بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس پاش شهڕێكی سەخت سوپای سوریا رۆژی پێنجشەممە (7 تەمموز) تەنیا یەک کیلۆمەتری ماوە بگاتە تاکە رێگەی پاڵپشتیی ئۆپۆزسیۆن بۆ حەلەب، هەرچەندە بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پێشتر ئاگربەست راگەیەندرابوو.
گروپی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامیی جەیش ئەلئیسلام وتی چوار لە چەکدارانی کوژراون لەکاتی هەوڵدان بۆ بەرگرتن لە سوپا لە بڕینی رێگەی کاستێلۆ، تاکە رێگەیەك کە دەچێت بۆ ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەب.
روانگەی سوریا بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند تەقەکردنی ئۆپۆزسیۆن لە گەڕەکی سەیف ئەلدەولەی شارەکە سێ کەسی کوشت.
سوپا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە ئاگربەستێکی 72-کاتژمێریی لە هەموو وڵاتدا رادەگەیەنێت بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە. بەڵام شهڕ بەردەوامبووە بەتایبەت لە ناو و دەوروبەری حەلەبدا.
ماوەی دوو ساڵە هێزەکانی رژێم هەوڵی بڕینی رێگەی کاستێلۆ دەدەن. رێکخراوەکە وتیشی پێشڕەوییەکەی پێنجشەممە باشترین هەوڵیان بوو بۆ نزیکبوونەوە لەو ئامانجە.
وتیشی گرتنی گردێك لەلایەن رژێمەوە کە تەنیا کیلۆمەترێك دوورە رێ بە هێزەکانیان دەدات لەڕێگەی زەمینیی و ئاسمانییەوە تەقە لەو ئۆتۆمبیلانە بکەن کە بەدرێژایی رێگەکە دێن و دەچن.