هه‌واڵه‌كانی عێراق

سوپای سوریا ئاگربەستێکی 72-کاتژمێریی رادەگەیەنێت

رۆژی چوارشەممە (6 تەمموز) سوپای سوریا رایگەیاند ئاگربەستێکی 72-سەعاتیی بەبۆنەی جەژنی سێ رۆژەی رەمەزانەوە رادەگەیەنێت، بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس.

لە راگەیەندراوێکدا کە لە میدیای فەرمیی سوریا بڵاوکرایەوە، سوپا بۆ ماوەی 72 کاتژمێر "سیستمێکی بێدەنگیی" لە گشت وڵاتدا و لە کاتژمێر 1 بەیانی 6 تەمموز تا نیوەشەوی 8 تەمموز راگەیاند.

راگەیەندراوەکە ئەوەی دیارینەکرد کە ئاگربەستەکە کردەی سەربازیی لە دژی گروپە توندڕەوەکانی وەك "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) و بەرەی نوسرە دەگرێتەوە یان نا.

هیچ ئاماژەیەکی دەستبەجێ نەبوو بەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بەو ئاگربەستە نوێیەوە پابەند دەبن.

هەوڵەکانی پێشووی ئاگربەست لە سوریا بەردەوام شکسستیان هێناوە.

بەگوێرەی دانیشتوان و روانگەی مافی مرۆڤی سوریا، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، بەیانی چوارشەممە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی حەلەب تۆپباران کران.

روانگەکە وتی لە خۆرهەڵاتی گەڕەکی مەشەد، مەدەنییەك کوژرا و ژمارەیەکی دیکە برینداربوون کاتێك تۆپێك نزیك بە مزگەوتێك کەوتە خوارەوە لە کاتی نوێژی جەژندا.

دانیشتوویەکی گەڕەکەکە ئەحمەد ناسیف وتی، "لە بەیانیی زووەوە تۆپبارانی ئەم گەڕەکە دەکرێت."

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جۆن کێری رۆژی چوارشەممە وتی ئاگربەستەکە "بابەتی گفتوگۆ" بوە لەنێوان گروپی 22 وڵاتی پاڵپشتیکارانی سوریا (ISSG). وتیشی لەگەڵ روسیا -- کە بەهاوبەشی ئەمریکا سەرۆکایەتی گروپەکە دەکات -- و ئەوانیدیکەش کاردەکات تا بیگۆڕێت بە ئاگربەستێکی بەردەوام.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500