هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

قاتوقڕیی باڵ بەسەر خۆرئاوای موسڵدا دەکێشێت

عەلا حسێن لە بەغدا

خەڵکە ئاوارەکەی خۆرئاوای موسڵ ریزدەگرن بۆ خۆراك لە کەمپی ئاوارەکاندا لە دەرەوەی شارەکە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

خەڵکە ئاوارەکەی خۆرئاوای موسڵ ریزدەگرن بۆ خۆراك لە کەمپی ئاوارەکاندا لە دەرەوەی شارەکە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

دانیشتوانی خۆرئاوای موسڵ، کە هێشتا لەژێردەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دایە، لە لێواری قاتوقڕییدان، بەرپرسانی عێراق و دانیشتوانی شارەکە بە دیارونایان وت.

لەوکاتەی خواردنی دەدا بە منداڵەکانی لە مەنجەڵێکی گەورەی برنج لە کەمپی ئاوارەکانی باشوری شارەکە، سەلما ئەحمەدی تازە-ئاوارەبووی خۆرئاوای موسڵ، وتی خۆی و منداڵەکانی ماوەی هەفتەیەکە یەك ژەمی تەواویان نەخواردووە.

بە دیارونای وت لەنێو شارەکەدا، خێزانەکە ناچاربوون لەسەر ئارد بژین کە بۆ خواردن نەشیاوبوو، کە دەیکردە ژەمە خۆراکی بچوك و تێکەڵی دەکرد لەگەڵ سەوزە - ئەویش کاتێك کە دەستیبکەوتایە.

وتی بەهۆی کەمیی خواردن و خواردنەوەوە، خۆی و مێردەکەی زۆر کەمیان دەخوارد، بەشێك لە ژەمەکەی خۆیان دەدا بە منداڵەکان تا ئەوان باش بخۆن.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حەسەن سەبعاوی بە دیارونای وت خۆرئاوای موسڵ روبەڕوی "قاتوقڕییەکی راستەقینە" دەبێتەوە لەژێردەستی داعشدا.

"رەنگە باوەڕ بە گەورەیی قاتوقڕییەکە نەکەیت کە باڵی بەسەر [خۆرئاوای موسڵدا] کێشاوە،" وتی: "تەنیا سەیری دەموچاوی ئەو خەڵکە بکە کە لەدەست داعش هەڵدێن. ئاماژەی برسێتیی لەسەر رویان ئاشکرایە."

وتی تەنانەت پێش ئەوەی داعش شارەکە بگرێت، خۆرئاوای موسڵ توشی دۆخێکی ئابوریی سەخت ببوو، کە خراپتربوو بەهۆی حوکمی داعش و ئەو گەمارۆ سەربازییەی بەسەر شارەکەدا سەپێنراوە.

وتیشی دۆخی ئابوریی رۆژ دوای رۆژ خراپتربوو، لەئێستاشدا گەیشتۆتە قۆناغی قاتوقڕیی.

نەتەوە یەکگرتووەکان کار بۆ کۆمەكی زیاتر دەکات

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، هەینی (31 ئازار)، داوای کۆمەکی زیاتری کرد بۆ خەڵکی موسڵ.

لە ناوەڕاستی شوباتەوە، زیاد لە 200,000 مەدەنی لە خۆرئاوای موسڵ هەڵاتوون، لەکاتێکدا شەڕ وێرانکارییەکی گەورەی دروستکردووە بۆ سەدان هەزار کەسی دیکەدا کە هێشتا لەنێو شەڕەکەدا گیریانخواردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر و لە مانگی ئازاردا رایگەیاند کە 600,000 مەدەنی هێشتا لە خۆرئاوای موسڵدا ماونەتەوە، 400,000یان لە دۆخێکی وەك لەژێر ئابڵۆقەبووندان لە شارە کۆنەکەی موسڵ.

مانەوە لە شارەکەدا مەترسیی بۆ سەر خەڵکەکە دروستکردووە، وەك نوسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە زیاتر لە 300 مەدەنی لە خۆرئاوای موسڵ کوژراون لە ماوەی کەمێك زیاتر لە مانگێكدا.

گوتێرێس لە کاتی سەردانێكیدا بۆ کەمپی حەسەن شام وتی: "سەرچاوەی بەپێی پێویستمان لەبەردەستدا نییە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم خەڵكە و هاوکاریی نێودەوڵەتییمان نیە وەك پێویست."

وتی: "بەداخەوە، بەرنامەکەمان لێرە تەنیا 8%ی پاڵپشتی دارایی کراوە. ئەمە نیشانی دەدات سەرچاوەکانمان چەند سنوردارن."

"ئەم خەڵكە زۆر ئازاریان چەشتووە، بەردەوامیشن لە ئازارچەشتن. پێویستمان بە هاوکاریی زیاترە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە."

گوتێرێس وتی سەرچاوە بەپێی پێویست لەبەردەستدا نەبوو بۆ فەراهەمکردنی دۆخێکی شیاوی ژیان بۆ خەڵکی موسڵ یان بۆ هەوڵەکانی ئاشتەوایی کە پێویستە دواتر بدرێن کاتێك شارەکە بەتەواوی دەگیرێتەوە.

ئامادەکاریی نەگونجاو

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا سەبعاوی رەخنەی لە نائامادەیی حکومەتی عێراق گرت بۆ بەڕێوەبردنی شەپۆلی چاوەڕوانکراوی ئاوارەکانی موسڵ.

بە دیارونای وت هەرچەندە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شارەکە نزیکەی شەش مانگ لەمەوپێش دەستیپێکرد، "وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە تەواویی خۆی ئامادەنەکردووە بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو ئاستەنگە".

"کەسێکی ئاوارە تەنیا پێویستی بە چادرێکی بچوك، خواردن و هیتەرێكە،" وتی: "سەرەڕای ئەمە، وەزارەتەکانی حکومەت شکستیان هێنا لە دەستەبەرکردنی پێدوایستییە بنەڕەتییەکان بۆ خەڵکە ئاوارەبووەکە کە ژمارەیان بەردەوام زیاد دەکات."

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هویام عەبدال داوای لە وەزارەتی بازرگانیی کرد بەزوترین کات کارتی بەشەخۆراکی مانگانە دروستبکات بۆ پێدانی شمەکە خۆراکییەکان بە خەڵکی پارێزگاکە تا بەربە قاتووقڕیی بگیرێت.

وتی دابەشکردنی شمەکە خۆراکییەکان یارمەتی خەڵکی خۆرهەڵاتی موسڵ دەدات روبەڕوی ئاستەنگەکانی بەردەمیان ببنەوە، چونکە سەرەڕای ئەوەی خۆیان کێشەی کورتهێنانی (خۆراکیان) هەیە، زۆرێکیان هاوڕێ و خێزانەکانیان داڵدەداوە کە لە خۆرئاوای موسڵەوە هەڵاتوون.

پەرلەمانتاری عێراقیی ئینتیسار جەبوریی، کە ئەندامی لیژنەی ژنانە لە پەرلەمان، داوای لە سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی کرد رزگارکردنی خۆرئاوای موسڵ خێراتربکات بۆ رزگارکردنی خەڵکەکە لە ئەگەری قاتوقڕیی.

بە دیارونای وت: "بەردەوامیی دۆخەکە رەنگە ببێتە هۆی کارەساتێکی مرۆیی راستەقینە، کە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە بۆ رزگارکردنی هاوڵاتیان بەزوترین کات."

جەبوریی وتی بڕی خۆراك وا خەریکە تەواو دەبێت و کورتهێنانێکی سەختی خۆراك و شیر و ئاوی خواردنەوە دۆخەکەی گەیاندۆتە کارەساتئامێز.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500