هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی سوریای دیموکراتی بەرەو ناوەندی منبج دەڕۆن

بەپێی راپۆرتێکی ئەمڕۆی ئاژانسی فرانس پرێس، هێزەکانی سوریای دیموکراتی بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانیان رۆژی پێنجشەممە (23 حوزەیران) توانیویانە بچنە ناو گەڕەکەکانی رۆژئاوای ناو شاری منبجەوە، ئێستاش لە هەوڵی لەناوبردنی قەناس بەدەستەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)ن بەرلەوەی پێشڕەوی بکەن بەرەو ناوەندی شارەکە.

باڵەخانەکانی ناو شارەکە خاڵی لە هاوڵاتیان بەپێوە وەستاون و ئوتومبیلە تێکشکاوەکان شەقامەکانی لاتەنیشتیان گرتوون چونکە بەهەزاران هاوڵاتی تاوەکو ئێستا لە شارەکە هەڵهاتوون.

مێڤان رۆژئاڤا، کە شەڕڤانێکی ئەم هاوپەیمانیە ئۆپۆزسیۆنە پێکهاتوو لە کورد و عەرەبە، وتی:"قۆناغی یەکەم کە گەمارۆدانی منبج بوو کۆتای هات، ئێستا بە هێواشی دەچینە ناو شارەکەوە."

وتیشی: "شەڕێکی قورس لە ناو شەقامەکانی شاردا بەڕێوەدەچن لە نێوان هێزەکانی ئێمە و داعشدا، لە گەڕەکەکانی رۆژئاوای ناوشارەکە."

شەڕڤانێکی دیکەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی وتی داعش چەندین ئوتومبیلی بۆمبڕێژکراوی لە سەرتاسەری شارەکە داناوە و ،چەندین تونێلیشیان هەڵکەندووە تاوەکو لە هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانان خۆیان بشارنەوە.

فەرماندەی زەمینی هێزەکانی سوریای دیموکراتی عەلی کۆبانێ وتی ژمارەی ئوتومبیلە بۆمبڕێژکراوەکان کە هێرشبەرە خۆکوژەکان لێیدەخوڕن نیشانەی تەنگەتاوبوونی داعشە لە شەڕەکەدا.

ناوبراو وتی: "داعش لە داڕوخاندایە بۆیە ئوتومبیلی بۆمبڕێژکراو بەکاردەهێنێت، بەڵام هێزەکانی ئێمە بەسەبرن. داعش ئەگەر ژمارەیەکی زۆر ئوتومبیلی بۆمبڕێژکراویشی ئامادەکردبێت هیچ سودی نییە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500