هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

دانیشتوانی خۆرئاوای موسڵ لە شارەکە هەڵدێن سەرەڕای مەترسیەکان

عەلا حسێن لە بەغدا

خەڵکە ئاوارەکەی موسڵ دەگەنە کەمپێك لە دەرەوەی شارەکە. بەگوێرەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 26,000 کەس لە خۆرئاوای موسڵ هەڵهاتوون. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]

خەڵکە ئاوارەکەی موسڵ دەگەنە کەمپێك لە دەرەوەی شارەکە. بەگوێرەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 26,000 کەس لە خۆرئاوای موسڵ هەڵهاتوون. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]

فرمێسك لە چاوی پیرەمێردێکی موسڵ دەڕژا دوای ئەوەی لاشەی دوو کەس لە خێزانەکەی ناسیەوە کە بە بۆمبێکی دەستکردی داعش کوژرابوون لەکاتێکدا هەوڵی هەڵهاتنیان دابوو لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

ئەو دوو کەسە کوژرابوون لەکاتی هەڵهاتنیاندا لە خۆرئاوای موسڵ و رۆیشتنیان بەرەو هێزەکانی عێراق و جێگا ئه‌مینه‌كان.

پیرەمێرده‌کە یەك لەدوای یەك بەتانی سەر جەستەکانی هەڵدایەوە تا بیانناسێتەوە، کە لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە پێیاندا درابوو لەکاتێکدا لەسەر زەویەکە کەوتبوون.

وتی: "ئەمە عەلاوییە، ئەمەش دینایە."

دواتر کەوتە سەرزەویەکە و بەسەری خۆیدا دەکێشا و دەیوت "ژیانم تێكدرا"، لەکاتێکدا ئەو پیاوەی لەگەڵیدا بوو هەوڵیدەدا ئارامیبکاتەوە.

سەربازێکی عێراقی لەو نزیکانە بوو، خەمی خۆی دەربڕی بۆ دۆخی پیرەمێردەکە.

سەربازەکە وتی: "قوربانییەکان بە بۆمبی دەستکرد کوژراون کە لەلایەن داعشەوە دانراون بۆ رێگرتن لەوەی مەدەنیەکان بگەنە سوپای عێراق."

بەڵام رووداوی لەمشێوەیە نەبۆتە رێگر لە هەڵهاتنی خەڵکەکە به‌ره‌ولای هێزەكانی عێراق لەوکاتەوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی شارەکە دەستیپێکردووە و هەر لە چەند رۆژی یەکەمیدا بە هەزاران کەس لە شارەکە هەڵهاتن.

ئاوارەکان توشی 'ته‌حه‌دای پڕمه‌ترسی' دەبنەوە

جێگری پارێزگاری نەینەوا، حەسەن عەلاف، وتی: "ئاوارەکان زۆر ئازاردەچێژن و توشی ته‌حه‌دای پڕمه‌ترسی دەبنەوە." ئاماژەشی كرد بەوەی هێزەکانی عێراق لە یەكکاتدا کاردەکەن بۆ رزگارکردنی ناوچەکان و گواستنەوەی ئاوارەکانیش.

عەلاف داوای لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کرد کە هەوڵەکانی دووبه‌رامبه‌ر بکات و خواردن و ئاوی خواردنەوه‌ی زیاتر بداتە ئاوارەکان.

ناوبراو بە دیارونای وت پێش ئەوەی مەدەنیەکان بگوازرێنەوە بۆ کەمپی ئاوارەکان لە جەددە، حەمام عەلیل، مەدرەج و حاج عەلی، هێزەکانی عێراق دەبێت به‌دواداچوون بۆ زانیاریەکانیان بکەن لە بانکێکی زانیاریی ئەلەکترۆنیدا.

بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، وا پێشبینیدەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا و له‌گه‌ڵ پێشڕەویی هێزە عێراقیەکاندا 250,000 کەس لە خۆرئاوای موسڵ هەڵبێن.

کارمەندی رۆژنامەوانیی رێکخراوی کۆچ، هالە جابر، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "نیگەرانییەکی جددی هەیە دەربارەی ژیانی ئەو 750,000 کەسەی لە بەشی خۆرئاوای پڕ دانیشتواندا گیریانخواردووە، چونکە هەموو رۆژێك دۆخەکە خراپتردەبێت، بەگوێرەی راپۆرتەکان و لێدوانی ئەو کەسانەی کە توانیویانە هەڵبێن."

پەرلەمانتاری عێراقی عەبدولڕەحیم شەمەری هیوای دەربڕی کە بەمزوانە ئاوارەکان دەتوانن کەمپەکە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

شەمەری بە دیارونای وت: "هێزەکانی عێراق چەندین ئۆتۆمبیلیان دابینکردووە بۆ گواستنەوەی ئاوارەکان لە بەرەکانی شەڕەوە بۆ ناوه‌نده‌ تایبەتیه‌كانی داڵدەدان، کە لەوێ ناسنامەکانیان دەپشکنرێت پێش ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ کەمپی ئاوارەکان."

وتی ئەوە دەکەوێتە سەر کەسەکان بڕیاربدەن لە کەمپەکان بمێننەوە یان رووبکەنە خۆرهەڵاتی موسڵ، کە رەنگە لەوێ خزمیان هەبێت لەلایان بمێننەوە.

کەمپەکان 'دۆخێکی کاتیین'

وەزیری کۆچ و کۆچبەران، جاسم محەمەد، وتی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دڵنیایی داوە لەوەی خۆراك، خواردنەوە و پێداویستیەکانی دیکە هەن بۆ ئەوانەی پەنایان بردۆتەبەر کەمپەکان.

ناوبراو مانگی رابردوو وتی کەمپەکان وەك هەنگاوێکی کاتی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بۆیە زۆر تەرکیز ناخرێتە سەر کردنەوەی خزمەتگوزاریەکان، وەك خوێندنگە.

وتی: "سیاسەتمان لە بنیاتنانی کەمپەکاندا ئەوەیە کە دۆخێکی کاتییە و دەبێت کۆتایی پێبێت کاتێك گەڕەکەکان ئازاد دەکرێن."

وتی لە هەر دۆخێکدا بێت پاڵپشتیی دارایی ئەوتۆ نیە بۆ دامەزراندنی ئەو خزمەتگوزاریانە، چونکە حکومەتی عێراقی تەنیا یەك ملیۆن دیناری عێراقی (850 دۆلار) بۆ هەر ئاوارەیەك دابینکردووە، بۆ پارەی گیرفان و خزمەتگوزاریه‌کان کە دەدرێتە کەمپی ئاوارەکان.

جێگری وەزیری کۆچ و کۆچبەران، جاسم عەتیە، بە دیارونای وت سەرەڕای ئەم بەربەستانە، چادره‌كانی زۆربەی کەمپەکانی خۆرائاوای موسڵ "زۆرباشن" و هەموو پێداویستیەکی سەرەتاییان تێدایە.

وتی رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییه‌كان پاڵپشتیی گرنگیان پێشکەشکردووە بۆ دامەزراندنی کەمپەکان، له‌كاتێكدا پێشکەشکردنی پاڵپشتی لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و ناوخۆییه‌وه‌ لەڕێی ئاژانسەکانی وەك بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەینەوا ئه‌نجامده‌درێت.

وتی بەڕێوەبەرێتیەکە كه‌ره‌ڤانی لە کەمپەکاندا داناوە تا خەڵکی نەخۆش یان بریندار له‌وێ دەستیان بە فریاکەوتنی سەرەتایی بگات.

وتیشی پلانی وەزارەتەکە گەڕاندنەوەی ئاوارەکانە بۆ ناوچەکانی خۆیان دوای ئەوەی هێزە عێراقیەکان بەتەواوی ئاسایشیان دابیندەکەن، بۆ ئەوەی کەمپەکان بەتاڵبن بۆ پێشوازیکردن لە خەڵکی ئاوارەی ناوچەکانی تر.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500