ئاژانسی فرانس پرێس رایگهیاند هێزەکانی سوریای دیموکرات هەینی (14 تەمووز) دوو گەڕەکی دیکەیان له "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) سهندهوه، بەڵام بە زەحمەت توانییان شوێنەکانیان بگرن لە بەرامبەر هێرشی ئوتومبیلی بۆمبرێژکراوی خۆکوژەکاندا.
هێزە کورد و عەرەبیەکە پێنجشەممە گەرەکی باتانی لە داعش گرتەوە.
سەرۆکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رامی عەبدولرەحمان، وتی: "درەنگانی پێنجشەممە دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر گەڕەکی رومهیلهی تەنیشتی."
عەبدولرەحمان وتی پێکدادانەکان ههینی بەردەوامبوون دوای ئەوەی داعش تاکتیکهكانی بەرگریی بەکارهێنا، وەك فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی تەقەمەنییان لێبەستروان یان نیشانگران و بۆمبی دەستکرد.
شەرڤانێکی 30 ساڵەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رومهیله، کە خۆی وەك ئەبو ناساند، وتی هێرشە خۆکوژیەکان پێنجشەممە ئەنجامدراون و ئوتومبیلی بۆمبرێژکراو بەکارهێنراون بۆ ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بوەستێنن.
وتی: "ئوتومبیلی تەنراو بە تەقەمەنی دەنێرن بەرەو شوێنەکانمان و کە دەشچنە دواوە مین دادەنێن. وتیشی مەدەنیەکان "ناتوانن بجوڵێن. ناتوانن بە رۆژ بڕۆنە دەرەوە لەبەر نیشانگرهكان".
ههروهها وتی یەکەکەی ئەو توانیویەتی راڕهوێكی هەڵهاتن بۆ دانیشتوانەکەی رومهیله بکاتەوە.
بەگوێرهی عەبدولرەحمان داعش پێشڕهویی هێزەکانی سوریای دیموکراتی خاوكردۆتهوه لەناوچەکانی تری رەققە، لهوانه شارە کۆنەکە.
وتی: "هێزەکانی سوریای دیموکرات رووبەڕووی زەحمەتی زۆر دەبنەوه لە مانەوە لەو شوێنانەی تازە دەیگرن لە شارە کۆنەکەدا، بەهۆی شەڕی سەختی نیشانگران و ئهو هێرشانهوه كه به فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دهكرێن کە تەقەمەنی هەڵدەگرن."