هه‌واڵه‌كانی عێراق

گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا لەگەڵ بەرەی نوسرە یەکدەگرن

چەند باڵێکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا شەممە (28 کانونی دووەم) رایانگەیاند کە یەکیانگرتووە لەگەڵ بەرەی نوسرەدا، کە ئێستا بە بەرەی فەتح ئەلشام ناسراوە، دوای چەند رۆژێك لە پێکدادان لەگەڵ گروپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان و بەرەی نوسرە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

بەرەی نوسرە و چوار باڵی ئۆپۆزسیۆن - نورەدین زینکی، لیوای حەق، بەرەی ئەنسار ئەلدین و جەیش ئەلسونە - جاڕنامەیەکیان مۆرکرد و رایانگەیاند کە هاوپەیمانێتیه‌کی نوێیان پێکهێناوە بەناوی تەحریر ئەلشام (رزگاركردنی سوریا).

گروپەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە کە "لە روانگەی ئەو پیلانگێڕیانەوه‌ کە شۆڕشی سوریا دەهەژێنن... ئێمە هەڵوەشانەوەی هەموو ئەو گروپانە رادەگەیەنین کە لە خوارەوە ناویانهاتووە و تێکەڵکردنیان لەناو قه‌وارەیەکی نوێ بەناوی 'تەحریر ئەلشام'".

ئەم هاوپەیمانێتیە نوێیە دوای چەند رۆژێك له‌وه‌ دێت کە باڵەکانی ئۆپۆزسیۆن پەیوەدییانکرد بە گروپی ئەحرار ئەلشامەوە.

بەرەی نوسرە و ئەحرار ئەلشام بۆ چەندین ساڵ هاوشانی یەکتر جەنگاون دژی هێزەکانی رژێم لە ئیدلیب، بەڵام بەرەی نوسرە لەمدواییانەدا توشی پێکدادان بوو لەگەڵ هاوپەیمانەکانی پێشوی لە ئیدلیب و حەلەبدا.

روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند کە شەڕ بەردەوام بوو رۆژی شەممە و بەرەی نوسرەش ناوچەی ئیحسیم و گوندی دانای لەده‌ست باڵەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلیب ده‌رهێنا.

بەرەی نوسرە خراوەتە دەرەوەی هەردوو ئاگربەستی هەستیاری سەرتاسەریه‌وه‌ کە کاریپێدەکرێت لە 30 کانونی یەکەمەوە لەگەڵ وتوێژی ئاشتی ئەمدواییەشدا لە ئەستانە.

گروپەکە ئۆپۆزسیۆنی بەوە تۆمەتبارکردووە کە هەوڵی پەراوێزخستنی دەدات دوای ئەوەی بووەته‌ ئامانجی هێرشه‌ ئاسمانیه‌ کوشندەكان، کە زۆربەیان لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ئەنجامده‌درێن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500