هه‌واڵه‌كانی عێراق

16,000 کەس لە خۆرهەڵاتی حەلەب هەڵدێن لەگەڵ پێشڕەوی رژێم

نزیکەی 16,000 مەدەنی لە خۆرهەڵاتی حەلەب هەڵاتون لەکاتێکدا چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن کۆنترۆڵی زۆربەی گەڕەکەکانی باکوریان لەدەستداوە نەتەوە یەکگرتوەکان سێشەممە (29 تشرینی دووەم) رایگەیاند و دۆخەکەی بە "تۆقێنەر" ناوزەدکرد.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند بەڕێوەبەری کاروباری مرۆیی ستیفن ئۆبرایان ئاماژەی بەو راپۆرتی هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد لە سوریا، بە ئاماژەکردن بەوەی "نزیکەی 16,000 کەس ئاوارەبوون، زۆرێك بەرەو دۆخێکی هەستیارو نادیار چوون".

وتی: "چڕی هێرشەکان لە گەڕەکەکانی خۆرهەڵاتی حەلەب لە چەند رۆژی رابوردودا بە هەزاران مەدەنی ناچارکردوە بۆ بەشەکانی دیکەی شارەکە هەڵبێن."

هۆشداریشیدا: "رێی تێدەچێت بە هەزارانی دیکە هیچ بژاردەیەکیان نەمێنێت هەڵاتن نەبێت گەر شەڕەکە بەردەوامبێت و لە رۆژانی داهاتوودا چڕبێت و بڵاوببێتەوە،" نیگەرانی دەربڕی لە "دروستبونی دۆخێکی هەستیار و تۆقێنەر".

وتەکانی ئۆبرایان لەکاتێکدایە کە رژێمی سوریا چوەتە قوڵایی ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە خۆرهەڵاتی حەلەب، بە گرتنی چەندین گەڕەك لەدەستی ئۆپۆزسیۆن لە هێرشێکی گورچکبڕدا بۆ گرتنەوەی تەواوی شارەکە.

لە هەمانکاتدا ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداریدا لەو مەترسیانەی روبەڕوی ئەو کەسانە دەبنەوە لە شەڕ هەڵدێن.

وتەبێژ راڤینا شەمسەدینی وتی: "سەرەڕای ئەو مەترسیانەی روبەڕوی ئەو کەسانە دەبنەوە کە دەیانەوێت لە بەرەیەکی شەڕ هەڵبێن، زانیاریمان بەدەستگەیشتوە کە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن رێ لە مەدەنیەکان دەگرن ناوچەکانی ژێردەستی خۆیان جێبهێڵن."

هەروەها هۆشداری دا لەوەی ئەو مەدەنیانەی کە گوماندەکرێت پەیوەندیان بە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە هەبێت دەشێت دەستبەسەربکرێن کاتێك دەگەنە ناوچەکانی ژێردەستی رژێم، یان ژێردەستی کورد.

ئۆبرایان وتی نەتەوە یەکگرتوەکان و هاوبەشەکانی هەوڵیاندەدا یارمەتی ئەو کەسانە بدەن بەهۆی شەڕی ناو شارەکەوە ئاوارەبون، ئامادەشبون کۆمەك بگەیەننە خۆرهەڵاتی حەلەب و راگوێزانی تەندروستی ئەنجامبدەن گەر رێگەیان پێبدرێت.

لە هەمانکاتدا، فەرەنسا سێشەممە داوای کۆبونەوەیەکی "بەپەلە"ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانی کرد دەربارەی حەلەب تا روبەڕوی "کارەساتی مرۆیی" لەو شارە ببنەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500