هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

کەلەپوری دزراو لە ماڵێکی جێهێڵراوی موسڵدا دۆزرایەوە

خالید تائی

دوو سەربازی عێراقی ئەو کەلەپورانە نیشاندەدەن کە هاوكاربوون له‌ دۆزینەوەیاندا لە خۆرهەڵاتی موسڵ دوای رزگارکردنی لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی'. [خاوەندارێتی وێنە: لاپه‌ڕه‌ی فەیسبوکی ده‌زگای ئەنجومەنی ئاسایش]

دوو سەربازی عێراقی ئەو کەلەپورانە نیشاندەدەن کە هاوكاربوون له‌ دۆزینەوەیاندا لە خۆرهەڵاتی موسڵ دوای رزگارکردنی لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی'. [خاوەندارێتی وێنە: لاپه‌ڕه‌ی فەیسبوکی ده‌زگای ئەنجومەنی ئاسایش]

هێزەکانی دەزگای هەواڵگریی عێراق حەشارگەیەکی کەلەپوری دزراوی زانکۆی موسڵیان لە ماڵێکی جێهێڵراوی خۆرهەڵاتی موسڵدا دۆزییەوە کە هی چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بوو.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا نەجمەدین کەریم جبوری بە دیارونای وت خەڵکی ناوچەکە رێنمایی هێزە ئەمنییەکانیان کرد بۆ ئەو حەشارگەیە لە گەڕەکی کەفائات ئولا.

وتی لەسەر بنچینه‌ی زانیاریه‌كان "یەکەیەکی تایبەت رۆیشت بۆ ماڵێكی جێهێڵراوی چەکدارێکی داعش لە گەڕەکی خۆرهەڵاتی کەفائات ئولا لە موسڵ".

وتی یەکەکە ئەمبارێکی ژێرزەمینیی دۆزییەوە کە بە دەیان شمەکی کەلەپوریی تێدابوو، لەنێویاندا نەخشە و دەقی کۆن، کاڵای پێش مێژوویی و کەلەپوری دیکە.

وتی: "داعش ئەم کاڵایانەی لە مۆزەخانەی مێژووی سروشتی و کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی موسڵ دزیبوو دوای ئەوەی شارەکەی گرت."

وتی کەلەپورەکان تۆمارکران و گەڕێندرانه‌وە بۆ زانکۆکە و وتیشی گەڕاندنەوەی کەلەپوری دزراو هێندەی هەوڵی ئازادکردنی [ناوچەکان] گرنگە.

گەڕاندنەوەی کەلەپوری تاڵانکراو

جبوری وتی کاتێك چەکدارەکانی داعش دەستگیردەکرێن "لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکەین بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا بەشدارییانکردووە لە تاڵانكردنی کەلەپور یان موڵکی گشتییدا".

روونیشیکردەوە كه‌ ئامانجەکە ئەوەیە بزانرێت کەی و لەکوێ ئەم کاڵایانە دزراون و بە کێ فرۆشراون و ئاماژه‌شی كرد به‌وه‌ی شمەکی تاڵانکراو پێشتریش لە موسڵ دۆزراونەتەوە.

لە کۆتایی کانونی دووەمدا، هێزە ئەمنییەکان لانیکەم 100 پارچەی ئاركیۆلۆژیی دزراوی کۆنیان دۆزییەوە لە حەشارگەیەکی ناوچەی زیراعی خۆرهەڵاتی موسڵ. زۆربەی ئەم پارچانە گۆزەی سیرامیك و قاپی چاخەکانی بابلی و ئاشورییەکان بوون.

عەمیدی کۆلێژی زانستە سیاسییەکان ئەحمەد فەکاك ئەحمەد بەدرانی وتی داعش دەستی بەسەر زۆر شمەکی بەهاداردا گرت لە زانکۆی موسڵ. هەندێكیان بە قاچاخبران و هەندێکیان لە بازاڕی رەشدا فرۆشران لەکاتێکدا ئەوانیدیکە هێشتا شاراوەن.

وتی مۆزەخانەی مێژووی سروشتیی زانکۆکە گەنجینەی شوێنەواریی تێدابوو کە هی چاخە کۆنەکان بوون، لەگەڵ ئەوانەش کە بۆ مەبەستی پەروەردەیی بەکاردەهاتن.

زانکۆکە شوێنی مۆزەخانەیەکی کەلەپورییش بوو کە شمەکی پیشەی دەستیی نیشاندەدا وکتێبخانەیەکی ناوەندیی گه‌وره‌ و ناوه‌ندێكی توێژینەوەیەشی تێدابوو کە په‌رتوك و دەق و نەخشەی ناوازەیان لەخۆدەگرت.

بەدرانی وتی: "دەمانەوێت هەمووان بێن و بەشداربن لە گەڕاندنەوەی کەلەپورە دزراوەکانمان."

پێشبڕكێ بۆ گەڕاندنەوەی کەلەپورە دزراوەکان

دوای ئەوەی داعش لە حوزەیرانی 2014 موسڵی گرت، کەمپینێکی فراوانی دەستپێکرد بۆ تێکشکاندنی جێگا ئاركیۆلۆژییه‌ دێرینه‌كانی شارەکە و تاڵانکردنی ئەوەی تیایاندایە.

لەئێستادا کە زۆربەی موسڵ لەژێردەستی هێزە عێراقییەکاندایە، بەرپرسانی ناوچەکە هەوڵدەدەن کەلەپورە دزراوەکان بدۆزنەوە کە هێشتا لە شارەکەدا شاردراونەتەوە.

ئەندامی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حەسەن شەبیب سەبعاوی، وتی بۆ گەڕاندنەوەی کەلەپورە دزراوەکانی موسڵ، دەبێت لیژنەی هەماهەنگیی هاوبەش پێکبهێنرێت لەنێوان دەسەڵاتی خۆجێی و هێزە ئەمنییەکاندا.

سەبعاوی بە دیارونای وت پێدەچێت چەکدارانی داعش هەندێك لە شمەکە دزراوەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردبێت لەکاتێكدا لە شەڕی خۆرهەڵاتی موسڵ هەڵهاتن بەرەو بەشی خۆرئاوای شارەکە.

وتی ئەمە مانای وایە هەندێك لەو کەلەپورە دزراوانه‌ دەکرێت هێشتا لە شارەکەدا شاردرابێتنەوە و داوای هەوڵی بەپەلەی کرد بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەیان.

سەبعاوی وتی: "دەبێت لێکۆڵینەوەکانمان چڕتربکەینەوە. گەڕاندنەوەی کەلەپوری مێژوویی بەرپرسیارێتیی هەموو کەسێكە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500