هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ژیانی ئاسایی لە گەیارەی ئازادکراودا دەستپێدەکاتەوە

عەلاء حسێن لە بەغدا

دانیشتوانی شارۆچکەی گەیارە لە پارێزگای نەینەوا پێشوازی لە هێزەکانی عێراق دەکەن بۆ ناو شارەکەیان لەکاتێکدا ئاهەنگی رزگاربوون لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەگێڕن. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

دانیشتوانی شارۆچکەی گەیارە لە پارێزگای نەینەوا پێشوازی لە هێزەکانی عێراق دەکەن بۆ ناو شارەکەیان لەکاتێکدا ئاهەنگی رزگاربوون لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەگێڕن. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

دوای زیاتر لە دوو ساڵ ژیان لەژێر گەمارۆی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دا، دانیشتوانی شارۆچکەی گەیارە لە باشوری نەینەوا دەستدەکەنەوە بە ژیانی رۆژانە و هاریکاریی هێزەکانی عێراق دەکەن لەگەڕانەوەی سەقامگیریدا.

سەرەکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی مانگی پێشوو رزگارکردنی تەواوەتیی ئەم ناوچە نەوت بەرهەمهێنەی راگەیاند و ئازادکردنی گەیارەی لەقەڵەمدا بە "هەنگاوێکی گرنگ بەرەو بەدەستهێنانی ئامانجێکی گەورەتر کە رزگارکردنی موسڵە".

لەکاتێکدا هێزە هاوبەشەکانی سوپا و دەزگای دژەتێرۆر رۆژی 25 ئاب رژانەناو شەقام و گەڕەکەکانی گەیارەوە، دانیشتوانەکەی بە شادی و ئاهەنگگێڕان پێشوازییان لێکردن.

سەرەکئەرکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی سوپای عێراق، عەقید روکن فەلاح فازڵ، بە دیارونای وت: "شادیی دانیشتوان و هێزە ئەمنیەکان شادیی سەرکەوتنە کە ئەمڕۆ دەتوانین لە سیمای لاوان و بەتەمەنەکانیشدا بیبینین."

ناوبراو وتی: "ئیمە بە خەڵکی عێراقمان دەڵێین کە سەرکەوتن لەسەرتاسەری وڵاتدا نزیکبووەتەوە. موسڵ لە گەیارەوە دوور نیە و بەمزوانە لەدەست داعش رزگاردەکرێت."

هەروەها رائید حازم کەریم وتی: "سەرەتا خەڵکەکە دەترسان چونکە مەزەنەیان نەدەکرد دەزگای دژەتێرۆر ئاوا لەکاتێکی کورتدا بچێتەناو شارەکەوە." وتیشی چەکدارانی داعش لە تەنها دوو رۆژدا لە گەیارە دەرپەڕێندران.

ناوبراو بە دیارونای وت: "بەڵام کاتێك چووینەناو ناوەندی شارەکە و شەقامە سەرەکیەکەیەوە، دانیشتوانەکە بە دڵخۆشی و چەپڵەلێدان پێشوازییان لێکردین."

دانیشتوان هاوکاریی هێزەکانی عێراق دەکەن

رائید کەریم وتی خەڵکی عێراق هەر زوو دەستیانکردە هاوکاریکردنی هێزە رزگارکەرەکان و دابینکردنی زانیاریی ئەمنیی بەنرخ دەربارەی جێگای بۆمبە دەستکردەکان و خانووە بۆمبڕێژکراوەکان و میوانخانه‌كانی داعش.

وتی ئەو میوانخانانه‌ بنکە سەرەکیەکانی داعش و پەناگای چەکدارە بیانییەکانی گروپەکە بوون.

وتیشی مەدەنیەکان "رێنماییمان دەکەن بۆ ئەو بینایانەی ئەندامانی ئەم گروپە تێرۆریستیە تیایدا نیشتەجێ بووبوون پێشئەوەی هەڵبێن بۆ دەرەوەی شارەکە".

هەروەها وتی هێزەکانی عێراق، به پشتگیریی دانیشتوانەکە و زانیاریی ئەمنی، 15 ئەندامی داعشیان دەستگیرکرد کە لە شارەکەدا مابوونەوە، لەکاتێکدا دەیانی تر هەڵهاتن بۆ ناوچەی حود لە باکوری گەیارە.

هەروەها فەرماندەی فەوجی دژەتێرۆری نەجەف، موقەدەم روکن عەلی حسێنی، کە لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی گەیارەدا بەشداریی کردبوو، وتی: "پشتگیریی دانیشوان لە هێزە ئەمنیەکان لە مەزەنە بەدەرە."

ناوبراو بە دیارونای وت هەندێکیان رێنمایی هێزەکانی عێراق دەکەن بۆ جێگای ئەو ئەندامانەی داعش کە لە شارەکەدا ماونەتەوە، لەکاتێکدا خەڵکی تر خەریکی لابردن و دوورخستنەوەی پاشماوەکانی گروپەکەن، ئاڵاکانیان دەدڕێنن و دروشم و سیمبۆڵەکانیان لەسەر بیاناکان بە بۆیە دەسڕنەوە.

هەروەها وتی ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەرانی حکومەت رۆژێك دوای رزگارکردنی گەیارە دەستیانکردەوە بە کار تا گەڕانەوەی خێرای خزمەتگوزاریەکانی ئاو و کارەبا مسۆگەربکەن.

حسێنی وتی هەندێکی تر لە دانیشتوان یارمەتیی هێزەکانی عێراق و تیمە ئەندازیارییەکانی وەزارەتی نەوت دەدەن بۆ کوژانەوەی ئەو ئاگرەی داعش لە بیرە نەوتیەکانی گەیارەی بەرداوە پێشئەوەی لە ناوچەکە هەڵبێن.

وتیشی: "هەموو ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە عێراقیەکان چەندە دەخوازن وڵاتەکەیان بینابکەن لەژێر سایەی ئاڵای دەوڵەتی عێراق و پارێزگاریی سوپای عێراقدا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500