هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

موسڵ پلان دادەنێت بۆ بنیاتنانەوەی بازاڕە کۆنەکەی

خالید تائی

دانیشتویەکی موسڵ دەڕوانێتە بنیاتنانه‌وه‌ی دوکانێك لە بازاڕی کۆنی شارەکە لە 27 ئاب 2018. [خاوەنی وێنە: ناوەندی میدیای نەینەوا]

دانیشتویەکی موسڵ دەڕوانێتە بنیاتنانه‌وه‌ی دوکانێك لە بازاڕی کۆنی شارەکە لە 27 ئاب 2018. [خاوەنی وێنە: ناوەندی میدیای نەینەوا]

بەرپرسانی موسڵ دەستیانکردووە بە دانانی پلانێك بۆ بنیاتنانەوەی بازاڕی کۆنی شارەکە، بەرپرسانی ناوچەکە بە دیارونایان وت.

وتیان لەکاتێكدا زۆر خاوەن کار دوکانەکانیان لەسەر حسابی خۆیان دروستکردۆتەوە، ئەوانیدی پێویستیان بە کۆمه‌کی داراییە بۆ قەرەبووکردنەوەی فەرمانڕەوایی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) و ئەو شەڕەی بۆ دەرکردنی کرا.

قائیمقامی موسڵ زوهەیر ئەعرەجی بە دیارونای وت: "دەستمانکردووە بە کارکردن لەگەڵ ئەندازیاران و کارمەندانی هونەری بۆ دانانی پلانێك بۆ بوژاندنەوەی بازاڕه‌ کۆنه‌كه‌."

ئەو شوێنە لە ناوەندی شارەکەدا لەنگەرێکی ئابوریی سەرەکییە بۆ موسڵ و دەوروبەری، بەجۆرێك دانیشتوان بەشێوەیەکی بەردەوام سەردانی ئەوێ دەکەن بۆ کڕینی خۆراك و شمەك.

تراکتۆرێك داروپەردوو لادەبات لەنێو شەقامە بازرگانیەکانی شاری موسڵی کۆندا لە 2 حوزەیران 2018. [خاوەنی وێنە: شارەوانی موسڵ]

تراکتۆرێك داروپەردوو لادەبات لەنێو شەقامە بازرگانیەکانی شاری موسڵی کۆندا لە 2 حوزەیران 2018. [خاوەنی وێنە: شارەوانی موسڵ]

وتی: "پلانەکەمان بنیاتنانەوەی دەزگا خزمەتگوزاریەکانی بازاڕەکەش لەخۆدەگرێت لەگەڵ بنیاتنانه‌وه‌ی سێ دەروازەكه‌ی چوونە نێو بازاڕەکە: کۆرنیش و قەتانین و عەتارین."

وتیشی پلان هەیە بۆ دروستکردنی سێ دەروازەی نوێ لە داهاتوودا و ئاماژەیکرد بەوەی نه‌خشه‌كانیش به‌و مه‌به‌سته‌ کێشراون كه‌ ئاماژه‌ بكه‌ن بە کەلەپوری شارەکه‌.

هه‌روه‌ها وتی: "نۆژەنکردنەوە قیرتاوکردنی شۆستە باریکەکانی ئەملاولای بازاڕەکەش لەخۆدەگرێت لەگەڵ [گۆڕینی] شۆستە چیمەنتۆکان."

وتیشی پلان هەیە بۆ چاککردنەوەی تەواوی گڵۆپه‌كانی بازاڕەکە و دروستکردنی خێمەیەك بەسەریدا بۆ پاراستنی فرۆشیاران و کڕیاران لە خۆر و باران.

بازاڕکردن په‌ره‌ده‌سێنێت

قائیمقام وتی بەرپرسانی ناوچەکە پێشتر دەستیان بە چەند هەڵمەتێك کرد بۆ پاککردنەوی بازاڕەکە لە داروپەردووی بینا روخاوەکان.

وتی ئاو و کارەبا دابینکراونەتەوە و بازرگانەکان قەرزیان پێدراوە بۆ بنیاتنانەوەی دوکانەکانیان.

وتیشی: "چەندین دوکان و کاروكاسبی لەلایەن خاوەنەکانیانەوە بنیاتنراون، وەك نانەواخانە، دوکانی میوەفرۆشی و خۆراك و بازاڕی شمەکی ناوماڵ."

هه‌روه‌ها وتی قەرەبووی دارایی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دابینکراوە لە هەندێك حاڵەتدا بۆ یارمەتیدانی بازرگانەکان بۆ بنیاتنانەوەی دوکان و ئەمبارە روخاوەکانیان.

وتیشی: "بازاڕکردن لە بازاڕەکەدا له‌سه‌رخۆ بره‌وده‌سێنێت دوای ئەوەی نزیکەی 10,000 خێزان گەڕانەوە بۆ موسڵی کۆن لە پێنج مانگی پێشوودا."

بازاڕی کۆنی موسڵ، کە چەند سەدەیەك کۆنە، پێکدێت لە ژمارەیەکی زۆر لە بازاڕی بچوکتر کە لە یەك شوێندا كۆبوونه‌ته‌وه‌ بەگوێرەی ئەو شمەکانەی دەیفرۆشن، وەك قوماش، پەڕاوگە، گۆشت، میوەفرۆشی و ره‌ڕه‌نگه‌ر.

'بەشێك لە مێژووی موسڵ'

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، عەلی خوزەیر جەختیکردەوە لە گرنگی حکومەتی خۆجێی لە بنیاتنانەوەی بازاڕه‌ کۆنه‌كه‌دا "وەك پێگەیەکی که‌لتووری و کەلەپوری، کە نوێنەرایەتی بەشێك لە مێژووی موسڵ دەکات، ئەمە جیا لە گرنگیە ئابورییەکەی".

بە دیارونای وت یەکەم هەنگاو بۆ بنیاتنانەوە نراوە، بە دانانی پلانێك لەلایەن دەزگا راوێژکارییەکانه‌وه‌ و "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ بەخێرایی بنیاتنانەوەی ئەو شوێنە مێژووییە بۆ دۆخێکی باشتر لەوەی پێشتری".

وتی: "ماوەیەکی کەم دوای ئازادکردنی، خاوەن دوکانەکان دەستیانکرد بە چاککردنەوەی دوکان و بازاڕەکانیان کە هێشتا کاری لەسەر دەکەن، بەگوێرەی توانای خۆیان."

خوزەیر وتی لیژنەیەکی قەرەبووی حکومەت پارەی دابەشکردووە بەسەر خاوەن دوکانە زیانبەرکەوتوەکاندا بەگوێرەی ئاستی روخانی دوکانەکانیان.

وتیشی: "بەڵام داوا لە حکومەت دەکەین بەخێرایی ژمارەیەکی زۆر لە داواکارییەکان تەواوبکات،" چونکە هەزاران کەس چاوەڕێی قەرەبوون و زۆربەیان داواکارییەکانیان تەواوکردووە و مەزەندەی زیانیان بۆ کراەو.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حوسامەدین عه‌بار وتی ئەم بازاڕە مێژوییە دادەنرێت بە "شاخوێنهێنەری ئابوری و بازرگانی موسڵ" و ئاماژەیکرد بەوەی دروستکردنەوەی تەواوی شارەکە دەبوژێنێتەوە.

بە دیارونای وت بەخشەرە نێودەوڵەتیەکان "پشتگیرییان كردووه‌ له‌ بنیاتنانەوەی 5,000 ماڵ لە موسڵی کۆن لەگەڵ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئاوی خواردنەوە و پاکژی و کارەبا لەو گەڕەکانە".

وتی: "ئێمە ئێستا داوایان لێدەکەین بەشداریبكه‌ن لە یارمەتیدانی هاوڵاتیاندا بۆ بنیاتنانەوەی دوکانەکانیان و بەشداریش بکەن لە بنیاتنانەوەی بازاڕی کۆن و شوێنە زیانبه‌ركه‌وتووه‌کانی دیکەدا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ئه‌مانه‌ درۆن. هیچ قه‌رز و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ ئارادا نیه‌. ئه‌مه‌ وڵاتێكی فاشل و گه‌نده‌ڵه‌. ده‌ با ئه‌وانه‌ بدوێن كه‌ قه‌رز یان قه‌ره‌بوویان وه‌رگرتووه‌.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌