هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

بەرپرسان: لەکاتی رزگارکردنی گەیارەدا کۆڕەو رووینەدا

عەلا حسێن لە بەغدا

هێزەکانی عێراق شاری گەیارەی پارێزگای نەینەوایان لە 23 ئابدا گرتەوە بە کەمترین ئاوارەبوون و گیانلەدەستدان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگریی عێراق]

هێزەکانی عێراق شاری گەیارەی پارێزگای نەینەوایان لە 23 ئابدا گرتەوە بە کەمترین ئاوارەبوون و گیانلەدەستدان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگریی عێراق]

شەڕی ئەم دواییەی سوپای عێراق بۆ ئازادکردنی شاری گەیارەی پارێزگای موسڵ لەدەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بەبێ شەپۆلی ئاوارە و بە کەمترین قوربانی مەدەنی بەدەستهات، بەرپرسان بە دیارونایان وت.

هێزەکانی عێراق شارەکەیان لە 23 ئابدا گرتەوە، لەکاتێکدا زیاتر لە 25,000 دانیشتوان لە ماڵەکانیاندا خۆیان حەشاردابوو، چاوەڕوانی کۆتایی پڕۆسەی رزگارییان دەکرد.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا داود جوندی بە دیارونای راگەیاند رزگارکردنی گەیارە، کە لە باشوری موسڵە، "سەرکەوتنێکی بەرچاو بوو چونکە بەبێ ئاوارەبوونی دانیشتوان و بەبێ [ژمارەیەکی] بەرچاو لە قوربانی مەدەنیی بەدەستهات".

وتی ئەمە بەشێکی بەهۆی نامیلکە فڕێدراوەکانەوە بوو کە پێش شەڕەکە رێنمایی دانیشتوانەکەی کردبوو لە ماڵەوە و دوور لە پێگەکانی داعش بمێننەوە.

وتیشی هەوڵە هەواڵگرییە پڕوردەکارییەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لە ئاستێکی باڵادا بەشداری لە سەرکەوتنی سوپادا کرد.

دانیشتوان زانیاری دەبەخشن

جوندی وتی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە پێشکەشکران بەشدارییکرد لە تەواوکردنی پڕۆسەی ئازادکردندا، بە کەمترین زیان و هەڵەی سەربازییەوە.

رایگەیاند: "دانیشتوان گروپی هەواڵگرییان پێکهێنا و بەردەوام پەیوەندییان بە دەزگا ئەمنییەکانەوە دەکرد بۆ پێدانی زانیاریی دەربارەی پێگەکانی داعش و شوێنی ئۆتۆمبیل، چەك و حەشارگەکانیان."

وتیشی ئەگەری زۆرە سوپا ئەم سەرکەوتنە بەرکاربێنێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی چاوەڕوانکراوی رزگارکردنی موسڵ و تا کە شەڕەکە دەستیپێکرد، چەند پێیبکرێت بەربگرێت لە شەپۆلی ئاوارەبوونی پێشبینیکراو.

وتی دوای ئازادکردنی گەیارە، سوپا رێی خۆشکرد بۆ هاتنەناوەوەی بڕێکی زۆر لە خواردن و ئاوی خواردنەوە کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و ئیدارەی خۆجێی و مانگی سوری عێراقییەوە دابینکرابوون.

سەرۆك خێڵێکی نەینەوا، شێخ خالید سەباح جەبوری وتی: "ئەوەی لە نەینەوا روویدا بەرهەمی هاوکارییکردنی نێوان دانیشتوان و هێزە ئەمنییەکان بوو." وتیشی: "دەکرێت ئەم ئەزموونە لە شەڕی رزگارکردنی موسڵدا دووبارەبکرێتەوە".

بە دیارونای راگەیاند: "پاڵپشتی جەماوەریی كورتنه‌بووبووه‌وه‌ بۆ پێشکەشکردنی زانیاری هەواڵگریی لەکاتی شەڕەکەدا." وتیشی دوای ئەوەی شارەکە رزگارکرا، دانیشتوان هێزە عێراقییەکانیان ئاراستەکرد بەرەو باره‌گا و زیندان و "دادگای شەریعەت"ەکانی داعش.

زیانی زۆری داعش

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان عەمید یەحیا رەسوڵ رایگەیاند ئەم "سەرکەوتنە خێرا و یەکلاکەرەوەیە" لە گەیارە مانای ئەوە نیە شەڕەکە ئاسان بوو.

بە دیارونای وت: "لەلایەکەوە دانیشتوانەکەمان دەپاراست و لەلایەکی دیکەوە زیانی زۆری گیانیی و ماددیمان بە داعش دەگەیاند."

وتی نزیکەی 700 چەکداری داعش لەکاتی شەڕەکەدا کوژران، جیالەوەش هێزە ئەمنییەکان زۆر ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویان تێکشکاند و بە سەدان بۆمبی دەستکردیان پوچەڵکردەوە.

رایگەیاند هێزەکانی عێراق میوانگه‌كانی داعش و بنکەکانی فه‌رمانده‌یی و كۆنترۆڵی ئەو گروپە و سەرکردەکانیشیان کردە ئامانج.

رەسوڵ رایگەیاند: "ئەم هێرشە گورچکبڕ و بە هەماهەنگییکراوە لەلایەن هێزە ئەمنییە هاوبەشەکانەوە بووە هۆی شپرزەیی لە ریزەکانی ئەو گروپە تیرۆرستییەدا کە ئەندامانی هه‌ڵاتن له‌گه‌ڵ پێشڕەویی هێزە عێراقییەکان دا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

نەفرەتی خودا لە داعشی بێشەرەف بێت. ئەحمەدی - زانکۆی تاران

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌