سەندیکایەکی پزیشکانی ناوخۆیی ناوچەی غوتەی رۆژهەڵاتی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن بەیاننامەیەکیان دەرکردووە و تیایدا داوای هاوکاری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە مرۆییەکان دەکەن دوای چەندین هێرشی ئاسمانی لەلایەن رژێمی سوریاوە.
بەیاننامەکەی چوارشەممە (7 شوبات) کە لەلایەن پزیشکانی سوریای ئازاد و ئیدارەی ناوخۆی رۆژهەڵاتی غوتەوە دەرکرا داوای "دەستێوەردانی راستەوخۆ و دهستبهجێی كرد بۆ نەهێشتنی ئازاری مەدەنیەکان."
هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گروپە کۆمەكبەخشەکان کرد فشار بخەنەسەر رژێمی سوریا "بۆ لابردنی گەمارۆ و رێدان بە گەیاندنی دەرمان و خواردن."
بەگوێرهی بەیاننامەکە، پێنج ئەندام لە کادرە تەندروستیەکان کوژراون بەهۆی ئەو شەڕەوه كه پهرهیسهندووه لە ناوچەکەی دەرەوەی دیمەشق و پێنچشەممە پێینایە رۆژی چوارەمەوە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگهیاند لانیکەم 58 مەدەنی لە غوتەی رۆژهەڵات کوژران پێنجشەممە بە هۆی هێرشە ئاسمانیە چڕەکانی رژێمەوە.
سەرۆکی روانەگەکە رامی عەبدولڕەحمان وتی هێرشە ئاسمانیەکان لانیکەم لە شەش شوێنی جیاوازیان داوە لە ناوچە گەمارۆدراوەکەدا.
زۆرترین ژمارەی قوربانی لە شارۆچکەی جسرهین بوو كه هەشت مەدەنی لەوێ کوژران و دوو منداڵ و ژنێکیش لە شارۆچکەی سەقبە کوژران.
بهگوێرهی ئاماره نوێكانی روانگەکە بۆردومانهكهی رژێم 38 مەدەنی کوشت چوارشەممە، لهكاتێكدا سێشەمەش 80 مەدەنی لە هێرشی ئاسمانیدا کوژرابوون.
'رەوشێکی پزیشكیی تراژیدی'
دکتۆر حەنان ئیبراهیم، ئەندامێکی سەندیکاکە لە غوتەی رۆژهەڵات، بە دیارونای وت پێویست بوو داوا لە رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیەکان بکەن بۆ هاوکاری بەهۆی رەوشە تراژیدیە پزیشكییهكهی غوتەوە.
ناوبراو هۆشداریدا: "ئەگەر بۆردومانەکە بەردەوامبێت بەم چڕییە هەموو ئۆپەراسیۆنە پزیشكییهكان دەوەستن بەهۆی نەبوونی پێداویستیەکانی فریاکەوتنی خێراوه کە پێویستن بۆ نەشتەرگەریە خێراکان."
وتی زۆربەی دەرمانە پێویستەکان بۆ ئهو نەخۆشانهی نەخۆشیەکانیان چارەسەری نیه، لەبەردەستدا نەماون و ئەمەش هۆکاری مردنەکانی ئەم دواییانەیە، بەتایبەتی لەناو ساوایان و منداڵاندا.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجامدا بۆ شرۆڤەکردنی داوایەکی بەرپرسانی هاوکاریەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ئاگربەستێکی مرۆیی یهك مانگە لە سوریا.
سوید و کوێت چوارشەممە داوای کۆبوونەوەکەیان کردبوو.
یەکێك لە بەرپرسانی هاوئاهەنگیە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە سوریا، پانۆس مومتزیس، داوای ئاگربەستێكی یهك مانگەی کردووە بۆ ئەوەی قافڵەکان بگەنە مەدەنیەکان لە غوتەی رۆژهەڵات.
باڵوێزی سوید ئولوف سکوگ وتی: "ئێمە بەتایبەتی نیگەرانین لەسەر هێرشهكانی دژ به مەدەنیەکان و ئەوانەی بۆسهر شوێنه مەدەنیەکان ئەنجامدەدرێن وەك نەخۆشخانەکان. ئەم هێرشانە ئازاری مەدەنیەکان قوڵتردەکهنەوە و بوونەتە هۆی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی دیکە."
وتیشی: "ئاگربەستێکی مرۆیی دهتوانێت رێبدات به گهیاندنی ئهو هاوکارییانهی دهتوانن ژیانی هاولاتیان بپارێزن لەگەڵ گواستنهوهی سەدان لەو نەخۆشانەی پێویستیان بە وەرگرتنی چارەسەری خێرای پزیشكی هەیە."
مەدەنیەکان لەژێر گولەباراندان
غوتەی رۆژهەڵات چوار ساڵە لە ژێر گەمارۆی رژێمدایە و بۆردومانەکان کە مانگێك لەمەوبەر دەستیانپێکرد ئەم هەفەتەیە چڕتربوونهتهوه.
نزیکەی 400،000 کەس لەژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردا دەژین و دەستگەیشتن بە خواردن و دەرمانیش خەریکە ئەستەم دەبێت.
چالاکوان محەمەد بێك بە دیارونای وت بۆردومانە چڕەکە گهڕهكهكانی کردۆتە ئامانج لەگەڵ بازاڕە قەرەباڵغەکانی عەربین، دوما، حامورییە و بێت سەوا لەگەڵ حەرەستا و زەمالکە.
وتیشی بۆردومانهكە بۆ ماوەیەك دەوەستێت و "ههر کە مەدەنیەکان دێنەدەرەوە لە ژێرزەمینەکان و حەشارگەکان بۆ ئەوەی پێداویستەکانی خواردن بکڕن، بۆردومانه ئاسمانیهكان دهستپدهكهنهوه".