕە کۆنەکان یەکێکە لە ئەولەویەتەکانمان چونکە هاندەری سەرەکین بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شارەکانیان، ئەوەش زیاتر ئابوری موسڵ دەبوژێنێتەوە."

عەبدول حەمید خالید، کە کاتژمێر دەفرۆشێت لە دوکانێكدا لە شەقامی نەجەف، وتی بازاڕە کۆنەکان دڵی موسڵن و ناسنامەی مێژوویی و کلتووریی شارەکەن.

بە دیارونای وت: "زۆر دڵخۆشین بازاڕی باب سەرای کراوەتەوە. شوێنیكی کلتووری و دەزگایەکی گرنگە و هیوادارین بازاڕ و شەقامە بازرگانییەکانی دیکەش بکرێنەوە، له‌نێویاندا شه‌قامه‌كه‌ی ئێمەش کە هه‌ندێك دوکان هێشتا بە تێکدراوی ماونەتەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500