ئەو ژنە ئێزدییانەی لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)هوە رفێنرابوون و لاقەکرابوون و منداڵیان لێیان بووە لەئێستادا تووشی بەڵایەکی دیکە بوون.
ئەو دایکانە -- ژنانی ئێزدیی خەڵکی قەزای شەنگالی عێراق کە هێنران بۆ سوریا دوای ئەوەی رفێنران -- لەئێستادا ناچاردەکرێن واز لە منداڵەکانیان بهێنن لە سوریا تا بگەڕێنەوە بۆ نێو ماڵ و خێزانی خۆیان.
ئەمەش لەبەرئەوەی ئێزدییەکان ئەو منداڵانە پهسهندناکەن کە باوکیان ئەندامی تائیفەیەکی دەرەوەی کۆمەڵگەی خۆیانە.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای رۆحیی ئێزدی، حازم تەحسین سەعید لە نیسان گۆڕانکارییەکی گەورەی راگەیاند، بە فەرمانێك بۆ "پهسهندکردنی تەواوی رزگاربووانی (تاوانەکانی داعش) و بایەخدان بەوەی بەسەریان هاتووە و روویداوە لێیان بەپێچەوانەی ویستی خۆیان".
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه ئەمە لەلایەن چالاکوانانی ئێزدییەوە بە "مێژوویی" لەقەڵەمدرا، کە وا لێی تێگەیشتن مەبەست لێی رێگەدان بێت بە منداڵانی بەرهەمی لاقەکردن تا لەنێو كهسوكاره ئێزدییەکانیاندا بژین.
بەڵام لە 27 نیسان، ئەنجومەنەکە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە بەوەی بڕیارەکە "ئەو منداڵانە ناگرێتەوە كه بە لاقەکردن لەدایکبوون، بەڵکو تەنیا ئەو منداڵانەی لە دایك و باوکێکی ئێزدی لەدایکبوون".
ماوەیەکی درێژ کۆمەڵگەی ئێزدی هەر ژنێك کە لە دەرەوەی تائیفەکەی خۆی هاوسەرگیری بکردایە بە هەڵگەڕاوە لە ئایینی ئێزدی دادەنا، سەرەتا ئەوانەشی دەگرتەوە کە داعش هێرشی کردنە سەر لە 2014.
بەڵام ساڵێك دواتر سەرکردەی رۆحیی ئێزدییەکان باباشێخ بڕیارێکی دهركرد بۆ پێشوازیکردن لەو ژنانە بۆ ماڵهكانی خۆیان، بەبێ دیاریکردنی چارەنوسی منداڵەکانیان.
بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی کێشەکەش، یاسای عێراقی داوادەکات ئەو منداڵەی باوکی موسڵمان بێت بە موسڵمان تۆماربکرێت، جا تائیفەی دایکی هەرشتێك بێت -- یاسایەك کە زۆر جێگەی مشتومڕە لە کۆمەڵگەی ئێزیدیدا.
سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح لە نیسان پێشنیازی یاسایەکی بۆ پەرلەمان کرد بۆ قهرهبووكردنهوهی ئهو ژنە ئێزیدییانهی له تاوانەکانی داعش رزگاریان بووه و دامهزراندنی دادگایەك بۆ روونکردنەوەی كێشهكانی "باری مەدەنی" لەمشێوەیە.
نهبوونی یاسایهكی شیاو
پەرلەمانتارێكی عێراقی، سائیب خدر کە نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی ئێزدی دەکات لە پەرلەمان، وتی یاسای باری کەسێتی عێراقی و یاسای کارتی ناسنامەی نیشتمانی "هەر منداڵێك کە باوکی دیار نەبێت یان موسڵمان بێت بە موسڵمان لەقەڵەمدەدات".
خدر بە دیارونای وت ئەمە "مانای ئهوهیه كه بەگوێرەی یاسا هەموو ئەو منداڵانەی لە لاقەکردنی ژنانی ئێزدییەوە لەدایکبوون بە موسڵمان تۆماردەکرێن".
وتی ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ کەمینە ئایینیەکانی عێراق، لەنێویاندا مەسیحی و سائیبەکان، کە دەبێت پۆلینکاریی منداڵەکانیان وەك موسڵمان پهسهندبكهن گەر دۆخەکە رێگربوو لە دیاریکردنی ناسنامەی باوکی منداڵەکە.
وتی لە هەوڵداندا بۆ تاووتوێکردنی ئهم کێشە مرۆییهی چارەنوسی ئهو منداڵانهی له قوربانیانی لاقەکراوی ئێزدی لهدایكبوون، "رووبەڕووی کێشەیەکی یاسایی دەبینەوە، کە سەردەکێشێت بۆ پێکدادان لەنێوان کێشە یاسایی و مرۆییهكاندا".
بەڕێوبەری گشتی بهڕێوبهرێتی کاروباری ئێزدییەکان، شیروان معاویە بە دیارونای وت قەیرانەکە "قووڵە و پێویستە رێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەستێوەردان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە".
وتی کێشەکە ئەوەیە ئێزدییەکان هیچ منداڵێك پهسهندناکەن کە دایكوباوکیان ئێزدی نەبێت، لەکاتێکدا یاسا دەخوازێت ئەم منداڵانە بە موسڵمان تۆماربکرێن.
یاسای عێراقی گهرەنتی مافەکان دەکات
بەگوێرەی فازل غەڕاوی کە ئەندامی کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای مافەکانی مرۆڤە، هەرچەندە لەجۆرێك لە کێشەی یاساییدان، ئەم منداڵانە هێشتا مافیان هەیە.
بە دیارونای وت كه دەوڵەتی عێراق "ئەم منداڵانە لەخۆدەگرێت و هاوڵاتیبوونیان پێدەبەخشێت و هەموو مافە یاساییەکانیان وەك هاوڵاتی عێراقی هەیە، بێ حسابکردن بۆ لایەنگریی تائیفییان".
وتی: "یاسای عێراقی مافی هاوڵاتیبوون بە مافی خوێن دیاریدەکات، بۆیە ژنانی لاقەکراوی [ئێزدی] دەتوانن بڕۆن بۆ بهڕێوبهرێتییه پەیوەستەکانی دەوڵەت بۆ سەلماندنی دایکوباوکایەتی منداڵەکانیان تا بتوانرێت مافی هاوڵاتیبوونی عێراقییان پێبدرێت."
وتی ئەم منداڵانە مافی تەواوی یاساییان پێدهدرێت بۆ پەروەردە و چاودێریی تەندروستی و مافەکانی تریش، وەك هەموو هاوڵاتیانی دیکەی عێراقی و "ئەمە رەهەندی سەرەکی کەیسەکەیە کاتێك ململانێ لەسەر لایەنگریی تائیفییان چارەسەرکرا".