هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی فڕۆکەكانی هاوپەیمانان چەند رۆژێکیان ماوە لە ئازادکردنی شاری رەققەی سوریا لەدەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، بەرپرسانی هاوپەیمانێتی عەرەب-کورد بە دیارونایان وت.
وتیشیان هێزەکانی سوریای دیموکرات بەمدواییانە لە سەدا 90 شارەکەیان بەدەستەوەیە.
بەرپرسی میدیای هێزەکانی سوریای دیموکرات، مستەفا بالی، بە دیارونای وت: "ئازادکردنی تەواوی شاری رەققە پێشبینیدەکرێت له رۆژانی داهاتودا رابگەیەنرێت یان ئەوپەڕەکەی لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا."
وتیشی ئەمە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە وەك ئەوەی پلانی بۆ دانراوە و ئاماژەشیدا داعش مەدەنیانی وەك قەڵغانی مرۆیی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی پێشڕەوی هێزەکانی سوریای دیموکرات خاوبکاتەوە.
![هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆدەبنەوە لەبەردەم ناوەندێکی مەشقی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لە رەققە کە لە گروپەکە نزیكدەبنەوە. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]](/cnmi_di/images/2017/10/11/9972-Syria-Raqa-SDF-600_384.jpg)
هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆدەبنەوە لەبەردەم ناوەندێکی مەشقی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لە رەققە کە لە گروپەکە نزیكدەبنەوە. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]
هەروەها وتی شەڕەکان بەمدواییانە جەختدەکەنە سەر دوایین پێگە بەهێزەکانی داعش لە شارەکەدا "لە دەوروبەری نەخۆشخانەی میللی، لە گەڕەکی فیردەوس، وێستگەی شەمەندەفەر و ناوچەی دەوروبەری شەقامی گڵۆب."
وتیشی: "دەگونجا ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەکە پێشتر تەواوبکرێت ئەگەر داعش ئامادەبوونی مەدەنیانی بەخراپ بەکارنەهێنابا لە شارەکەدا."
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند وتوێژهكان بۆ دەرکردنی سەلامەتی ئەو مەدەنیانەی لە رەققەدا گیریانخواردووە بەردەوام بوون چوارشەممە (11 تشرینی یەکەم) لهكاتێكدا هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامادەکارییانکرد بۆ دوایین پێشڕەوی.
راڕەوی سەلامەتی بۆ مەدەنیان
هاوپەیمانان سێشەممە رایانگەیاند بەرپرسانی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە هەوڵیاندا دانوستان لەسەر رارەوی سەلامەتی مەدەنییان بکەن لە ناوچە ماوەکانی ژێردەستی داعشدا.
هاوپەیمانان رایانگەیاند: "ئەنجومەنی مەدەنی رەققە وتوێژ بەڕێوەدەبات بۆ یەکلاییکردنەوەی باشترین رێگا تا ئەو مەدەنیانەی لەلایەن داعشەوە گیریانخواردووە بتوانن لە شارەکە بێنە دەرێ کە هەندێکیان وەك قەڵغانی مرۆیی هێڵراونهتهوه."
"ئەوانەی رەققە بەجێدەهێڵن کە شانبەشانی داعش جەنگاون دەدرێنە دەست دەسەڵاتدارانی نێوخۆیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دادگا."
وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جیهان شێخ ئەحمەد، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت لەنێوان 600 بۆ 700 شەڕکەری چالاکی داعش پێدەچێت لە رەققەدا مابن لەگەڵ 800 بۆ 900 شەڕکەری بریندار کە هێشتا لە شارەکەدان.
وتیشی هەندیك ئەندامی داعش هەوڵیانداوە لەنێو ئەو هەزاران مەدەنیەدا خۆیان حەشاربدەن کە سێشەممە لە شارەکە هەڵهاتن لەکاتێکدا لانیکەم یەکێکیان خۆی رادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 800 کەس لەوانەیە هێشتا لە رەققە بن هەرچەندە هەموو رۆژێك گروپی چەند کەسی بۆ چەند سەد کەسی بەرەو هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵدێن.
ئەحمەد وتی دوایئەوەی رەققە ئازاددەکرێت فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڕیاردەدات کەی دانیشتوانی ئاوارە دەتوانن بگەڕێنەوە کە ئۆپەراسیۆنی خێرا دەبێت تەواوبکرێن بۆ دڵنیابوون لەوەی شارەکە لە مین و بۆمبی دەستكرد پاککراوەتەوە.
'قەڵغانی مرۆیی' پێشڕەوی خاودەکاتەوە
فەرماندەی یەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، غەسان ئیبراهیم، بە دیاونای وت دەتوانرا ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان پێشتر کۆتاییان بهاتایە بەڵام سیاسەتی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و فەرماندەییەکانی هاوپەیمانان داوای کەمکردنەوەی زیانی گیانیی مەدەنیهكان دەکەن.
وتیشی: "گروپی تیرۆرستی داعش هێشتا هەزاران مەدەنی لە شارەکەدا راگرتووە و وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاریاندههێنێت."
ئیبراهیم وتی ئەمە بەزۆری ئۆپەراسیۆنەکەی خاوکردۆتەوە و مانای وایە هێزه رزگارکەرهكان دەبوایە بەهێواشی هێڵی بەرگری داعش بشکێنن و شەقامێك و گەڕەکێك لەیەك کاتدا بگرن.
وتیشی: "هاوکات تیمه شارەزاكان ئەو مین و بۆمبه دەستكردانه لادەبهن کە لەلایەن گروپەکەوە چێندراون بۆ کۆسپ و تهگهره دروستکردن لەبەردەم پێشڕەویی هێزه رزگارکەرهكاندا."
هەروەها وتی هاوپەیمانان گرنگ بوون لە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی مەیدانیدا لەڕێگەی هێرشی ئاسمانیی وردهوه دژی پێگەکانی داعش لە شارەکەدا هەروەها بە دابینکردنی کەلوپەل و چەك و تەقەمەنی.
شەڕی رەققە
ئیبراهیم وتی شەڕی رەققە بە ژمارەی زۆری داعش لەناو شارەکەدا جیادەکرێتەوە کە ئەو شەڕکەرانەی لە ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگاکە جێگیرکرابوون لەژێر ئاگردا هەڵهاتوون بۆ ئهوێ.
هەروەها وتی تۆڕی تونێل و راڕەوی ژێرزەمینی گروپەکە کە بە کونکردنی دیوارەکانی بیناكانی تەنیشت یهك دروستکراون، بوونەتە کۆسپێکی تر و دەبێت تێکبشکێن.
دانیشتویهكی رەققە، جەمال بەککار، تەمەن 50 ساڵ، بە دیارونای وت لە شارەکە هەڵهاتووە بۆ کەمپی عەین عیسا بە یارمەتی یەکە تایبەتەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە گەیشتونەته خانوەکەی لە ناوچەی نەخۆشخانەی میللی و گواستویاننهتهوه لەگەڵ خێزانەکانی تر.
وتیشی: "هێزەکانی سوریای دیموکرات بەبەردەوامی هەوڵدەدەن پەیوەندی بەو مەدەنیانەوە بکەن کە لە شارەکەدا ماون بۆ دهربازكردنیان."
هەروەها وتی: "جوڵانەوە لەنێو شاری رەققەدا پڕیەتی لەوپەڕی مەترسی،" چونکە داعش مینی لەو ناوچانەدا چاندووە کە مەدەنیهكان تێیدا کۆدەبنەوە بۆئەوەی بهر به هەڵهاتنیان بگرن.
بەککار وتی ئەندامانی داعش دەستبەجێ و راستەوخۆ تەقەدەکەن لە هەر کەسێك هەوڵبدات شارەکە بەجێبهێڵێت و ئاماژەشی دا بەوەی نیشانگران لە شوێنە بەرزەکان جێگیرکراون کە بەسەر ئەو ناوچانەدا دەڕوانن کە مەدەنییهكانی تێدا کۆدهبنهوه.