هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان: حەلەب پێویستی بە گواستنەوەی سەدان نەخۆشە

نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی پێنجشەممە (29 ئەیلول) هۆشداریی دا کە "سەدان" نەخۆش پێویستیان بە گواستنەوەیە لە حەلەبی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن و ئەو کۆمەکی خۆراکییەی ماوەتەوە تەنها بەشی چارەکێکی دانیشتوانی شارەکە دەکات، بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس.

یاریدەدەری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، رەمزی عیزەدین رەمزی، وتی: "گرنگترین شت لەلامان پێویستییە بە چارەسەرکردنی باری نیگەرانکەری پزیشکی" لە خۆرهەڵاتی حەلەب.

وتیشی: "پێویستییەکی خێرا هەیە بە گواستنەوەی نەخۆشەکان،" رۆژێك دوای ئەوەی دوو لە نەخۆشخانە گەورەکانی خۆرهەڵاتی شارەکە بۆردومانکران، کە وایکرد سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بان کی مون، هێرشەکە بە تاوانی جەنگ لەقەڵەمبدات.

رەمزی هۆشداریی دا کە پێداویستییە پزیشکیەکان بەشێوەیەکی مەترسیدار لە کەمبوونەوەدایە و تەنها نزیکەی 35 پزیشك لە خۆرهەڵاتی حەلەبداماون کە ژمارەی ئەو خەڵکەی لەوێ لە سەرەتای ئەیلولەوە لەژێر گەمارۆی رژێمدان بە 250,000 کەس دەخەمڵێنرێت.

هەروەها وتی: "نزیکەی 600 بریندار توانای چارەسەرکردنێکی شیاویان نیە."

هەروەها هۆشداریی ئەوەشی دا کە "زەخیرەی خۆراك کەمدەبێتەوە" و زۆر نانەواخانە داخراون و تەنها 14,000 بەشە خۆراك ماوەتەوە.

بەگوێرەی بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر یەکێك لەو بەشەخۆراکانە تەنها بەشی پێنج کەس دەکات کە بەمانای هەمووی بەشی 70,000 کەس دەکات، واتە چارەکێکی دانیشتوانەکە.

رەمزی وتی: "هیوادارین بکرێت حاڵەتێك بخوڵقێنین بۆ مسۆگەرکردنی گەیاندنی (کۆمەك). نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام ئامادەیە بۆ دابینکردنی کۆمەکی مرۆیی، لەوانە پێداویستیە پزیشکیەکان بەزووترین کات."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500