گفتوگۆکانی دەستوری سوریا لە نەتەوە یەکگرتوەکان هەر پێش دەستپێکیان لە دووشەممە (24 ئاب) هەڵپەسێردران دوایئەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەی سێ ئەندامی شاندەکان بۆ ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا (کۆڤید-19) ئەرێنی بوو.
هیوا وابوو کە هەفتەی پلان بۆ دانراو بۆ گفتوگۆکان لە جنێف -- لەنێوان نوێنەرانی رژێمی سوریا و ئۆپۆزسیۆن و کۆمەڵگەی مەدەنیدا -- یارمەتیدهر بێت بۆ رێخۆشکردن بەرەو پرۆسەیەکی سیاسی بەرفراوانتر.
بەڵام دوای نۆ مانگ لە راوەستان، بەشێکی بەهۆی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، گفتوگۆکان دەربارەی هەموارکردنەوەی دەستووری وڵاتەکە هەڵپەسێردران.
گفتوگۆکان، لەنێوان 15 نوێنەری هەریەك لە سێ گروپەکەدا، لەلایەن نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکانهوه بۆ سوریا، گیەر پیدەرسن، بەڕێوەدەبران.
نوسینگەی پیدەرسن رایگەیاند پشتڕاستکردنەوەی بەدەستگەیشتوە دەربارەی ئەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەی سێ ئەندامی لیژنەی دەستوریی سوریا "ئەرێنی بووە بۆ کۆڤید-19".
رایگەیاند هەنگاوی دەستبەجێ نرا "بەگوێرەی پرۆتۆکۆڵی کەمکردنەوەی مەترسیەکان و دۆزینەوەی هەرکەسێك کە دەکرێت پەیوەندی نزیکی لەگەڵ کەسە تووشبووەکان هەبووبێت".
ئەندامانی لیژنەکە تاقیکردنەوەیان بۆ ئەنجامدرا بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشئەوەی گەشتبکەن بۆ جنێف و دووبارە بە گەیشتنیان تاقیکردنەوەیان بۆ کرایەوە.
شاندەکان بەیانی دووشەممە گەیشتنە نەتەوە یەکگرتوەکان لە جنێف بە پۆشینی رووپۆش و پەیڕەوکردنی خۆبەدوورگرتنی کۆمەڵایەتی لە ژووری کۆبوونەوەکەدا.
نوسینگەی پیدەرسن رایگەیاند: "دوای یەکەمین کۆبوونەوەی بنیاتنەرانە، خولی سێیەمی لیژنەی دەستوری لەئێستادا هەڵپەسێردراوە."
باسی لەوە نەکرد کەی سێ کەسەکە تووشی ڤایرۆسەکە بوون، یان سەر بە چ شاندێکیان بوون.
'کردنەوەی دەروازەیهك'
پیدەرسن هەفتەی رابردوو وتی کۆبوونەوەکە دەبینێت به "هەنگاوێکی گرنگ بە ئاراستەی دروستدا" و بەهیوایە ببێتە هۆی "کردنەوەی دەروازەیهك بەسەر پرۆسەیەکی سیاسی بەرفراوانتردا".
سهرجهمی لیژنهكهی رانانی دەستوری پێکهاتووە لە 150 نێردراو کە بهیهكسانی دابەشکراون بەسەر شاندی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن و گروپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا.
بەڵام تەنیا 15 ئەندامی هەریەك لەو گروپانە بەشدارییانكرد لە کۆبوونەوە بچوکەکەی ئەم هەفتەیەدا.
لیژنە دەستوریەکە لە ئەیلولی ساڵی رابردوودا پێكهێنرا و مانگێك دوای ئەوە کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجامدا. دووەم گەڕی گفتوگۆکان، کە بۆ کۆتایی تشرینی دووەم دانرابوون، هەرگیز دەستیانپێنەکرد دوای ناکۆکی لەسەر کارنامەکەی.
لەوکاتەوە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە دواخراون.
نەتەوە یەکگرتوەکان ماوەیەکە هەوڵدەدات چارەسەری سیاسی بۆ شەڕی سوریا بدۆزێتەوە، کە زیاد لە 380,000 کەسی کوشتووە و زیاد لە 11 ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە.
گواستنەوەی سیاسی
رانانی دەستوری بەشێکی سهرهكییه لە پلانی ئاشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سوریا، کە لە بڕیاری 2254 ئەنجومەنی ئاسایشدا دهستنیشانكراوه و لە کانونی یەکەمی 2015 پهیڕهوكرا.
لەئێستادا تەنیا سورییەکان بەشداریدهكهن لە پرۆسەکەدا، بەڵام چاوەڕواندەکرا نوێنەرانی ژمارهیهك وڵات كه لە شەڕەکەوە تێوەگلاون، لەنێویاندا روسیا، ئێران، تورکیا و ئەمریکا، كه ئەم هەفتەیە لە جنێف بن.
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سوریا، جەیمس جێفری، دووشەممە وتی کۆبوونەوەکە "هاندەر بووە" بۆ واشنتۆن.
پێشنیاری ئهوهی کرد كه ژمارهیهك فشار بۆسەر رژێمەکەی سەرۆك بەشار ئەسەد لە نۆ مانگی رابردوودا، لەنێویاندا سزا نوێکانی ئەمریکا و پاشەکشەی سەربازی و قەیرانە قووڵە ئابورییەکان، دەکرێت وای لێبکەن ستراتیژەکانی خۆی بگۆڕێت.
وتی ئەمریکا پەرۆشە "بۆ بەردوامیدان بە فشار تا حکومەتی سوریا و هاوبەشەکانی درك بەوە دەکەن کە چیتر سەرکەوتنی سەربازی بەدەستناهێنن".
وتیشی: "تاکە چارەسەر... پرۆسەیەکی سیاسییە کە سەربکێشێت بۆ گواستنەوەی سیاسی."