هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

تیمە عێراقیەکان هەوڵی کوژانەوەی ئاگرەکەی داعش دەدەن لە بیرە نەوتەکانی گەیارە

خالید تائی

دوکەڵی رەشی ئەو بیرە نەوتییانەی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' گڕی تێبەردابوون ئاسمانی گەیارەی پڕکردووە لە پارێزگای نەینەوا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگریی عێراق]

دوکەڵی رەشی ئەو بیرە نەوتییانەی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' گڕی تێبەردابوون ئاسمانی گەیارەی پڕکردووە لە پارێزگای نەینەوا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگریی عێراق]

نزیکەی دوو هەفتەیە تیمە ئەندازیارییەکانی عێراق هەوڵدەدەن بۆ کوژانەوەی ئاگری ئەو شەش بیرە نەوتەی گەیارە کە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) گڕی تێبەردان ئەوکاتەی مانگی پێشوو هێزە رزگارکەرەکان پێشڕەوییان بۆ ناوچەکە کرد.

بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان راگەیاند لەوکاتەوەی هێزەکانی عێراق دەستیان بەسەر ئەو شارۆچکەیەی پارێزگای نەینەوادا گرتەوە لە 23ی ئاب، تیمە ئەندازیارییەکانی وەزارەتی نەوت ماندوونەناسانە کاردەکەن بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی کە ئاسمانی بە دوکەڵێکی رەش پڕکردووە.

وتەبێژی وەزارەت عاسم جیهاد بە دیارونای راگەیاند هەر کە پاشماوەی چەکدارانی داعش لە بیر و دەزگا نەوتییەکانی گەیارە دەرکران، وەزارەت هەنگاوی بەرەو کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە نا.

وتی: "دوای گرتنەوەی ناوچەکە، تیمێکی تایبەتمەندی ئەندازیاریی لە کۆمپانیای نەوتی باکورەوە بە ئۆتۆمبێلەکانیەوە بەرەو شوێنی ئەو ئاگرانە رۆیشتن کە چەندین کێلگەی نەوتیان تەنیبوو و ئاسمانی شارەکەیان داگیرکردبوو بە دوکەڵێکی رەش."

وتی سەرەڕای خراپی دۆخی کارکردن تیمەکە "کارەکەیان باش بەڕێوەبردوە و دوای هەوڵێکی بێوچان توانیان ئاگری شەش بیرە نەوت بکوژێننەوە".

وتیشی تیمەکە توانەیەتی بەر بگرێت بە دزەکردنی نەوت بۆ ناو گەڕەکەکان و بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە بەشێوەیەکی فراوان.

وتی داعش چەند ناوچەیەکی هەڵکەند لە گەیارە و نەوتی خاوی تێکردن، بەمەش "شتێکی وەك گۆمی نەوتی" دروستکرد، کە بەشێوەیەك داڕێژرابوو ئاگرەکە بڵاوبێتەوە و زیانێکی زیاتر بگەیەنێت.

رایگەیاند کە هێشتا ئاگرەکە لە سێ کێڵگە نەکوژاوەتەوە، کە کەوتوونەتە ناوچەی پێکدادان لەگەڵ چەکدارانی داعش، بە ئاماژەکردن بەوەی تیمەکانی وەزارەت لە دۆخی ئامادەباشییدان و هەر کە ناوچەکان بەتەواوی ئازادکران، دەچن بۆ کوژاندنەوەی.

وتی وەزارەت مەبەستییەتی پلانێك جێبەجێبکات بۆ بنیاتنانە و بوژاندنەوەی هەمو ئەو بیرانەی بە ئاگرەکە زیانیان لێکەوتووە، بە ئاماژەکردن بەوەی گەیارە یەکێکە لە گرنگترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراق.

جیهاد وتی پێش داگیرکاریی داعش، وەزارەتەکە کاریکردبوو لەسەر گەشەپێدانی گەیارە و زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی.

ئاگرەکان بۆ بەرگرتنن لە پێشڕەوی هێزەکانی عێراق

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا عەمید فیراس بەشار سەبری وتی داعش ئاگری لە بیرە نەوتی گەیارە بەردا "تا بەربگرێت لە پێشڕەویی هێزەکانمان و رێبگرێت لە هێزی تۆپهاوێژ، هێزی ئاسمانیی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بە ئامانجگرتنی پێگەکانی".

بە دیارونای راگەیاند: "بەڵام ئەوە بۆ تیرۆرستان سەرینەگرت و توانیتمان دووبارە شکستیان پێبهێنین."

وتی هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا ئەرکی پاراستنی تیمە ئەندازیارییەکانیان گرتەئەستۆ کە بەرپرس بوون لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە و ئاسانکاریی کارەکەیان کرد، بە ئاماژەکردن بەوەی 85%ی ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە.

هێزە ئەمنییەکان نزیکەی 100 بۆمبی دەستکردیشیان پوچەڵکردەوە کە داعش لە شەقام و بینا گشتییەکانی گەیارە چاندبونی، 40 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویان بە سەلامەتی تەقاندەوە و حەوت ماڵی بۆمبڕێژکراویان پاککردەوە.

"ژیان لە گەیارە بەرەو ئاساییبوونەوە رۆیشتووە،" سەبری وتی: "بنکەی پۆلیس کرایەوە و دۆخەکە باشتردەبێت."

وتیشی رێکخراوە مرۆیی و فریاگوزارییەکان هاتوونەتە شارۆچکەکە و دەستیانکردوە بە بەخشینی کۆمەك بە دانیشتوان بە هاوکاریی هێزە عێراقییەکان.

بۆمبی دەستکرد هەوڵی ئاگرکوژێنەکان سەختتر دەکەن

جێگری قایمقامی موسڵ حسێن عەلی حاجم بە دیارونای راگەیاند ژمارەی زۆری بۆمبی دەستکرد و مینەکان کە لەو ناوچانە چێنراون کە ئاگر تێیدا دەسوتێت یەکێك بوو لە گەورەترین تەحەداکان بۆ هەوڵەکانی کوژاندنەوەی.

رایگەیاند: "تیرۆرستان بۆمبیان لە دەوروبەری کێڵگە [نەوتییەکان] چاندوە و دەبوو سەرەتا ئەوانە لاببرێن، پێش ئەوەی ئاگرەکە بکوژێنرێتەوە، تا سەلامەتی تیمە ئاگرکوژێنەرەوەکان و هاتوچۆی ئۆتۆمبیل و کەرەستەکانیان دابینبکرێت."

وتیشی یەکە ئەندازیارییە سەربازییەکان هەماهەنگییان لەگەڵ تیمەکانی وەزارەتی نەوت کرد بۆ پێشخستنی بەڕێوەچوونی کارەکە، بەتایبەت کاتێ ئاگرەکە بە دووری 20 کیلۆمەتر لە دووڕیانی گەیارەوە بڵاوبۆوە بۆ گوندی حود.

حاجم وتی داعش سیاسەتی "خاکی سوتاو"یان پەێڕەوکردووە، بە ئاماژەکردن بەوەی گروپەکە هەستدەکات کۆتایی نزیکبۆتەوە، بۆیە چەکدارانی لە کردەی گێرەشێوێنییەوە دەگلێن، موڵکی گشتی و تایبەت وێراندەکەن.

"پێش هاتنەناوەوەی هێزە ئەمنییەکان، ئەوان لافاوێکیان لە گەیارە دروستکرد بە رشتنی لانیکەم 300 تەن نەوت بۆ سەر ناوچەیەکی بەرفراوان،" وتی: "ناوچەکە بوو بە گۆمێکی نەوت."

وتیشی ئاگرەکە هەورێکی لە دوکەڵی رەشی خنکێنەر دروستکرد، کە ئاسمانی گەیارەی تاریککرد و بۆ ماوەی چەند رۆژێك ئاستی بینینی تەڵخکرد.

وتی دانیشتوانەکە کە نزیکەی 30,000 کەس دەبن کێشەی قورسی هەناسەدانیان بۆ دروستبووە. تکای لە بەرپرسان کرد کە هەمو پێشگرییەكی گونجاو بکەن بۆ پاراستنی خەڵکی نەینەوا لە کارە بێ ئومێدەکانی گروپەکە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500