هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كات لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی داعش نزیك تەلەعفەر

خالید تائی

تیمێکی عێراقی گۆڕێکی بەکۆمەڵی قوربانیانی داعش دەپشکنێت لە شاری موسڵ، لە 30 ئازار 2019. [خاوەنی وێنە: ده‌زگای شەهیدانی عێراق]

تیمێکی عێراقی گۆڕێکی بەکۆمەڵی قوربانیانی داعش دەپشکنێت لە شاری موسڵ، لە 30 ئازار 2019. [خاوەنی وێنە: ده‌زگای شەهیدانی عێراق]

لێکۆڵینەوەیەك دەستیپێکرد دەربارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی نزیك شارۆچکەی تەلەعفەر دۆزرایەوە، له‌ خۆرئاوای شاری موسڵ، کە دەوترێت ژمارەیەکی زۆری قوربانیانی ده‌ستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ی تێدایە، بەرپرسێکی عێراقی هەینی (21 شوبات) رایگەیاند.

قائیمقامی تەلەعفەر قاسم محەمەد شەریف بە دیارونای وت: "گۆڕە بەکۆمەڵەکە چاڵێکی زەبەلاحی سروشتیە لە باکوری خۆرئاوای تەلەعفەر بە ئاراستەی ئەو رێگایەی شارۆچکەکە دەبەستێتەوە بە ناوچەی عەیازییەوە."

وتی: "خەڵکی ناوچەکە بەو چاڵە دەڵێن 'بیری عەلو عەنتەر'، بەڵام بەرپرسان بە 'بیری حەمام' ناویدەبەن."

وتیشی: "شایەتحاڵان پشتڕاستیانکردەوە کە لەکاتی داگیرکاریی پارێزگای نەینەوادا لەلایەن داعشەوە، چەکدارانی گروپه‌كه‌ رۆژانە دەهاتنە ئەو شوێنە، یان بە جەستەی قوربانیانیانه‌وه‌ یان ئەو مەدەنیانەی لەوێ لەسێدارەیان دەدان و فڕێیاندەدانە نێو چاڵەکە."

دایکوباوکانی ئێزیدی خه‌ڵكی شاری شەنگال لەسەر ئەو گۆڕانه‌ دەگرین کە جەستەی ئازیزانیانی تێدا دەنێژرێن، كه‌ لەلایەن داعشەوە کوژران. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەرمی فەیسبوکی کۆجۆ]

دایکوباوکانی ئێزیدی خه‌ڵكی شاری شەنگال لەسەر ئەو گۆڕانه‌ دەگرین کە جەستەی ئازیزانیانی تێدا دەنێژرێن، كه‌ لەلایەن داعشەوە کوژران. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەرمی فەیسبوکی کۆجۆ]

وتیشی: "دواتر قوربانیەکانیان دەناشت بە فڕێدانی خۆڵ بۆ سەریان بە شۆفڵێك یان بە تەقاندنەوەی چەند بەشێکی چاڵەکە."

زیاد لە 1,000 قوربانی

شەریف وتی بەگوێرەی راپۆرتی شایەتحاڵان، رەنگە زیاد لە 1,000 قوربانی تێدابێت، نەك تەنیا هی دانیشتوانی تەلەعفەر، بەڵکو ئەگەری زۆرە مەدەنیەکانی موسڵ و شارۆچکەکانی دیکەی نەینەواشی تێدابێت کە دژی ئایدۆلۆژیای گروپە تیرۆریستیەکە بوون.

وتی چاڵەکە دەکرێت جەستەی ئەو هاوڵاتیانەشی تێدابێت کە ئەندامی پێشووی هێزە ئەمنیەکانی داعش و بەرپرسی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بوون و ئاماژەیکرد بەوەی قوربانیەکان لە هەموو پشتخانێكی ئایینی و ئێتنی و ژن و منداڵیشیان تێدایە.

وتیشی ئەو ناوچەیەی گۆڕەکەی تێدایە دابڕێندرابوو بەهۆی بڕێكی زۆر مین و تەقەمەنییەوە لەسەر رێگەی تەلەعفەر-عەیازییە و چەندین خاڵی دیکەی دەوروبەری ناوچەکە.

هه‌روه‌ها وتی: "ئەو کۆمپانیایەی بەرپرسە لە هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین -- ئێم ئەی جی --- بەمدواییانە پێیوتین بەتەواوی ناوچەکەی لە تەقەمەنی پاککردۆتەوە."

وتی به‌ڕێوبه‌رێتی بەرگری شارستانی پێنجشەممە لە تەلەعفەر دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە لە گۆڕەکە، بە هاریکاریی لەگەڵ کارگێڕیی خۆجێی و دەزگا حکومییه‌كان و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان.

شەریف ئاماژەیکرد بەوەی رووماڵێکی سەرەتایی شوێنەکە پشتڕاستی شایەتییه‌كانی شایەتحاڵان دەکاتەوە و هەندێك پاشماوە لەسەر زەوییەکە دیارن.

وتی: "ئەم گۆڕە یەکێکی دیکەیە لە شایەتە زیندووەکانی تاوانە قێزەونەکان کە لەلایەن تیرۆریستانەوە ئەنجامدراون."

ئەوە دووەم گۆڕە کە لەشێوەی چاڵێکی سروشتیدایە و چەکدارانی داعش بەکاریانهێناوە وەك شوێنێك بۆ کوشتن و ناشتنی قوربانیەکانیان.

ئەو گۆڕەی دیکە کە خەڵکی ناوچەکە بە خەفسە ناویدەبەن، لە ناوچەی حەمام عەلیل لە باشوری موسڵ، یەکێکە لە بەدناوترین ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی تا ئەمڕۆ هەڵنەدراونەتەوە، بەجۆرێك خەمڵاندنە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پاشماوەی 25,000 کەسی تێدایە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500