تێرۆریزم

بەرەی نوسرە لە ئیدلیب شەڕی هاوپەیمانەکانی پێشووی دەکات

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

image

خەڵکی ئیدلیب لەڕیزدا وەستاون بۆ وەرگرتنی نان لە نانەوا. پێکدادانی بەردەوام لە ناو شارەکەدا لەنێوان جەبهەی نوسرە و هاوپەیمانانی لەنیو ئۆپۆزسیۆندادابەشکردنی ئاردی وەستاندووە. [خاوەنی وێنە: لیژنەی هەماهەنگیی شۆڕشی سوریا لە ئیدلیب]

پێکدادانی ئەمدواییانە لەنێوان گروپە ئۆپۆزسیۆنە رکابەرەکان لە پارێزگای ئیدلیبی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا گۆڕانکاریی لە هاوپەیمانێتیەکدا دەردەخات کە هەڕەشە لە مانەوەی بەرەی نوسرە دەکات، پسپۆڕ و چالاکوانان بە دیاورنایان وت.

بۆ زیاد لە هەفتەیەكە، بەرەی نوسرە، کە ئێستا بە بەرەی فەتح شام ناسراوە، شەڕی ئۆپۆزسیۆنە هاوپەیمانەکانی پێشووی خۆی دەکات بە چڕبوونەوەی شەڕ لە دەروبەری ئیدلیب.

هەندێك لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان لایەنگری بەرەی نوسرە دەکەن، لەکاتێکدا ئەوانیدیکە پاڵپشتیی خۆیان بۆ هاوپەیمانی پێشووی بەرەی نوسرە، ئەحرار شام، راگەیاندووە .

ئەیمەن تەمیمی، پسپۆڕ لە بزووتنەوە توندڕەوەکاندا سێشەممە (31 کانونی دووەم) بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت، "ئەمە شەڕێکە لەنێو شۆڕشەکەدا،" ئاماژەی بەوەکرد کە پێکدادانەکانی ئێستاکە توندڕەوەکان دەخاتە بەرامبەر ئەوانەی هەوڵی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ شەڕەکە دەدەن.

وتی دەکرێت ئەمە سەربکێشێت بۆ شەڕی مانەوە کە بەرەی نوسرە ئامادەی دۆڕاندنی نیە.

ناوزەدکردنی بەرەی نوسرە بە گروپێکی تیرۆرستی لەژێر ناوە نوێیەکەیدا بەشێوەیەك بەرپرسە لەم گۆڕانکارییە لە ریزەکاندا، پسپۆڕان بە دیارونایان وت.

وتیان هەندێك لایەن ئامادەن لەگەڵ ئەحرار شام یەکبگرن بۆ پێکهێنانی هێزێکی میانڕەو کە بتوانێت پاڵپشتیی و دانپێدانانی نێودەوڵەتی کۆبکاتەوە، تا بتوانن بەشداری بکەن لە قۆناغی داهاتووی چارەسەری سیاسی لە سوریا.

دوو بەرە لە ئیدلیب دەردەکەون

چالاکوانی رۆژنامەوانیی مەحمود حاجی کامل لە ئیدلیب وتی: "دۆخی ئەمنیی لە دەوروبەری ئیدلیب لە 22 کانونی دووەمدا زۆر خراپ بوو، دوای ئەوەی بەرەی نوسرە هێرشی کردە سەر بنکەکانی جەیش موجاهیدین و ژمارەیەك لە لایەنەکانی دیکە."

وتی دۆخەکە ئارامبۆوە دوای ئەوەی ئەو گروپانەی لەلایەن بەرەی نوسرەوە بەئامانج گیرابوون یەکگرتنیان لەگەڵ ئەحرار شام راگەیاند.

وتیشی ئەو لایەنانە جەیش ئیسلام، جەبهە شامیە، یەکێتی فەستەقیم کەما ئومیرت، جەیش موجاهیدین و لیوای سوقور شام لەخۆدەگرێت.

وتی: "پێکدادانەکان بوونە هۆی ئەوەی بەرەی نوسرە دەست بەسەر زیندانی ناوەندی ئیدلیبدا بگرێت دوای کشانەوەی ئەندامانی سوقور شام، کە سەر بە ئەحرار شامن."

وتی بەرەی نوسرە هێرشی کردە سەر ئەو ناوچانەش کە لەلایەن جەیش موجاهیدینی سەر بە سوپای سوریای ئازادەوە کۆنترۆڵکرابوون، دەستیشی بەسەر شارۆچکەکانی عەنەدان، زەربە و حەلەزۆندا گرت. لەکاتێکدا جوند ئەقسای هاوپەیمانی بەرەی نوسرە ژمارەیەکی زۆر لە شارۆچکەیان گرت لە ناوچەی جەبەل زاویە، لەنێویاندا حیزاریین، ئەبدێتا، ئیبلین و بەلشون.

وتی: "لەلایەکی دیکەوە، بەرەی نوسرە زۆر ناوچەی ژێردەستی خۆی لەدەستدا، بەرچاوترینیان مەعارەت نوعمان لە باشوری دەوروبەری ئیدلیب، لەگەڵ شارۆچکەکانی ئیحسیم، مەریان، دێر سونبول، شنان و بەنین."

وتی: "ئەو شەڕ و پێکدادانە توندوتیژانەی کە رویاندا لەنێوان بەرەی نوسرە و لایەنە چەکدارەکانی دیکەدا لەلایەن هەموو کەسێکەوە لە ئیدلیب پێشبینی دەکرا، بەهۆی ئەو تەنگژانەی لە چەند مانگی رابوردوودا لە ناوچەکەدا پەنگیان خواردبۆوە."

خەونی ئیمارەت دەپوکێتەوە

لیوا وائیل عەبدولموتەلیب کە ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی سوپای میسرە و پسپۆری گروپە تیرۆرستییەکانە وتی پێکدادانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئیدلیب جێی سەرسوڕمان نیە، بەهۆی زۆریی دیدگا و بێتوانایی هەریەکێك لەو گروپانە لە زاڵبوون.

بە دیارونای وت: "بە کۆبوونەوەی دەیان لایەنی ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەی ئیدلیب، دەبوو چاوەڕوانبکرێت کە دۆخەکە دوای ماوەیەك دەتەقێتەوە."

وتی دۆخەکە بەهیچ شێوەیەك لە خزمەتی بەرەی نوسرەدا نەبووە. ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو شلۆقییە هەڕەشەیە لە توانای کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر هەندێك ناوچەدا.

وتیشی ئەمە هەڕەشەیە بۆ سەر خەونی بەرەی نوسرە بۆ دامەزراندنی ئیمارەتێکی ئیسلامییش، بۆ ئەمە گروپەکە لە ئێستاوە بنەماکانی داڕشتووە، بە بڵاوکردنەوەی تەفسیری توند بۆ شەریعە لە ناوچەکانی ژێردەستی خۆیدا.

بۆ ئەو گفتوگۆیانەش لە دەرەوەی سوریا دەکرێن ، عەبدولموتەلیب وتی، "پێگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەرەی نوسرە بەنزیکەیی یەکگرتووە لە ناوزەدکردنی بە گروپێکی تیرۆرستیی، بەمشێوەیەش دەرکردنی لە هەر گفتوگۆیەكی [ئاشتی] بۆتە دەرەنجامێکی پێشوەخت".

وتیشی ئەمە سەرەڕای بانگەشەی بەرەی نوسرە بەوەی خۆی لە قاعیدە جیاکردۆتەوە .

لایەنەکان لە بەرەی نوسرە جیادەبنەوە

چالاکوانی رۆژنامەوانی سۆمەر ئاغا کە لەگەڵ لیژنەی هەماهەنگیی خۆجێیی سەلامییە کاردەکات و چاودێریی دۆخی ئیدلیب دەکات وتی: "هەموان، لەنێویاندا مەدەنیی و چەکداران، باش دەزانن کە بەرەی نوسرە تەواو وەك 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام'ی لێهاتووە."

بە دیارونای وت، هەروەك داعش، بەرەی نوسرە "کراوەتە ئامانجی هێرشی ئاسمانیی و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی چونکە لەنێو رێککەوتنی ئاگربەستدا نیە".

وتی بەرەی نوسرە و داعش لە گفتوگۆکانی ئاستانەدا بێبەشکران و کاردانەوەی سەرەتایی بەرەی نوسرەش تۆمەتبارکردنی ئەو گروپانە بوو کە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد بەوەی دژی ئەو کاردەکەن، شەڕی ئەو دەکەن و خۆیان خستۆتە پاڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

وتی: "ململانێی راستەقینەی دۆخەکە و ئەو ئاماژانەی پێش شەڕ دەکەن لەنێوان لایەنەکاندا هەستی پێدەکرا کاتێك [هەموو گروپەکان] کەوتنە دۆخی ئامادەباشییەوە هەر کە ناوی ئەو لایەنانە راگەیەندرا کە بەشداریی گفتوگۆکانی ئەستانە دەکەن و هەواڵی بێبەشکردنی بەرەی نوسرە بڵاوبۆوە."

وتی لەئاکامدا، هەموو لایەنەکان کاردەکەن تا خۆیان لە بەرەی نوسرە بەدووربگرن و پەیوەندی بکەن بە ئەحرار شامەوە، کە توانیویەتی چەندین لایەن رابکێشێت بۆ روبەڕوبوونەوەی بەرەی نوسرە و لەهەمانکاتدا ئۆپەراسیۆن بەردەوامە بۆ دەرکردنی لە ئیدلیب.

وتی ئەمیرەکانی بەرەی نوسرە و یەکەکانی شەڕی "زۆر نیگەرانن" لە هەوڵی جیابوونەوە و روکردنە ئەحرار شام، چونکە چەکدارانی گروپەکە بەئاشکرا "تێگەیشتن لەو دۆخە خراپەی بەرەی نوسرەی تێکەوتووە دوای بێبەشکردنی".

وتی بۆ چارەسەری ئەم نیگەرانییە، بەرەی نوسرە ناسنامەی ئەندامانی دەپشکنێت لە خاڵەکانی پشکنیندا، بەتایبەت ئەندامە سورییەکانی و رێیان لێدەگرێت لەوەی ناوچەکانی ژێردەستی بەرەی نوسرە بەجێبهێڵن.

وتی دانیشتوانی ئیدلیب باسی دۆخێکی نیگەرانیی تەواو لەنێو ئەندامانی بەرەی نوسرەدا دەکەن، وتیشی ئەمە بۆ هەریەکە لە چەکدارانی سوریی و بیانیی راستە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
1
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)