هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

عێراقیەکان هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی پاشماوەی قوربانیانی داعش ده‌ده‌ن

عەلا حسێن لە بەغدا

ئەفسەری عێراقی ئەبوبەکر سامەڕایی سەری بەرزکردەوە چەند ساتێك پێش ئەوەی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) سەریببڕێت لە شوباتی 2017. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

ئەفسەری عێراقی ئەبوبەکر سامەڕایی سەری بەرزکردەوە چەند ساتێك پێش ئەوەی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) سەریببڕێت لە شوباتی 2017. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

لە سێ ساڵی رابردوودا، رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەسەدان عێراقی كوشت لەناوچەكانی ژێردەستی خۆیدا و جەستەکانیانی خستە گۆڕی بەکۆمەڵەوە، کە وایکردووە سەختبێت بۆ خێزانەکانیان دەستنیشانیان بکەن و پاشماوەکانیان دەربهێننەوە.

عیسام تائی دانیشتووی موسڵ بە دیارونای وت وێنەی كوشتنی براکەی خۆی لە ڤیدیۆیەکی داعشدا بینی و کارەساتی مەرگە ناوادە و توندوتیژەکەی سەختتربووە بەهۆی سەختیی دۆزینەوەی جەستەکەیه‌وه‌.

وتی داعش جەستەی ئەوانەی کە دەیکوشتن دەیگواستنەوە بۆ مەیتخانە لە موسڵ بەجۆرێك کە هیچ رێزێکی بۆ مردووەکە تیانەبوو.

وتی دواتر جەستەکان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا دەنێژران "بەبێ حسابکردن بۆ دڵنیابوون لەوەی سەری جەستەکەش لەهەمان گۆڕدا نێژراوە". وتیشی: "بینینی ئەوەی داعش بەوجۆرە بێڕێزی بە جەستەی قوربانیەکان دەکات زۆر بەئازاربوو."

ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی عێراق فازل غەڕاوی بە دیارونای وت کە بەگوێرەی خەمڵاندنە فەرمیەکان لە ئاژانسە تەندروستیەکانی نەینەواوە، 741 جەستەی سەربڕاو لە پارێزگاکە دۆزراونەتەوە.

وتی: "ئەم ئامارە ژمارەی تەواوی قوربانیانی دەستی داعش نیە، چونکە زانیاری فەرمی لەسەر 1,723 قوربانیی ئامێری کوشتاری گروپەکە هەیە."

غەڕاوی وتی ئەمە سەرەڕای ئه‌وه‌ی بەسەدان کەس چارەنوسیان نادیارە و رەنگە بە دەیانیان لە نەینەوا لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژرابن.

گۆڕی بەکۆمەڵی دەستنیشاننەکراو

غەڕاوی وتی راپۆرتی شایەتحاڵەکان و بەڵگەی نافەرمی ئەندامانی هێزە عێراقیەکان ئاماژە بە بوونی گۆڕی بەکۆمەڵی زیاتر دەکەن کە پاشماوەی نەناسراوی سەربڕاو و جەستەی لێکراوەی قوربانیانی داعشیان تێدایە.

روونیکردەوە: "دەستنیشانکردنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەگوێرەی چوارچێوەیەکی یاساییە کە كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و کردنەوەی لێکۆڵینەوە له‌خۆده‌گرێت."

وتی هەرکات لێکۆڵینەوە کرایەوە، بەرپرسان دەتوانن دەستبکەن بە پرۆسەی دەرهێنانەوەی گۆڕەکان و ناسینه‌وه‌ی قوربانیان، تا پاشماوەکانیان بگەڕێندرێتەوە بۆ خێزانەکانیان.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەحمەد رودەینی بە دیارونای وت هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەقۆناغ بەڕێوەدەچێت.

وتی: "سەرەتا راپۆرتێکی فەرمی دەربارەی بوونی شوێنی گۆڕی بەکۆمەڵەكه‌ [دەبێت پێشکەشبکرێت] و ئەمەش پێكهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی ده‌وێت لە وەزارەتەکانی تەندروستی و ناوخۆ و بەرگری."

وتیشی ئەم لیژنەیە بەرپرسە لە دەستنیشانکردنی شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکە.

هه‌روه‌ها وتی دوای ئەوەی ئەوە ئەنجامدرا، تیمێکی پزیشکی دادوەری ئەرکی "دەرهێنانەوەی جەستەکان و بەشێوەیەکی پیشەییانە گەڕاندنەوەیانی هەیە، تا بتوانرێت بگوازرێنەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی پزیشکی دادوەری لە بەغدا".

وتی لەوێ، پشکنینی دی ئێن ئەی ئەنجامدەدرێت.

'تەحەدایەك بۆ حکومەت'

ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری له‌ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حوسامەدین عه‌بار وتی شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دەرهێنانەوە و دەستنیشانکردنی ئەو قوربانیانەی تیایدا نێژراون، "تەحەدایه‌كی بەردەوامە بۆ حکومەت".

عه‌بار بە دیارونای وت هیچ یاسایەکی نوێکراوە نیە بۆ کێشەی ونبووەکان و دەستنیشانکردنی تاکەکان.

وتی: "تاکە چوارچێوەی یاسایی، یاسایەکی کۆنە کە رێ بە خێزانەکان دەدات بڕوانامەی مردن بەدەستبهێنن بۆ ونبووەکانیان ئەگەر چارەنوسیان بەنادیاری مایەوە و جەستەیان بۆ ماوەی چوار ساڵ دیارنەبوو دوای ئەوەی راپۆرت لەبارەی ونبوونیانەوە درا."

عه‌بار داوای پشتگیریی نێودەوڵەتی کرد بۆ پاڵپشتیكردنی عێراق بۆ جێبەجێکردن و خێراکردنی پرۆسەی دەرهێنانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئاماژه‌شیكرد بەوەی ئەمە کێشەیەکی مرۆییە.

وتی زۆر قوربانی چاوەڕێی دۆزینەوەن لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدا كه‌ هێشتا هه‌ڵنه‌دراونه‌ته‌وه‌ لەتەواوی پارێزگای نەینەوادا.

لەمانەششوێنێك نزیكی موسڵ كه‌ ناسراوە بە خەفسه‌، کە پێده‌چێت داعش سەدان کەسی له‌وێ كوشتبێت و جەستەکانیانی فڕێدابێته‌ ناوی، بەگوێرەی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی.

لە راپۆرتێكیدا له‌ ئازاری 2017، رێکخراوەکە رایگەیاند لە چەندین شایەتحاڵەوە زانیویەتی کە جەستەی کوژراوەکان، لەنێویاندا سەربازانی عێراقی، فڕێدراونەتە ناو چاڵێکی سروشتیی هەشت کیلۆمەترییەوە لە باشوری خۆرئاوای موسڵ.

دانیشتوانی ناوچەکە وتیان پێش ئەوەی لە ناوچەکە بکشێتەوە لە ناوەڕاستی شوباتدا، داعش بۆمبی دەستکردی لەو ناوچەیە چاند.

جێگری بەڕێوەبەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی رێکخراوەكه‌ لاما فاكیح وتی: "ئەم گۆڕە بەکۆمەڵە رەمزێکی قێزەونی هەڵسوکەوتی دڕندانە و قێزەونانەی داعشە - تاوانێك بە قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500