هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

پردە نۆژەنکراوەکان خۆرهەڵات و خۆرئاوای موسڵ پێکەوە دەبەستنەوە

عەلا حسێن لە بەغدا

عێراقیەکان لە 13ی تەمموزدا بەسەر پردێکدا دەپەڕنەوە کە خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی موسڵ پێکەوە دەبەستێتەوە، چەند رۆژێکی کەم دوای بانگەوازی حکومەت دەربارەی رزگارکردنی شارەکە لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [سەفین حامید / ئاژانسی فرانس پرێس]

عێراقیەکان لە 13ی تەمموزدا بەسەر پردێکدا دەپەڕنەوە کە خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی موسڵ پێکەوە دەبەستێتەوە، چەند رۆژێکی کەم دوای بانگەوازی حکومەت دەربارەی رزگارکردنی شارەکە لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [سەفین حامید / ئاژانسی فرانس پرێس]

حکومەتی عێراق پابەندە بە بنیاتنانەوەی پردەکانی موسڵ وەك بەشێك لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ژێرخان و خزمەتگوزاری و یەکپێکگرتنی بەشی خۆرهەڵات و خۆرئاوای شارەکە، بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان وت.

ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری له‌ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حوسامەدین عەبار، وتی لەنێو ئەو پردانەدا كه‌ لەکاتی شەڕی ده‌رپه‌ڕاندنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا تێكشکاون، تەنیا یەکێکیان، پردی پێنجه‌م، کراوەتەوە.

عەبار بە دیارونای وت پردێك به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌وه‌ دروستکراوە تا لەلایەن ئاپۆرەی خەڵك و پیادەکانەوە بەکاربێت لەکاتێکدا پردەکانی دیکە لەکاركه‌وتوون.

وتی لەئێستادا وەزارەتی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێبوون کاردەکات بۆ دروستکردنەوەی پردی کۆنی موسڵ، کە ناسراوە بە پردی ئاسنین، بە بڕی 2.98 ملیار دینار (2.38 ملیۆن دۆلار).

وتی پردی موسەنناش بنیاتدەنرێتەوە بە بڕی 263 ملیۆن دینار (210,000 دۆلار).

گەڕاندنەوەی هاتوچۆی نێوان خۆرهەڵات - خۆرئاوا

چالاکوانی مەدەنی لەیس راشدی بە دیارونای وت ئێستا دەستکراوە بە بنیاتنانەوەی پردەکانی شارەکە، دۆخی موسڵ بەرەبەرە دەستی بە باشبوون کردووە.

وتیشی خێزانەکان دەستیانکردووە بە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان لە بەشی خۆرئاوای دیجلە و بازرگانی گەڕاوەتەوە، هەڵبەتە بەڕێژەیەکی کەم.

وتی لەئێستادا، تەنیا دوو پرد لە شارەکەدا له‌گه‌ڕدان -- یەکێکیان بۆ هاتنە ناو شارەکەوە و ئەویتریان بۆ جێهێشتنی.

هه‌روه‌ها وتی ئەمە تەنیا بەس نیە بۆ گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی شارەکە، بەتایبەتی كه‌ ئێستا خوێندنگە و کۆلێژەکانیش کراونەتەوە، چونكه‌ پەڕینەوە لە یەك پرد لانیکەم کاتژمێرێکی دەوێت بۆ ئه‌و جه‌نجاڵییه‌ زۆره‌وه‌.

راشدی وتی بنیاتنانەوەی پردەکانی موسڵ کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر ئابوری و ژیانی کۆمەڵایه‌تی له‌ شارەکەدا.

وتی بۆنمونە پردی کۆن پارکی کاتبەسەربردنی موسڵ لە بەشی خۆرهەڵاتی شارەکە دەبەستێتەوە بە موسڵی کۆنەوە لە بەشی خۆرئاوا.

وتیشی: "کاتێك بنیاتدەنرێتەوە، دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکانی موسڵی کۆن دەستپێدەکاتەوە و خەڵك دەگەڕێنەوە بۆ دوکان و ماڵەکانیان لە بەشی خۆرئاوای شارەکە."

بوژاندنەوەی ژیانی بازرگانی

راشدی وتی بە لەکارکەوتنی پردەکان، دانیشتوانی بەشی خۆرهەڵاتی شارەکە زۆربوون، لەبەرئەوەی کەمتر لە خۆرئاوا کاریگەریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەسەربوو.

وتی: "ئەمەش وایکرد کرێی خانو و دوکانەکان له‌ بەشی خۆرهەڵات به‌رزببێته‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی دوو هێندەی ئەوەی لە رابردوودا هەبوو."

وتیشی رووخانی پردەکان وایکرد ناوەندی بازرگانی لە بازاڕە جەماوەرییەکانی خۆرئاوا، دەواسە، نەبی شیت و موسڵی کۆنەوە بگوازرێتەوە بۆ ناوچە نوێکانی بەشی خۆرهەڵات.

هه‌روه‌ها وتی: "ئەمەش وایکردووە قه‌واره‌ی بازرگانی بەتەواوی لەیەك ناوچەدا کۆببێتەوە، لەکاتێکدا پێشتر دابەشبووبوو بەسەر دوو بەشدا."

وتی گواستنەوەی نیشتەجێبوون و بارزگانی بۆ خۆرهەڵات، فشارێکی گەورەی خستۆتەسەر ژێرخانی موسڵ و ئاماژەی بەوەشکرد كه‌ بەشی خۆرئاوا بۆتە ناوچەیه‌كی نیمچەچۆڵ، کە وایکردووە دۆخی ئابوری بەگشتی لە شارەکەدا ناجێگیربێت.

وتیشی لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، زیاد لەسه‌دا 90 دانیشتوانی بەشی خۆرئاوا گواستویانەتەوە بۆ بەشی خۆرهەڵات، کە لەوێ لە شوێنی نافەرمی نیشتەجێن، بەشێوەیەك چوار بۆ پێنج خێزان لە یەك ماڵدان به‌ هه‌موو سەختییەکانیه‌وه‌.

سەقامگیری بنیاتنانەوەی بەدوادادێت

بەگوێرەی سەرکردەی حەشدی خێڵەکی موسڵ شێخ خالید جبوری لە دوای ساڵی 2004ەوە لەئێستادا موسڵ باشترین دۆخی ئەمنیی هەیە.

جبوری بە دیارونای وت: "فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کردووە بە ناردنی فیرقەی سەربازیی 16 بۆ خۆرهەڵاتی موسڵ و ئەرکی پاراستنی ئەمنیی ناوەندی موسڵ و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی ئەو نزیکانەی پێداوە."

وتی باشتربوونی باری ئاسایش، کە لەلایەن پۆلیسی خۆجێی و حەشدی خێڵەکییەوە جێبەجێدەکرێت، دۆخێکی سەقامگیر دەهێنێتە کایەوە بۆ کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکانی بیناسازی بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژەکانیان لە شارەکەدا.

وتیشی: "سەقامگیری هانی خەڵکە ئاوارەکەی داوە بگەڕێنەوە بۆ شارەکە، چونکە چیتر ترسیان لە ژیانی خۆیان یان موڵکەکانیان نیە لەژێر پارێزگاریی حکومەتی فیدراڵی و پۆلیس و سوپای عێراقیدا."

عەبار وتی هەرچەندە زۆر کار ماوە بکرێت، گەڕاندنەوەی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکان لەهەردوو بەشی شارەکە رێی خۆشکردووە بۆ بەشێکی زۆری خەڵك بۆ گەڕانەوە.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا وتیشی خۆرئاوای موسڵ، کە زه‌بری گه‌وره‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی به‌ركه‌وت، ئێستا له‌سه‌دا 70 له‌ سه‌رجه‌می خەڵکەکەی گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان.

وتی ئەمە رێژەیەکی باشە بەراورد بە ئاستی ئەو وێرانکارییەی داعش به‌سه‌ر ناوچەکەیدا هێنا.

ئەو شوێنانەی کەمتر زیانیان پێگه‌یشتبوو لە ئۆپەراسیۆنه‌ سەربازییه‌كاندا، وەك خۆرهەڵاتی موسڵ و تەلەعفەر و خۆرئاوای نەینەوا و مەحلەبیە، شایەتی گەڕانەوەی بەکۆمەڵی خەڵکە ئاوارەکەیان بوون، چونکە خزمەتگوزارییەکان گەڕێندراونەتەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500