ئەمریکا پێنجشەممە (18 تەمموز) سزای سەپاند بەسەر دوو سەرکردەی میلیشیا و دوو پارێزگاری پێشوو لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵی.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا وتی سزاکان ئەو موڵکانەی کردۆتە ئامانج کە ئەو کەسانە خاوەنین یان قازانجیان هەیە لە هەر شتێك کە لە ئەمریکا یان لەژێر کۆنترۆڵی "کەسێكی ئەمریکییە" لەگەڵ "هەر پێکهاتهیەکی" ئابووری کە لە سەدا 50% ی ئەوانی تیادایە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی پارێزگاری پێشووی پارێزگای سەڵاحەدینی عێراق ئەحمەد جبوری کە ئێستا ئەندام پەرلەمانە، لەسەر گەندەڵی سزای بەسەردا سەپێنراوە و "زانراویشە کە رێگەی خۆشکردووە بۆ هەوادارنی ئێرانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی".
بەیاننامەکە وتی پارێزگاری پێشووی نەینەوا نەوفەل حەمادی سوڵتان ناسراو بە نەوفەل عەکوب تۆمەتبارە بە بەرتیلدان، قازانجكردن و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و کەمتەرخەمی.
پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بە دەرکردنی عەکوب دوای کارەساتی بهلهمهكهی موسڵ کە لە ئازاردا سەرەوژێرکەوت وبووە هۆی مردنی 100 هاوڵاتی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
کۆمسیۆنی دەستپاکی دژ بە گەندەڵی له عێراق سەرەتای ئەمساڵ وتی بەرپرسانی "نزیك عەکوب"64 ملیۆن دۆلاریان لە سامانی گشتی بردووە.
'ئەمریکا دەستەوەسان نابێت'
سزاکانی ئەمریکا دوو سەرکردەی میلیشیاکانیشی گرتەوە -- رایان کلدانی و وەعد قادو -- کە تۆمەتبارن بە بەشداربوونی راستەخۆ و ناڕاستەوخۆیان "لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەشێوەیەکی مەترسیدار".
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا وتی کلدانی سەرۆکی میلیشیای بزووتنەوەی بابلە. لە ئایاری 2018 دا ڤیدیۆیەك بڵاوبۆوە تیایدا کلدانی دەرکەوت گوێی یەکێك لە دەستگیرکراوەکان دەبڕێت.
وتیشی هێزەکانی کلدانی "بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو ماڵیان تاڵانكردووە" و "بە پێی راپۆرتە هەواڵییەکان بە نایاساییانە دەستیانگرتووە بەسەر زەوی کشتوکاڵیدا و فرۆشتوویانە".
کلدانی تۆمەتباریشە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، چاوترساندن و ئیبتیزازكردن و هەراسانکردنی ژنان، بە نایاسایی دەستگرتن بەسەر موڵكی تایبەت و فرۆشتنی لەگەڵ رێگرتن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ دەشتی نەینەوا.
میلیشیاکەی قادو، لیوای 30، بە هەمانشێوە "پارەی لە دانیشتوانی بەرتەلە سەندووە لە دەشتی نەینەوا وەك سهرانه، بە نایاسایی دەستگیرکردنیان ئەنجامداوە لەگەڵ رفاندن"، هەروەها "زۆرجار خەڵكیان بەندکردووە بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن یان بە فەرمانی دەستگیرکردنی ساختە".
پێنجشەمە جێگری سەرۆكی ئەمریکا مایك پێنس وتی ئەمریکا "دەستەوەسان نابێت لەکاتێکدا میلیشیاکانی سەر بە ئێران تۆقاندن بڵاودەکەنەوە".
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەش بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت پێنس مەبەستی کلدانی و قادو بووە، وتیشی : "ئەو دوو میلیشیا جیاوازە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن".
بەرپرس لە وەزارەتی گەنجینە بۆ کاروباری تیرۆریزم و هەواڵگری دارایی سیگەل ماندێلکەر وتی ئەمریکا "بەردەوام دەبێت لە لێپرسینەوە لەو کەسانەی پەیوەدنیان هەیە بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ بەشێوەیەکی مەترسیدار، وەك چەوساندنەوەی کەمینە ئاینییەکان، هەروەها ئەو بەرپرسە گەندەڵانەی شوێنەکانیان کە جێگای متمانەی گشتییە دەقۆزنەوە بۆ گیرفانیان و دەسەڵاتیان زیاددەکەن لەسەر حسابی هاونیشتمانانیان."
'وەڵامی پێویست'
شرۆڤەکاری سیاسی و ئەندام پەرلەمانی پێشووی عێراق تەها لەهەیبی وتی خستنی ئەو کەسانە بۆ ناو لیستی سزادراوان "هەنگاوێکی باشە" بۆ وەلانانی کارە بەدەکانی کەسایەتییە گەندەڵەکانی عێراق کە هەواداری ئێرانن.
رۆژی هەینی بە دیارونای وت: "پشتگیری بڕیاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەکەین و وەك وەڵامێکی پێویست دەیبینین بۆ ئەو تاوانانەی چەکدارەکانی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامیانداون دژ بە خەڵكی بێتاوان."
وتی ئەو میلیشیایانە "پێشێلکاری قێزەونیان" ئەنجامداوە دژ بە هاونیشتمانیان و دەستدرێژیان کردۆتە سەر موڵکەکانیان.
لەهیبی وتی سزاکانی ئەمریکا بەربەستیش دەخاتە بەردەم کەسە گەندەڵەکان، ئەوەش "رێگایەکی کاریگەرە بۆ پاراستنی سەروەتی عیراقییەکان لە دز و گەندەڵەکان".
لەهیبی داوای سەپاندنی سزای کرد بەسەر سەرکردەی دیکەی میلیشیا عێراقیەکانی سەر بە ئێران، لەگەڵ ئەوەی ئەو ناوزەدیکرد بە "جانەوەری گەندەڵ" کە "بە دەیان ملیۆن دۆلاری پارەی خەڵکی عێراقیان بهههدهرداوه و گەنجینەی دەوڵەتیان بەتاڵکردۆتەوە".
بڕیارەکەی ئەمریکا پشتگیریی شەقامی عێراقیشی بەدواداهات.
دانیشتووی بەغدا نەبیل دولەیمی بە دیارونای وت: "بڕیارێکی دروستە و چەقۆیەکی دیکەیە بۆ سەر دڵی ئەو میلیشیایانەی چەندین تاوانیان ئەنجامداوە دژی خەڵکی عێراق."
ئەو پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ ئەو سزایانەی "ئەو کەسانە دهکاتە ئامانج کە بەشدارن لە دزینی سەرچاوەکانی وڵات، برسیکردنی خەڵکی عێراق و لاوازكردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان".
وتیشی ئەم کەسایەتیانە تەنیا هەوڵی پێشخستنی بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان دەدەن.
كارێكی زۆر باشه! تهنانهت خهڵك له پۆسته باڵاكانیشدا كهمێك دهترسن و كهمێك گهندهڵییهكهیان رادهگرن. گهندهڵی عێراقی وێرانكردووه. هۆكارهكه خهڵكهكهن چونكه ههموو شتێك پهسهند دهكهن. ئهمهش چونكه ماندوون و برسین و خهڵكی گهندهڵن كه لهسهر گهندهڵی دهژین و پهسهندی دهكهن. تهنها خهڵك دهتوانن گۆڕانكاری بكهن.
وهڵام بدهرهوهئهوهی راسته راسته! سامانی ئهم وڵاته وهك ژههر وایه بۆ ههركهسێك كه بهناحهق دهیبات تهنانهت ئهگهر له نزمترین ئاستهكانی ئهم وڵاتهدا بن.
وهڵام بدهرهوه2 كۆمێنت