جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا رۆژی پێنجشەممە (22 ئەیلول) وتی هیواخوازە کە وتووێژی ئاشتی لە سوریا لە هەفتەکانی داهاتودا دەستپێبکاتەوە سەرەڕای روداوە "ناخۆشەکان" لەسەر ئەرزی واقیع، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، رەمزی ئێزڵدین رەمزی، رایگەیاند کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستیفن دیمستورە، لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە لە جەنگدان بۆئەوەی "دانوسانی راستەوخۆ" رێکبخات دوور لە شێوازی گفتوگۆی رابردوو کە لایەنهکان بەجیا لەگەڵ ناوبژیوانەکان کۆدهبونەوە.
رەمزی وتی کە نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات "بەئامانجی رێکخستنی ئەم گفتوگۆیانە لەچەند هەفتەیەکی کەمی داهاتوودا."
هەورەها وتی کە سهرهڕای کۆسپەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان "هەرگیز کۆڵنادات لە پڕۆسەی سیاسی" بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی پێنج ساڵەی سوریا.
رەمزی رایگەیاند ئاگربەستی ئەم دواییە کە لەلایەن ئەمریکا و روسیاوه رێكخرا شکستی هێناوە بەڵام هەردوولا "سورن لەسەر ئەوەی رێککەوتنەکە سەربگرێت".
ئەمە لەکاتێکدایە کە روانگەی چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە شەڕێکی قورس لە شارۆچکەی راموسا لە دەوروبەری باشوری رۆژئاوای حەڵەب رۆژی پێنجشەممە رویدا.
روانگەکە وتی چواردە هێرشی ئاسمانی لە گەڕەکەکانی بوستان قەسر و کەڵاسە کە لەژێر دەستی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆندان ئەنجامدراون و "بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە" دوێنێ شەو.
سەرۆکی روانگەکە رامی عبدولڕەحمان وتی کە هێرشەکان بۆ سەر ئەم دوو شارۆچکەیە "سەخترین هێرشی ئاسمانی بوون لە چەند مانگیکدا" و حەوت کەس کوژراون لە ناویاندا سێ ژن و سێ منداڵ.