دوو سەرکردەی باڵای بەرەی نوسرە لە سوریا، کە ئێستا ناوی لەخۆیناوە بەرەی فەتح ئەلشام، زیادکراون بۆ لیستی رەشی گەمارۆکانی ئەمریکا، ئاژانسی فرانس پرێس پێنجشەممە (24 شوبات) رایگەیاند.
وەزارەتی ئابوری ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە ساڵێك لەمەوبەر ئەیاد نازمی ساڵح خهلیل سێهەم پلە باڵاترین کەسی بەرەی نوسرە بووە و "ئەمیری" گروپەکە بووە بۆ کەناراوەکانی سوریا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەیاد پێشتر "ئەندامی کاریگەری ئەمنی و سیخوڕی بەرەی نوسرەی هانداوە بۆ پیاوکوشتن و سەرپەرشتی ئەو زیندانانەی کردووە کە بەدناون بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە و هانی تاڵانکردنی ئۆتۆمبیل و سامانی ئەندامانی سوپای سوریای ئازادی داوە."
کەسی دووەم، بەسام ئەحمەد حەسری، وادانراوە کە بۆ ماوەیەکی زۆر رێکخەری پەیوەندی بووە لەنێوان بەرەی نوسرە و ئەلقاعیدەدا و "ئەمیری" بەرەی نوسرە بووە لە دەرعا.
بەڕێوبەری نوسینگەی کۆنتڕۆڵی سامانی دەرەوەی وەزارەتەکە، جۆن سمیس، وتی: "لە چاودێریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی میلیشیاكانهوە بۆ گەشەپێدانی ستراتیجیی بەرەی نوسرە، ئەو سەرکردە باڵایەی بەرەی نوسرە و تیرۆرستی ئەلقاعیدە بەرپرسن بۆ دابینکردنی پشتیوانیی گرنگ بۆ گروپە تیرۆرستیە توندڕەوەکە."
گەمارۆکان، کە دوای گەمارۆی هاوشێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دێت دژی ئەم دووانە، ئامانجیەتی کە سامانهكانیان بلۆکبکات، دەریانبکات لە سیستەمی دارایی جیهانی و رێگەیان لێبگرێت کە گەشتی نێودەوڵەتی بکەن.