چایخانەیەکی كه دووبارە كراوەتهوه، لەنێو داروپەردووی خانووه روخاو و بینا تەختکراوهكاندا لە خۆرئاوای موسڵ، ئاماژەیەکە -- هەرچەندە بچوك بێت -- بەوەی شارەکە دووبارە ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام وادەردەکەوێت پێشڕەوییەکی هێواش بێت.
چایخانەكهی حەمودی، "ریتاج"، لە گەڕەکی دەواسەی موسڵ یەکەم کافێیە بکرێتەوە لە ناوچەکە لەوەتەی سەرەکوەزیران حەیدەر عەبادی گەیشتە شارەکە لە تەمموزدا و سەرکەوتنی راگەیاند بەسەر رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا.
دووبارەکردنەوەی کافێکە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا و لەلایەن چالاکوانانەوە دەستخۆشی لێکرا، لەلایەن هەندێک کەسەوە وەك کردەی بەرەنگاری دەبینرێت بەرامبەر تەحەداکان کە دەبێت موسڵ بەسەریاندا زاڵبێت.
لە هەمانکاتدا کاتێك کە خاوەنی چایخانەکە دووبارە دەستیکردهوه بە خزمەتکردنی کڕیارانی، دەستگێڕێك دەستیکرد بە فرۆشتنی پاقلە لەسهر عەرەبانەی خواردنەکەی لەو نزیکانە.
پارێزگاری موسڵ زوهەیر ئەعرەجی بە دیارونای وت: "دانیشتوانی موسڵ ناتوانن چاوەڕوانی پاڵپشتی و قەرەبووی دارایی حکومەت بکەن تا بگات، بۆیە خۆیان دەستیانکردووە بە بنیاتنانەوەی ئەو دوکان و بازاڕەی زیانیان پێگەیشتووە."
دەستپێشخەرییه جهماوهرییهكان
ئەعرەجی وتی خاوەنکاران لە شهقامی غازی و شەقامی خالید بن وەلیدی موسڵ بڕیاریاندا سندوقێكی بنیاتنانەوە دابمهزرێنن و دەستیانکرد بە کۆکردنەوەی كۆمهك بەگوێرەی توانای خۆیان.
كۆمهكهكان لەنێوان 10,000 دینار (8.50 دۆلار) بۆ 100,000 دینار (84.50 دۆلار) بوون.
کاتێك پرۆژەکە دەستیپێکرد و بازرگانان دەستیانکرد بە بنیاتنانەوەی دوکانەکانیان، خاوەن دوکانەکان لە بازاڕەکانی دیکەش دەستیانکرد بە کۆکردنەوەی پارە بۆ بنیاتنانەوەی ناوچەکانیان وەك باب سەرا، بازاڕی پشك، باب جەدید و رەئس جەدە.
خاوەن دوکانەکان وێنەی "پێش" و "دوای" چاککردنەوەی دوکانەکانیان گرت تا ئاستی گۆڕانکاری نیشانبدەن و ناردیان بۆ بەرپرسان تا بتوانن ئاستی زیانەکان دیارiبکەن لەکاتێکدا کە حکومەت پارەی بۆ دابیندەکات.
ئەعرەجی وتی بەرپرسانی ناوچەکە لە موسڵ پاڵپشتی لۆجستیان داوەتە پرۆژەکە، هەڵبەت بە توانایەکی کەمەوە.
وتی شارەوانی و بەرگری شارستانی و پۆلیس ئۆتۆمبیلیان دابینکرد بۆ لابردنی داروپەردوو، کردنەوەی رێگەکان و هەروەها ئاو و کارەبایان دابینکرد.
زیانێكی زۆر لە هەندێك ناوچە
ئەعرەجی وتی هەوڵەکانی شارەوانی لهگهڵ ئاستی داڕوخانەكه گونجاون و ئاماژەیکرد بەوەی هەندێك ناوچەی موسڵ دەکرێت پۆلینبكرێن بەوەی زیانێكی زۆریان لێكهوتووه.
وتی لەنێویاندا موسڵی کۆن و ئاماژەشیکرد بەوەی له نیوەی ناوچەکەدا، یهكه نیشتهجێییهكان بەتەواوی وێرانبوون و ناکرێت بنیاتبنرێنەوە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە بەبێ یارمەتی.
وتیشی لە نیوەکەی دیکەی موسڵی کۆن، لەنێوان لهسهدا 25 بۆ 75 بیناکان رووخاون و ژیان بەهێواشی دەگەڕێتەوە باری ئاسایی، لهكاتێكدا پرۆژەی بنیاتنانەوەی نوێ بەردەوامە بۆ هاندانی دانیشتوان بۆ گەڕانەوە.
موقەدەم رەبیع ئیبراهیم، ئەفسەری فریاگوزاری لە بەڕێوبەرێتی بەرگری شارستانی لە موسڵ بە دیارونای وت ستافەکەی داروپەردوویان لەگەڵ تەقەمەنی لەسەر رێگاکان لابردووە بە ههر توانایەك کە هەیانبووبێت.
ماوەیەکە تیمەکانی بەرگری شارستانی کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ژیان بۆ بەری خۆرئاوای موسڵ و خێرا بهدهم ههر زانیارییهكهوه دهچن دەربارەی دۆخێكی گوماناوی کە لهلایهن ئهو دانیشتوانهوه دهدرێت كه گەڕاونەتەوە.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا غەزوان داودی بە دیارونای وت حکومەتی فیدراڵ دەبێت خێرا قەرەبووی پارە تەرخانبکا بۆ بنیاتنانەوە تا بتوانن دەستپێبکەن و مەدەنیەکان چیتر پێویستیان بەوە نەبێت پشت بەخۆیان ببەستن بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.
وتی نەینەوا بەتەنیا ناتوانێت ئهو داواکارییانه دابینبکات، ههرچهنده بەتەواوی توانای خۆشمانەوە کاربکەین به هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی وەك ئاو، پەروەردە و خزمەتگوزاری تەندروستی.