گەنجان لە غوتەی رۆژهەڵات، مۆڵگەی پێشتری ئۆپۆزسیۆن، له دهرهوهی دیمهشق، تا دێت دەکەونە ژێر چاودێری لەلایەن رژێمی سوریاوه، سەرباری بەڵێنەکانی دابوونی لەو رێکەوتنانهی ئاشتەواییدا كه دواجار کۆتاییان بە شەڕ هێنا لەو شوێنە.
چالاکوانان و دانیشتووانی ناوخۆ وتیان ئەوانەی پێشتر چەکداری ئۆپۆزسیۆن بوون چەکیان دانا لەبەرامبەر گهرەنتی ئەوەی کە دەستگیرنەکرێن، بەڵام رژێم دەستیکردووە بە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ گەنجەکان.
چالاکوانی غوتە محەمەد بیك بە دیارونای وت بەڕێوبەرێتی هەواڵگریی هێزی ئاسمانی رژێمی سوریا لیستێكی دەکردووە و ناوی چەندین گەنجی دەرەوەی دیمەشقی تێدایە.
بیك وتی لیستەکە چووە بۆ یەکە سەربازییەکان و دەزگاکانی حکومەت و موختارەکان و بازگەکان، کە فەرمان بە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی رژێم دەکات بچن بۆ دەستگیرکردنیان.
وتی ئهو گهنجانهی ناویان لە لیستەکەدا هاتووە، كه خەڵكی ناوچهكانی وەك غوتەی رۆژهەڵات و حەرەستان، دەبوایە رێکەوتنەکەی ئاشتەوایی بیگرتنایەتەوە.
جگه لەوەش، وتی ژمارەیەکی زۆریان خزێنراونهته ریزەکانی فیرقەی چواری سوپای سوریا و میلیشیا ناوخۆییەکانی سەر بە رژێـمهوه و هەندێكیشان نێردران بۆ ئیدلیب تا بەشداریبكهن له شەڕەکاندا.
وتی بڵاوبوونەوەی لیستەکە بۆته مایەی شپرەزەبوون و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه چەندین گەنج کە بەزۆرەملێ خراونەتە ناو هێزەکانی رژێمەوە لە یەکەکانیان هەڵهاتوون دوای بیستنی هەواڵەکە.
وتیشی: "هەمووان لە زیادبوونی بارگرژییەکان دەترسن لەگەڵ ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەوەی لە دەرعا روویدا."
پارێزگای دەرعا لە باشور لەمدواییانەدا شەپۆلیك رێپێوانی بەخۆوە بینی بەهۆی توڕەیی جەماوەرهوه لە رژێـم، دوای ئەوەی رەشبگیری گەنجان لە ناوچەکە ئەنجامدرا.
دوای زیادبوونی بارگرژییەکان ژمارەیەك سەربازی رژێـم کوژران و بریندارکران لە هێرشی چەکداریدا بۆ سەر پێگە و بازگەکانیان.
بەڵێنە شکێنراوەکان
خوێندکار لە زانکۆی دیمەشق، موحسین نەقری بە دیارونای وت رژێمی سوریا بەڵێنەکەی خۆی نەبردەسەر کە لەکاتی دانوستانی ئاشتەواییدا دابووی و بووە هۆی چەککردن و نەمانی گروپە چەکدارەکان.
وتی جگە لە رەشبگیری، بەگشتی ئاسایش و سهقامگیری بوونیان نییه و ژێرخانه گرنگهكانیش نۆژهننهكراونهتهوه.
وتیشی: "ئەمە بارێکی زۆر گرانه بەسهر دانیشتووانە ناوخۆییەکەوە کە ناچاركراون به کڕینی کارەبای مۆلیدە و ئاوی خواردنەوە."
وتی نرخی بەرزی خواردن و پێداویستی سەرەتایی وەك خۆیانن و رژێمی سوریاش "هیچ دەسوەردان ناکات تا رێبگرێت لە بازرگانەکان کڕیارە مەدەنییەکان نهكهنه نێچیر".
نەقری وتی پارەیەکی زۆری داوە بە حکومەت تا پارێزراوبێت لەکاتی گەشتەکەیدا بۆ دیمەشق و گەڕانەوە بۆ خوێندنی له زانکۆ دوای چوارساڵ بێبەریبوون بەهۆی رەوشی ئەمنییەوە.
قوتابخانەکان بە داخراوی ماونەتەوە
مامۆستا ئەدهەم شەریف کە پێشتر چالاکوانی بواری میدیا بووە، وتی زۆربەی قوتابخانەکانی ناوچەکانی دەرەوەی دیمەشق بە داخراوی ماونەتەوە سەرباری بەڵێنەکانی حکومەت کە بە زووترین کات قوتابخانەکان بکاتەوە.
بە دیارونای وت: "هەندێك لە قوتابخانەکان چاکنەکراونەتەوە دوای ئەوەی وێرانببوون بەهۆی شەڕەکەوە." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه تەنانەت ئەو قوتابخانانەی نۆژەنکردنەوەیەکی زۆر سەرەتاییان پێویستە هێشتا دەستکاری نەکراون.
وتی وەزارەتی کارەبا رەتیکردۆتەوە کارەبا بۆ چەند قوتابخانەیەك بگەڕێنێتەوە، بە بەهانەی ئەوەی دەبێت پارەی ئەو کارەبایە بدرێت کە قەرزارن و نەدراوە لەکاتی شهڕدا.
شەریف وتی ژمارەیەکی کەم لە قوتابخانەکان کراونەتەوە بەڵام کتێب و پێداویستی سەرەتایی پەروەردە لهبهردهستدا نین، موچەش بۆ ئەوانەی نوێن کەمترە لە 16,000 لیرەی سوری (31 دولار).
وتیشی موچەی ئەوانەی پێشتر دامەزراون ناگاتە 40,000 لیره (77 دۆلار)، کە بەشی چەند رۆژیکی ژیانی خێزانێك ناکات چونکە نرخی دراو شکاوە و نرخی کاڵا یهكجار بهرزبووهتهوه.