حکومەتی عێراق ئەم مانگە هاوکاری دارایی دابینکردووە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی ژیانی ئاوارە ناوخۆییەکان و هەژارانی وڵاتەکە، کە دوچاری ئاڵەنگارییەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) بوونهتهوه.
هاوکارییە 262 ملیۆن دۆلارەکە دەچێت بۆ ئەو بازرگانیانەی پشتیوانیدهكهن لەو ئاوارە ناوخۆییانەی هێشتا لە کەمپەکاندا نیشتەجێن، هەروەها بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی دانیشتوانی کەمپەکان دەکرێن و بەکاردەهێنرێت بۆ پشتیوانیكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناوچە هەژارنشینەکانیش.
بەڕێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانان، عەبدولزەهرە هینداوی بە دیارونای وت ئەو هاوکارییە داراییانە لەکاتێکدا دابینکراون کە داتاکان ئەوە پیشاندەدەن کە هەژاری له ڕێژەی لەسەدا 20 لە 2018دا بەرزبۆتەوە بۆ رێژەی لەسەدا 31.7 لەمساڵدا.
هینداوی وتی ئەمە بەو واتایە دێت کە 11.4 ملیۆن عێراقی لە زیاتر لە 39 ملیۆن دانیشتوو، لە هەژاریدا دەژین.
روونیکردەوە کە بەرزبوونەوەکەی ئەمدواییە "لە ئەنجامی پەتای کۆڤید-19 دێت کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەژاران و ئەوانە هەبووە کە دهستكهوتێكی رۆژانەی كهمیان ههیه، لەکاتێکدا هەلی کار تاڕادهیهك یان ههر بهتەواویش نەماوه".
وتی: "ئەمە ئەوەیە کە پێیدەڵێین هەژاری راگوزهر، کە بەهۆی قەیرانێکەوە روودەدات" و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە ئەم قەیرانە زۆرترین کاریگەریی لەسەر لاواز و کەمدەرامەتەکان دهبێت.
هینداوی وتی وەزارەتی پلاندانان پلانە ستراتیژییەکەی گۆڕیوە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری، هاوکات لەگەڵ گۆڕینی بارودۆخی کۆمەڵایەتیش.
وتی هاوکارییەکانی دیکە سەرنجدەخەنە سەر كۆمهك و پشتیوانی فریاگوزاری بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان و ئەمینکردنی گەڕانەوەیان و رێگەدانیان بە رێکخستنەوەی ماڵەکانیان، هەروەها زیادکردنی خزمەتگوزاریە گشتییەکان و هەلی کار لەو ناوچانەی داهاتێکی کەمیان هەیە.
هینداوی ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە بەگوێرەی دواهەمین داتاکانی هەژاری، وەزارەتەکە پێشنیاریکردووە کە بەرپرسانی ناوخۆیی و فیدڕاڵ پێکەوە بەرەنگاری کاریگەرییەکانی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببنەوە و رێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر.
وتیشی: "پێشنیازمانکردووە بە دابینکردنی هاوکاری دارایی نوێ بۆ خەڵکانی کەمدەرامەت و زیادکردنی بڕەخۆراک و یارمەتییە داراییەکان، باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان و پێشخستنی تواناکانیان."
هاوکاریکردنی ئاوارەکان
محەمەد عوبەیدی، دانیشتوویهكی کەمپی مەدینە سیاحەی ئەنبار، بە دیارونای وت هیواخوازە ئاوڕێکی زیاتر لە خێزانە ئاوارەکان و پێداویستییەکانیان بدرێتەوە.
وتی: "ژیان لەنێو کەمپەکاندا هێشتا سەختە، تەنانەت ئەگەر هاوکاری خۆراکی و داراییش هەبێت. ئێستا، بەهۆی ئەم پەتایەوە، دۆخی ژیان سەختتر بووە."
وتیشی: "زۆربەی ئەو كارانهی دەمانکرد و پارەیەکی کەممان دەستدەکەوت، بەهۆی پەتاکەوە نەماون."
بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرێتی سەرپەرشتیکاری لقەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، عەلی جەهانگیر وتی ئەوەی لەسەر وەزارەتەکەیە هەوڵیداوە یارمەتی تەواوی ئاوارە ناوخۆییەکان بدات بە دابینکردنی کەرەستە پێویستیەکان بۆ کەمپەکان.
بە دیارونای وت: "لە شەش مانگی رابردوودا، بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان، تیمەکانمان سەرکەوتووبوون لە دابەشکردنی 1.8 ملیۆن بەشە كۆمهك بۆ خێزانە ئاوارەكان، کە پێکدێت لە خۆراک و پێداویستی پزیشکی."
جەهانگیر وتی: "هەوڵەکانمان بەردەوامن لەکاتێکدا خەریکی بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی پەتاکەین لەسەر بارودۆخی ژیانی هەردوو ئاوارە ناوخۆییەکان و گەڕاوەکانیش."
وتی هەوڵێکی هاوبەش پێویستە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی هەژاری لەنێو ئەو بەشەی دانیشتواندا، لەگەڵ وەزارەت بەردەوامین لە دابینکردنی خۆراک و هاوکاری دارایی "لەکاتێکدا پلانێکی زۆر باش پەیڕەودەکەین بۆ داخستنی تەواوی کەمپەکان".
وتیشی لەئێستادا 47 کەمپ هەن، کە پێشتر 174 کەمپ بوون، وەزارتەکەش هیوادارە بتوانێت کەمپی زیاتر دابخات لەمساڵدا، بەگوێرەی رێنماییە وەزارییەکان کە پشتیوانی گەڕانەوەی خۆبەخشانە دەکات.
گەڕانەوەکان لەڕێی رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانهوه ئاسانکارییان بۆ دەکرێت.
جەهانگیر وتی بۆنمونە لە موسڵ رێکخراوی كۆچی نێودەوڵەتی پلانی هەیە نزیکەی 150 خانوو لە چەند مانگی داهاتوودا دروستبکات بۆ نیشتهجێكردنهوهی ئاوارەکان و گێڕانهوهی ژیانی ئاسایی بۆ شارەکە.