هه‌واڵه‌كانی عێراق

گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا دژی بەرەی نوسرە یەکدەگرن

چەند بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێنجشەممە (26 کانونی دووەم) یەکیانگرت دژی گروپی پێشوی لایەنگیری قاعیدە لەو وڵاتەی بەهۆی شەڕەوە وێرانبووە، دوای ئەوەی پێکدادان لەنێوان هێزەکانی دژە رژێم پێینایە رۆژی سێیەم، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

پێنج گروپی ئۆپۆزسیۆن چونە پاڵ گروپی ئەحرار ئەلشام بۆ شەڕکردن دژی بەرەی نوسرە، کە ساڵی رابردو ناوەکەی خۆی گۆڕی بۆ بەرەی فەتح ئەلشام دوای دەنگۆی پچڕاندنی پەیوەندی بە قاعیدەوە.

پێکدادانەکان سەرەتای ئەم هەفتەیە رویاندا دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بەشداریکرد لە وتوێژی ئاشتی لە ئەستانەی پایتەختی کازاغستان، کە لەسەر ئاگربەستێکی هەستیاری سەرتاسەری بنیاتنراوە.

بەرەی نوسرە، کە خراوەتە دەرەوەی ئاگربەستەکە و بەشداری وتوێژی ئەستانەی نەکرد، هەر وەك "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی تۆمەتبارکردووە بەوەی کە رێکەوتنێکی ئەنجامداوە بۆ جەنگان و تێکشکاندنی رێکخراوەکە.

رۆژی پێنجشەممە، بەرەی نوسرە هێرشی کردە سەر بنکەیەکی باڵی جەیشی موجاهیدین ، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ گروپەکانی ئۆپۆزسیۆندا لە پارێزگاکانی باکوری ئیدلیب و حەلەبی هاوسنور.

لە راگەیەندراوێکدا، ئەحرار ئەلشام پێنجشەممە رایگەیاند: "لە کاتژمێرەکانی رابردودا زنجیرەیەك دەستدرێژی شۆڕشی پیرۆزی ئێمەیان کردۆتە ئامانج، کە بووەتە هۆی روبەڕوبوونەوەی سەرتاسەری."

راگەیەندراوەکە وتی ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە پێنج گروپی ئۆپۆزسیۆن، لەنێویاندا جەیشی موجاهیدین و سوقور ئەلشام، ببن بە بەشێك لە ئەحرار ئەلشام.

راگەیەندراوەکە هۆشداریدا کە "هەر هێرشێك بۆ سەر ئەندامانی بزوتنەوەکە یان بنکەکانیان وەك راگەیاندنی جەنگ هەژماردەکرێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500