هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

کەرتی پیشەسازی له‌ نەینەوا دەکەوێتەوه‌ سەرپێی خۆی

خالید تائی

کارمەندانی عێراق دەزگایەکی بەرهەمهێنانی کارەبا چاکدەکەنەوە لە وێستگەی چیمەنتۆی بادوش لە 5 تەمموز. [خاوەنی وێنە: هاوبەشێتیی چیمەنتۆی باکور]

کارمەندانی عێراق دەزگایەکی بەرهەمهێنانی کارەبا چاکدەکەنەوە لە وێستگەی چیمەنتۆی بادوش لە 5 تەمموز. [خاوەنی وێنە: هاوبەشێتیی چیمەنتۆی باکور]

کەرتی پیشەسازی نەینەوا، کە زیانێکی گەورەی بەرکەوت لەکاتی دەسەڵاتی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا و تاڵانکرا، بەهێواشی دەکەوێتەوە سەرپێی خۆی لەوکاتەوەی گروپەکە دەرکراوە، بەرپرسانی پارێزگاکە وتیان.

لە کۆتایی ئاب، پارێزگاری نەینەوا نەجم جەبوری کردنەوەی 10 کارگەی بەرهەمی خۆراکی راگەیاند لەنێویاندا شەکر، بەرهەمەکانی شیرەمەنی و رۆنی چێشتلێنان، لەگەڵ بەرهەمە پزیشکییه‌كان و نۆرینگەکان.

وتی ئەم کارگانە بۆ ماوەی چوار ساڵە داخراون، بەهۆی ئەو زیانەی داعش داویەتی و ئەو شەڕانەی بۆ دەرکردنی ئەو گروپە لە پارێزگاکە کراون.

جەبوری وتی هەڵمەتێکی بنیاتنانەوە بەردەوامە و چەندین پلان له‌خۆده‌گرێت بۆ چاککردنەوەی 26 کارگەی خزمەتگوزاری کە روخێنران و ئامرازەکانیان تاڵانکرا لەلایەن ئەندامانی داعشەوە.

وەزیری پیشەسازی مەنهال عەزیز خەباز و بەرپرسانی دیکەی عێراق سەردانی وەلەدی دەکەن، دەزگایەکی چاککراوەی بەرهەمهێنانی پۆشاك لە موسڵ، لە 30 تەمموز. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی پیشەسازی عێراقی]

وەزیری پیشەسازی مەنهال عەزیز خەباز و بەرپرسانی دیکەی عێراق سەردانی وەلەدی دەکەن، دەزگایەکی چاککراوەی بەرهەمهێنانی پۆشاك لە موسڵ، لە 30 تەمموز. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی پیشەسازی عێراقی]

جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا، سیروان رۆژبەیانی بە دیارونای وت: "چەندین پرۆژەی پیشەسازی روخێنراو چاککراونەتەوە و ئەوانیدی وا بنیاتدەنرێنەوە."

وتی پلانەکانی بنیاتنانەوەی حکومەتی خۆجێی چەندین کارگەی نیشتمانی گەورەیان خستۆتەوە کار، بەرچاوترینیان کارگەکانی چیمەنتۆ، لۆکە، چنینن، کارگەی پۆشاکی ئامادەی (وەلەدی) و کارگەی شیرەمەنی موسڵ.

وتی کارگەیه‌كیش بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمان و ئه‌و شله‌مه‌نییانه‌ی له‌ڕێی ده‌ماره‌وه‌ ده‌كرێنه‌ جه‌سته‌وه‌، خراوەتەوە کار، لەگەڵ کارگەی خواردنەوە گازیەکان و ئاو.

وتیشی پێنج وێستگەی بەرهەمهێنانی شەکر لە دەشتی نەینەوا، گەریارە و حەمام عەلیل خراونەتەوە گەڕ و ئاماژەیکرد بەوەی لەئێستادا نزیکەی 800 کارمەندیان هەیە.

تەرکیز لەسەر پیشەسازی

رۆژبەیانی وتی لەکاتی سەردانەکەی ئەمدواییەی وەزیری پیشەسازی مەنهال عەزیز خەباز بۆ نەینەوا، حکومەتی خۆجێی داوای لێکرد تەرکیز بخاتە سەر هەوڵە فیدراڵیەکان بۆ بنیاتنانەوە و خستنەوەکاری هەموو کارگە روخێنراوەکانی پارێزگاکە.

وەزیر ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ کارکردن بۆ بوژاندنەوە و زیندووکردنەوەی کەرتی پیشەسازی له‌ پارێزگاکە، بە دابینکردنی پشتیوانی و کارئاسانی بۆ هەڵمەتەکانی چاککردنەوە و کردنەوەی دەرگاکان بۆ وەبەرهێنەران.

ئاماژەیکرد بەوەی نزیکەی 2,000 پرۆژەی پیشەسازی لە نەینەوا هەن، لەنێویاندا 200 کارگەی گەورە کە بەرهەمی خۆراکی و پیشەسازییان بۆ بازاڕی عێراق دابیندەکرد.

بەڵام زۆربەی ئەم پرۆژانە بەتەواوی یان بەشێکیان بەهۆی داعشەوە زیانیان بەرکەوتووە.

رۆژبەیانی وتی کەرتی پیشەسازی له‌ نەینەوا بەهێواشی دەگەڕێتەوە دۆخی پێشووی ئاستی بەرهەمهێنانی "بەڵام هێشتا رێگەیەکی درێژمان لەپێشە".

ئاماژەیکرد بەوەی پارێزگاکە "پێشکەوتنی بەرچاو"ی بەدەستهێناوە لەڕێگەیدا بۆ بوژاندنەوەی پیشەسازی چیمەنتۆ، کە بەوەش بەناوبانگە.

بەڕێوبەری پەیوەندیە دەرەکیەکانی هاوبەشێتیی چیمەنتۆی باکور له‌ وەزارەتی پیشەسازی، عیسمەت عەلی وتی شەش کارگەی گەورەی حکومەت هەن کە چیمەنتۆ لە نەینەوا بەرهەمدەهێنن.

بە دیارونای وت ئەم کارگانە هەموویان لەدوای 2014وە لەکاركه‌وتوون.

وتی هەوڵەکانی بنیاتنانەوە دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە داعش لە نەینەوا دەرکرا لە کۆتایی 2017 و ئاماژەیکرد بەوەی لەمڕۆدا هەر شەش کارگەکە بەتەواوی توانای خۆیانه‌وه‌ کاردەکەن یان لە توانای پێشتری بەرهەمهێنانیان زیاتر بەرهەمدەهێنن.

وتی بۆنمونە وێستگەی فراوانکراوی چیمەنتۆی بادوش ئێستا نزیکەی 3,600 تەن چیمەنتۆ لە رۆژێکدا بەرهەمدەهێنێت.

بەشداریکردن لە بنیاتنانەوەدا

عەلی وتی کارگە کراوەکانی چیمەنتۆ بەشداربوون لە دابینکردنی پێداویستیەکانی نەینەوا لە ماددەی خاو و بەشداریکەرێکی سەرەکی بوون لە هەڵمەتەکانی عێراقدا بۆ بنیاتنان و بونیادنانه‌وه‌.

وتیشی ئەوەی جێی سەرنجە کارگەی چیمەنتۆی حەدبایە، کە چیمەنتۆیەکی تایبەت و بەرگەگری بۆ بەنداوی موسڵ دابینکردووە "تا بناغەی بەنداوەکە بەهێز بکات".

عەلی وتی کردنەوەی کارگەکان بە هەزاران دەرفەتی کاریشی دابینکردووە لە پیشەسازی چیمەنتۆ و گواستنەوەی شمەك و به‌رهه‌مهێناندا.

عەبدولڕەحمان مەشهەدانی کە وانه‌ی پەیوەندیە ئابوریەکان دەڵێتەوە لە زانکۆی عێراقی، وتی جیا لە سەرچاوە زۆر و زەبەندە کشتوکاڵیەکان، نەینەوا پێشتر دادەنرا بە "دڵی پیشەسازی نیشتمانی عێراق".

بە دیارونای وت ئەمە بەهۆی ئەوەی پارێزگاکە شوێنی زۆر پرۆژەی بچوك و مامناوەند و گەورەی پیشەسازی و بزنسە.

وتی ئەم بزنسانە کاریگەرییەکی ئابوریی بەرچاویان هەیە، لەبەرئەوەی دەتوانن پێداویستیەکانی خەڵکی ناوچەکە بۆ چەندین شمەك و کاڵا پڕبکەنەوە و پشتبەستن بە هاوردە کەمبکەنەوە.

مەشهەدانی وتی بوژاندنەوەی کەرتی پیشەسازی قەیرانی بێکاری کەمدەکاتەوە و ئاماژەیکرد بەوەی رێژەی بێکاری لە لەسەدا 14وە بەرزبۆتەوە بۆ لەسەدا 36 لە چەند ساڵی رابردوودا، لە ئەنجامی کاریگەریی رووخێنەری تیرۆریزمەوە.

وتی: "بەگەڕخستنەوەی ئەم کارگانە مانای دەرفەتی کاری زیاتر و سەرچاوەی داهاتە بۆ هاوڵاتیان و بەمەش ئاستی ژیان و دۆخی کۆمەڵایەتیان باشتردەبێت و رێژەی هەژاری و نەخوێندەواری کەمدەبێتەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500