ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا وتی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە (15 ئەیلول) ناوی 2 پیاوی خستە لیستی رەشەوە و هەردووکیان دانیشتوی تورکیان و گوایە هاوکاری دارایی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) یان کردوە.
وەزارەتەکە وتی هەردوو پیاوەکە، محەمەد سەعید حمیدان کە تەمەنی 40 ساڵە و حوسام جاموس کە تەمەنی نزیکەی 33 ساڵە، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی دارایی و ئامادەکاری خزمەتگوزارییەکان بۆ داعش و هاوکاریکردنی چەکدارە بیانیەکانی گروپەکە سزادراون.
حمیدان لە شوێنێکی نادیاری تورکیا نیشتەجێیە و پاسپۆرتی سوری ههیه. جاموس دانیشتوی شاری ئەنتاکیایە لە نزیك سنوری سوریا و ئەویش پاسپۆرتی سوری ههیه.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ناوی هەردووکیانی خستۆتە لیستی سزادراوانهوه بۆئەوەی بیانخاتە دەرەوەی سیستەمی دارایی جیهانی و قەدەغەشی کردوە کۆمپانیا و کەسایەتیە ئەمریکیەکان هەر مامەڵەکردنێکی ئابوری لەگەڵ ئەو دوو کەسەدا بکەن.
ئادەم ژوبین، بریکار و یاریدەدەری سکرتێری تیرۆریزم و هەواڵگری دارایی خەزێنەکە، لە بەیاننامەیەکدا وتی: "ئەم بڕیارە محەمەد سەعید حمیدان و حوسام جاموس لە سیستەمی دارایی جیهانی دوردەخاتەوە و چالاکیەکانیان بۆ جیهان ئاشکرا دەکات."
وتیشی: "ئەم کارەی ئەمڕۆی خەزێنەکە هەنگاوێکی نوێ بوو لە هەوڵەکانی خۆی بۆ بڕینی دارایی داعش و ئاشكراکردنی ئەو راستیەی ئەوانەی هاوکاری ئابوری داعش دەکەن دوورەدەستی ئەو کەمپینە نێودەوڵەتیە نین کە ئامانجی تێکشکاندنی داعشە."