هه‌واڵه‌كانی عێراق

رژێمی سوریا داوا لە ئۆپۆزسیۆن دەکات واز لە حەلەب بهێنێت

سوپای سوریا سێشەممە (22 تشرینی دووەم) داوای لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن کرد لە خۆرهەڵاتی شارەکە بکشێنەوە و رێگە بە مەدەنیەکانیش بدەن شارەکە جێبهێڵن، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

هەنگاوەکە لەکاتێکدا بوو کە رژێم و هێزە هاوپەیمانەکانی سێشەممە پێشڕەوییان کرد بەرەو [ناوچەکانی] حەلەبی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن، کە بووە هۆی هەڵاتنی مەدەنیەکان.

روانگەی سوری بۆ چاودێری مافی مرۆڤ رایگەیاند هەفتەیەك دوای دوایین گەڕی شەڕەکان بۆ شارەکە، هێزەکانی رژێم دەستیانگرت بەسەر سێیەکی گەڕەکی مەسکەن حەنانۆی خۆرهەڵاتی شارەکەدا.

بەڕێوەبەری روانگەکە رامی عەبدولڕەحمان وتی رژێم و هێزە هاوپەیمانەکانی، بەپشتیوانی حیزبوڵا، لە چەندین بەرەوە لە ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆندا شەڕی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنیان دەکرد.

سوپای سوریا، کە چەندین مانگە گەمارۆی خۆرهەڵاتی داوە، داوای لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن کرد کە خواردن بەسەر مەدەنیەکاندا دابەشبکەن، لەکاتێکدا داوای لە دانیشتوانەکەی کرد کە هاوکاری ئەو هێزانە بکەن کە لە پێشڕەویدان.

سوپا نامیلکەیەکی لە فڕۆکەوە بەردایەوە کە وێنەی پاسێکی سەوزی تێدابوو، کە پێشتر بەکاردەهێنرا بۆ گواستنەوەی مەدەنی و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لەو ناوچانەی لەلایەن رژێمەوە گیراونەتەوە.

لەسەر نامیلکەکان نوسرابوو: "بۆ ئەوانەی دەستیان هەیە لە هەڵگرتنی چەکدا، دەستمان بۆتان واڵایە. شوێنی خۆتان بگرن پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت."

دووشەممە، بەڕێوەبەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکان ستیفن ئۆبرایان بەکارهێنانی ئابڵۆقەی لە سوریا مەحکوم کرد و وتی نزیکەی یەك ملیۆن کەس لە وڵاتەکەدا لەژێر گەمارۆدان، کە زۆربەی گەمارۆکان لەلایەن رژێمەوە سەپێنراون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500