گفتوگۆکان بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ دهستوورێكی نوێ بۆ سوریا دەبوو پێنجشەممە (27 ئاب) لە جنێڤ دەستپێبکەنەوە دوای ئەوەی کاربەدەستانی تەندروستی سویسرا گڵۆپی سهوزیان بۆ ههڵكرد، سەرەڕای ئەوەی چوار كهس لە شاندەکە تووشی کۆڤید-19 بوون.
گفتوگۆکان، بە مەبەستی نوسینەوەی دەستوری ئەو وڵاتە بە شەڕ وێرانبووە، دووشەممە وەستێنران هەرزوو کاتێك ئەنجامی تاقیکردنەوەی نەخۆشەکان گەڕانەوە.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان گیەر پیدەرسن، کە میانگیریی گفتوگۆ هەستیارەکان دهكات لەنێوان حکومەتەکەی سەرۆك بەشار ئەسەد و ئۆپۆزسیۆن و کۆمەڵگەی مەدەنیدا، هیوای دەربڕیوە بەوەی دەتوانن یارمەتیدهر و رێخۆشکەر بن بەرەو پرۆسەیەکی سیاسی بەرفراوانتر.
نوسینگەکەی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە "دوای پشکنینی زیاتر و راوێژی تەندروستی و پسپۆڕیی زیاتر دەربارەی چوار حاڵەتی ئەرێنی پێشتری کۆڤید-19"، دەسەڵاتدارانی سویسرا بڕیاریانداوە کە دەکرێت کۆبونەوەکە ئەنجامبدرێت.
رایگەیاند كه گفتوگۆکان کاتژمێر 2:00 دوانیوەڕۆ دەستپێدەکەنەوە "بە پەیڕەوکردنی خۆبەدوورگرتنی کۆمەڵایەتی و جێبەجێکردنی رێنماییەکان".
'مافە یەکسانەکان'
پێشئەوەی دووشەممە دەستپێبکەن، گفتوگۆکان وادانرابوو تەواوی هەفتەكه بەردەوام بن.
ئەندامانی لیژنەکە -- 15 ئەندام لە هەریەك لە حکومەت و ئۆپۆزسیۆن و کۆمەڵگەی مەدەنی -- پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ کرا پێش ئەوەی گەشتبکەن بۆ جنێڤ و دوای گەیشتنیان بەو شارەی سویسرا پشکنینیان بۆ کرایەوە.
سەرکردەی دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆن، هادی بەهرە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئۆنلایندا وتی پشکنینی ئەرێنی لە دووەم جاردا دەرکەوتن لەنێو شاندەکەدا لە دیمەشقەوە.
وتی ئەندامێکی ئۆپۆزسیۆن، یەکێکی کۆمەڵگەی مەدەنی و دوو نوێنەری حکومەت ئەنجامی ئەرێنییان هەبوو.
بەهرە وتی کۆبونەوەکە بەیانی دووشەممە بە کەشێکی هیوابەخشەوە دەستیپێکرد، پێشئەوەی نیوەڕۆ رابوهستێنرێت.
وتی: "ئەم دەستوورە نوێیە دەبێت خواستەکانی خەڵکی سوریا لەبەرچاو بگرێت بۆ دیموکراسی، هاوڵاتیبوونی یەکسان، گهرەنتیکردنی مافەکان و یەکسانکردنیان لە چاوی یاسادا لە ئەرکەکانیان و مافەکانیاندا."
لیژنە دەستوریەکە لە ئەیلولی ساڵی رابردوو پێكهێنرا و یەکەمجار دوای مانگێك کۆبووەوە.
دووەمین گەڕی کۆبوونەوەکان، کە بۆ کۆتایی تشرینی دووەم دانرابوو، هەرگیز رووینەدا دوای ناقایلبوون بە کارنامەکەی.
لەوکاتەوە، گفتوگۆکان بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە دواخرابوون.
نەتەوە یەکگرتوەکان ماوەی زیاتر لە نۆ ساڵە هەوڵدەدات چارەسەرێکی سیاسی بۆ شەڕی ناوخۆی سوریا بدۆزێتەوە، کە زیاد لە 380,000 هەزار کەسی کوشتووە و زیاد لە 11 ملیۆن کەسی ئاوارەکردووە.