ناردنی بەردەوامی نەوت لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڤەنزوێلا کردەوەیەکی نەیارانە و دنەدەرانەیە کە گۆشهگیرخستن و سەختیی ئابوریی ههردوو وڵاتەکە زیاتردهكات، لەکاتێکدا حکومەتی ئەمریکا هۆشداریی سەپاندنی سزای زیاتر دەدات، شرۆڤەکاران وتیان.
ڤەنزوێلا تاڕادەیەکی زۆر بەتەواوی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بەڵام بەرهەمهێنانەکەی کەمتربۆتەوە بۆ نزیکەی چارەکێکی ئاستی 2008 و ئابورییەکەشی بەهۆی قەیرانە داراییە شەش ساڵەکەیەوە رووخاوە.
سزا ئابورییەکانی ئەمریکا لەدژی سەرۆکی رژێمەکە نیکۆلاس مادورۆ وای لە ڤەنزوێلا کردووە، کە پێشتر نەوتی پێویستی بۆ پێداویستییەکانی خۆی دەپاڵاوت، رووبکاتە هاوپەیمانی وەک ئێران بۆ كهمكردنهوهی قەیرانێكی نائومێدكهرانهی بەنزین.
ئێران لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەند تانکەرێکی بۆ ڤەنزوێلا ناردووە. لە ئابدا، چوار بارهەڵگری نەوتی دەستیان بەسەرداگیرا کە بەرەو ڤەنزوێلا دەڕۆیشتن.
ئەمریکا بازرگانی ئێرانی، مەحمود مەدەنیپووری تۆمەتبارکردووە، کە دەوترێت پەیوەندیی هەبووە بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، بۆ رێکخستنی بارە نەوتەکان بۆ ڤەنزوێلا و بە بەکارهێنانی کۆمپانیا رووپۆشهكانی دەرەوە و گواستنەوەی کەشتی-بۆ-کەشتی بۆ خۆلادان له سزاکانی سەر ئێران.
بلومبێرگ له 9 حوزەیران، بە پشتبەستن بە وتەی کەسێکی نزیک لە بابەتەکەوە، رایگەیاند کە لە هەوڵێکدا بۆ بڕینی بازرگانی لە نێوان ئێران و ڤەنزوێلادا، وهزارهتی دارایی ئەمریکا چەند سزایەک ئامادەدەکات بۆسەر 50 تانکەرێكی نەوت و سووتەمەنی.
راشیگەیاند کە کردنەئامانجی تانکەرەکان دەکرێت نیشانەی زیادبوونی هەوڵەکانی ئەمریکا بێت بۆ نەهێشتنی جووڵەی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی پارە لەنێوان ئهو دوو وڵاتەدا، لەکاتێکدا خەریکی پێکهێنانی پەیوەندییەکی تووندوتۆڵن.
بەرپرسانی وهزارهتی دارایی رەتیانکردەوە لێدوان بدهن.
لە 24 حوزەیران، ئەمریکا سزای ئابوریی خستە سەر پێنج کاپتنی کەشتی ئێرانی کە نەوتیان گەیاندبووە ڤەنزوێلا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ وتی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کە ئاڵای ئێرانیان بەسەرەوەیە، کە 1.5 ملیۆن بەرمیل بەنزین و نەوتیان گهیاندۆته ڤەنزوێلا، خرانە لیستی رەشی نوسینگەی چاودێریکردنی سامانەکانی دەرەوەی سەر بە وەزارەتی دارایی.
مادورۆ لەمدواییانەدا سوپاسی سەرۆکی ئێران حەسەن روحانی و سەرکردەی باڵا عەلی خامانەیی كرد بۆ ناردنی نهوت و وتی ڤەنزوێلا "دۆستی باش و بوێری هەیە".
'کردەوەی سەربازیی دنەدەر'
نوسەری ئۆپۆزسیۆن و شرۆڤەکاری سیاسیی ئێرانی، عەلی نەریمانی وتی بەڕێکردنی نەوتهەڵگرە ئێرانییەکان لەلایەن سوپای پاسدارانهوه بۆ ڤەنزوێلا "کردەوەیەکی دنەدەرە کە ئاکامی گەورەی دەبێت".
بە مەشاریقی وت ئێران هاوکاریی ڤەنزوێلا و چەند وڵاتێکی دیکە دەکات "لەکاتێکدا خەڵکی ئێران دووچاری خراپترین دۆخی ئابوری بوونەتەوە، کە لەمەوپێش ئەزموونیان نەکردووە".
وتی: "بارە نەوتەکانی ئێران بۆ ڤەنزوێلا دەبنە هۆی سەپاندنی سزای ئابوری نوێ بەسەر سوپای پاسداراندا، کە پێدەچێت گەلی ئێرانی بەلاوە گرنگ نەبێت کە گەیشتوونەتە لێواری برسیبوون."
بە کارکردن لەگەڵ ئێراندا، مهترسیی داتەپینێکی زیاتری ئابوری ههیه له ڤەنزوێلا -- هاوشێوەی هاوپەیمانەکانی دیکەی تاران، لەنێویاندا رژێمی سوریا و حیزبوڵای لوبنان.
کڕینی نەوتی ئێران دەشبێتە هۆی پشتیوانیی دارایی بۆ چالاکییەکانی سوپای پاسداران -- کە لەلایەن ئەمریکاوە بە گروپێکی تیرۆریستی دادەنرێت.
شرۆڤەکاری سەربازی و ئەفەسەرێكی سەربازیی خانەنشینکراوی لوبنانی، جەمیل ئەبو حەمدان وتی ئێران سوود لەو وڵاتانە دەبینێت کە لە قەیراندان بۆ دزهكردنه نێویان و پەیداکردنی پارە.
بە مەشاریقی وت لە عێراق، یەمەن، سوریا و لوبنان، ئێران سوود لە قەیرانێكی سهختی ئابوری دەبینێت لەڕێی ئەنجامدانی هەڵمەتێکی گەورەی پڕوپاگاندەوه دهربارهی دابینكردنی هەموو جۆرێكی كۆمهكی مرۆیی، لەنێویاندا نەوت و خۆراک.
ئەبو حەمدان وتی ئامێری پڕوپاگەندەی ئێران وایدەردەخات کە ئەو هاوکارییانە بەبێ هیچ مەبەستێک پێشکەشدەکرێن، "لەکاتێکدا لەڕاستیدا لە بەرامبەردا چاوەڕێی هەندێك شت دەکات،" وەک پارە و نفوز.
دەستێوەردان بۆ بەرژەوەندی تایبەت
رۆژنامەوانی سوری، مەحمود عەبدوڵا بە مەشاریقی وت: "ئەگەر دەستوەردانی ئێران لە سوریا نەبوایە، رەنگبوو دۆخەکە ئێستا تەواو جیاواز بووایە."
وتی ئێران لەژێر ناوی پاراستنی شوێنە پیرۆزەکاندا و پاراستن و هاوکاریکردنی گەلی سوریا، دەستوەردانی كرد و "دواتر روونبووهوه کە ئەم دەستوەردانە تەنیا خزمەتی بەرژەوەندیی رژێمی ئێران دەکات".
وتیشی ئێران دەیەوێت لە سوریا باڵادەستبێت "لەڕێی کۆنتڕۆڵکردنی ئابوری و سەرچاوە سروشتییەکانهوه. بۆ هەر قرشێك کە ئێران دەیدات بە سوریا، هەزاران قرش وەردەگرێتەوە".
وتی خۆشی لهو سزایانه لاداوه كه خراونەتە سەری، بە ناردنی بڕێکی زۆر نەوت بۆ سوریا بۆئەوەی پێویستیی سوپای سوریا و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پڕبکاتەوە، "بەڵام دواتر دەرکەوت کە [ئێران] پارەی نەوتەکەی بەشێوەی راستەوخۆ یان بەشێوەی رێکەوتننامەی درێژخایەن، وەرگرتووە".
عەبدوڵا وتی سیناریۆکە لەگەڵ ڤەنزوێلادا دووبارەبۆتهوه.
وتی ئێران پێدەچێت پشتیوانی له ڤەنزوێلا بكات بە نەوت کە زۆر پێویستی پێیەتی، "لەکاتێکدا راستییەکە ئەوەیە سوپای پاسداران پشت بە رێکەوتنی گەورە دەبەستێت بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە داراییهی رووبهڕووی بووهتهوه، لەکاتێکدا ئابوریی ئێران لە لێواری رووخاندایە".